127 ساڵ لەمەوبەر هەردوو برا میقداد مەدحەت بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەدرخان، لە تاراوگەو دوور لە ستەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی، رۆژنامەی كوردستانیان دەركرد و لەگەڵ یەكەم ژمارەشدا، میقداد مەدحەت مژدەی هەڵهاتنی رۆژێكی نوێی بە گەلی كوردستان داو گوتی، ناكرێت شەش ملیۆن كورد رۆژنامەیەكیان نەبێت، دوای سەد و بیست و حەوت ساڵ، رۆژنامەگەری كوردی هێشتا لە خولگەی پەیامی سیاسیدا دەخولێتەوە و نەبوەتە رۆژنامەی گەیاندنی هەواڵی گشتی، لەگەڵ ئەوەشدا بە درێژایی سەت و بیست و حەوت ساڵ، رۆژنامەگەری كوردی و زمانی كوردی و گەلی كورد لەبەردەم هەڕەشە و سڕینەوەدا بووە، مێژووی رۆژنامەگەری كوردی لە كەركوك مێژوویەكی پڕ كەندو لەندو هەڵچوون و داچوونە، لە هەندێك قۆناغدا دەستبردن بۆ كاری رۆژنامەگەری لەو شارە، وەك دەستبردن بووە بۆ ئاگر، لەگەڵ ئەوەشدا لە دوو قۆناغدا، رۆژنامەگەری كوردی لە كەركوك گەشانەوەی بە خۆیەوە بینیوە، قۆناغی یەكەم دوای كۆتاییهاتنی سەردەمی پاشایەتی لە عیراق و هاتنی عەبدولكەریم قاسم بۆ سەر دەسەڵات، گەرچی ئەم قۆناغە زۆری نەخایاندو یەك دوو ساڵ پاشتر ئازادی كۆت و بەند كراو دواتریش قەومەچی عەرەب جڵەوی دەسەڵاتی گرتەدەست، قۆناغی دووەمیش دوای كەوتنی بتەكە بوو لە 2003، نابێت ئەوەشمان بیر بچێت كە چ سەروەختی رێكەوتنی ئاشتی نێوان یەكێتی و حكومەتی عیراقی 1985، چ چەند رۆژی ئازادی 1991 بە دوای خۆیدا جۆرێك لە میدیای كوردی كەركوكی خستەگەڕ، كە ئەمەیان پێویستی بە توێژینەوەو ڤەكۆڵینی زۆرە، ئەوە جگە لە رۆژنامەگەری نهێنی ئەو شارە.
دوای ساڵی 2003 لە كەركوك بزووتنەوەیەكی رۆشنبیری و راگەیاندنی فرە دەستی پێكردو لە ماوەیەكی كەمدا، چەندین رۆژنامەو گۆڤار هاتنە وەشاندن، گۆڤاری نەوشەفەق، كەركوك، دواتر بانەڕۆژ، دۆز و گۆڤارگەلی دیكە، كە هەندێك یان زۆربەیان لەلایەن حزب و دەزگاگەلی حزبەوە پاڵپشتی دەكران لە كەركوك، بڵاوكرانەوە، ئەوە جگە لە رۆژنامەو هەفتەنامەی باسەڕە، كەركوكی ئەمڕۆ، كۆپرلو، هەواڵ و کەرکوکی نوێ و راستی، هەتا دوایی بەشێك لەم رۆژنامانەش بە هۆی ئەوەی حزب و دەزگاگەلی حزبی ئامادە نەبوون تاسەر پاڵپشتیان بن، ئەوانیش نەیانتوانی درێژە بە بڵاوكردنەوەی خۆیان بدەن، ئێستا لە هەر كات زیاتر، كەركوك پێویستی بە رۆژنامە یان گۆڤارێكی كوردی پڕ تیراژو بایەخدار هەیە، راستە لێرەو لەوێ هەندێكجار كە مەوداكەی دیار نییە گۆڤار و بڵاوكراوە دەردەچن، بەڵام ئەوە نەیتوانیوە كاریگەری هەبێت، من كاتی خۆی بۆ ئەوەی برەو بە بڵاوكردنەوەی كتێب و رۆژنامەو گۆڤار بدەم لە كەركوك، داوایەكم بۆ كردنەوەی بیست و چوار كۆشك یان كەمتر لەو ژمارەیە خستەبەردەم شارەوانی و عەبدولڕەحمان مستەفای پارێزگاری ئەو دەم، هەڵبەت لە بەغداش رەزامەندی گەڕایەوەو داواكرا شارەوانی لە گەڕەكە جیاجیاكان، شوێنی كۆشك دیاری بكات، بەلام نەكرا، تا ئێستاش من نووسراوەكەم لایە، بەو ئومێدەی عەگیدێك رۆژنامەگەری و زمانی كوردی لەو شارە بگەشێنێتەوە.