کەرکوکیانە

كەركوك و ژینگە

10:14 - 2025-04-29
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
62 خوێندراوەتەوە

ئێستا بابەتی ژینگە لەسەر ئاستی دنیا جێی باسی شارەزایان و ژینگە ناسانە، كە دەڵێم ژینگە ناس روونتر مەبەستم ئەوانەیە كە لە خەمی بڕینەوەی دارێك تەنانەت كوشتنی مارێك دان، قسە لەسەر دڕندەیی و بڕندەی نییە، قسە لەسەر دەستنەبردنە بۆ سروشت، كاتێك ژینگە پیس دەبێت ئاژەڵ و پەلەوەر دەمرن، تای خوێن بەربوون بڵاودەبێتەوە، ترس و نیگەرانی و دڵەڕاوكە پەرەدەسێنن، ژینگە ماڵە گەورەكەی هەموومانە، من زۆرجار دەڵێم سەیرە مرۆڤ پێیوایە تەنها ئەوە ماڵی ئەوە كە تێیدا دەژێت و تاپۆكەی لە گیرفانیدایە، یان رەنگە كرێچیش بێت، كەچی گوندەكەی، شارەكەی، نیشتمانەكەی بە ماڵی خۆی نازانێت، ئەمەش نیشانەی ئەوپەڕی ناهۆشیارییە، كە بەجارێ‌ بەهۆی پیسبوونی چەمی خاسەوە زیاتر لە 200 گامێش مردار دەبنەوە، كە تای خوێن بەربوون دەكەوێتە گیانی خەڵك، خۆپارێزی كارێكی گرنگە، لێ‌ هەر ئەوە بەس نییە، نوكتەیەك هەیە سەبارەت بە فرۆشیاری رۆژهەڵات، دەڵێن پێڵاو دەخەنە جامخانەوە و گۆشت لەو گۆڕەی دادەنێن، لەو كەركوكە بەبەردەم گۆشت فرۆشدا تێپەڕیوم «مێش بە مێشی دەگوت بالەك»، خۆ هەر شێخ رەزای تاڵەبانی موبالەغە ناكات، خەڵكی تریش هەن .
ژینگەی كەركوك پیسە، ئەمە كەڵەكەبووی دەیان ساڵە، لەسەر پردی خەبات یان هەر پردێكی دیكەوە سەیری خوارەوە بكە، بەزەیت بەو شارەدا دێتەوە، ئاخر كەناری خاسە و رووبارەكە دەكرێت بكرێتە شوێنێكی زۆر گەشتیاری و جوان، ئازایەتی ئەوە نییە خێرا گەڵابەیەك بلۆك بخەیت و دیوارێك قوت بكەیتەوە، ئازایەتی ئەوەیە دوو نەمام لێبدەیت و نەهێڵیت وشك بن، لە كەركوك زۆر بابەت پێویستی بە رێكخستنە، كوشتارگەی ئاژەڵان، رێكخستنەوەی دوكانەكان، ئازادكردنی شۆستەكان، من باوەڕی تەواوم بە باج و سزای پارەیە، لەو رۆژانەدا رێبوار تەهام بینی بە ئۆتۆمبیلەكەی خۆی دەگەڕاو گازی دوكاندارەكانی دەكرد بۆ پاك و خاوێنی، من لام وایە ئەمە پێویستی بە سزایە نەك پێوتن، دەزانم پارێزگار نایەوێت ئەوە بكات، بەڵام ئەی چۆن شۆستەكان وەردەگرێتەوە؟، ئەی چۆن بەردەم دوكانەكان پاك دەكرێتەوە؟، بەتایبەت دوكانی فیتەر و كارسازەكانی خوار گەراجی سلێمانی . 
بۆ مرۆڤی ئاوەزدار هۆشیاریی ژینگەیی زۆر گرنگە، دەكرێت بازاڕەكە زۆر میللی بێت، لێ‌ خواردن و خواردنەوەكان، جل و بەرگ و كەرەستەی دوكان، پاك و خاوێن بن، شار پێویستی بە ژینگەی پاك و هەوای پاك و دار و درەخت و ئاسوودەیی هەیە، لەم رۆژانەی پێشوو بە جووت قاوە و بەردەم قەڵا و لای پەلەوەر فرۆشەكاندا تێپەڕیم، چۆن دەبێت مرۆڤ شوێنكاری خۆی ئەوەندە بە پیس و پۆخڵی رابگرێت، شار چۆن دەبێت دانیشتوان و كاسبكارانی خەمخۆری نەبن؟.
كەركوك لەهەموو بارێكەوە خەمخۆری گەرەكە، لە هەرەپێشەوە خەمخۆری ژینگەیی، شارێك پڕ لە دیرۆك و چیرۆك، سیخناخ لە كەوتن و هەستانەوە، شارێك هەمیشە پێویستی بە جوان كردن و بایەخ پێدانە.

وتارەکانی نوسەر