راگەیاندن لە رووی کردارییەوە، کاری جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتییە، کە سیاسەتی زمانیش بەشێکی گەورە و پانتاییەکی فراوان و بەرچاوی هەیە لە سیاسەتی گشتیدا، بە تایبەتی لەسەردەمی ئێستادا کە میدیای نوێ جێگەی بە میدیای سوننەتی و کلاسیک لەق کردوەوە و ڕۆژانە بەکارهێنەرانی لە زیادبوونێکی بەردەوامدایە.
وابزانم هەر کەس لەسەر ئەم بابەتە بدوێت، بە دوودڵییەوە تێڕوانینی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە ڕۆڵە ئەرێنی یان نەرێنییەکەی راگەیاندن لەسەر زمان، رەنگە ئەمە بۆ کوردستان قورستربێت، چونکە لە بنەماوە سیاسەتی زمان لە کوردستاندا ئاڕاستە و بنەمایەكی جێگیری نییە، ئەگەر نەوترێت سیاسەتی زمانمان نییە.
بۆیە لەو توێژینەوانەی لەم دووتویەدا هەیە، کێشە و ئاڵەنگارییەکان بە وردی دیارییکراون، تا لە رێوە دەرچەیەک بدۆزینەوە بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتی دروستی زمان و خستنە رووی زمانی زانستی بۆ بەرهەمهێنانی سیاسەتی زمانی رەسمی و جێبەجێکردنی لە رێگەی راگەیاندنەوە.
رەنگە یەکێک لە لێکدانەوەکان بۆ قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە ئەوەبێت، ترسمان هەیە لەوەی راگەیاندن دەتوانێت ئاڕاستەی نەوەیەکی نوێ بکات، كە کەمتر گرنگی بەوە دەدەن رەسەنایەتیی و زمانی نەتەوە و مانەوەی و پارێزگاری لێکردنی ئەرکە، لە بەرامبەردا میدیای نوێ، بەرهەمهێنەری جۆرێک لە نەزمی زمانی بەرخۆر و کورتکراوەیە بۆ ئاسانترین بەکارهێنان و کورتکردنەوەی وشە بۆ پیت، خوێنەر و بەکارهێنەر میدیای نوێ بە رادەیەک لە هەوڵی کورتبڕیدان رستەیەک دەکەن بەیەک وشە.
لێرەدا لەبەرئەوەی زمانی راگەیاندنی کوردی بۆ خۆی لە رووی مێژوویی و کەرەستەشەوە، گیرۆدەی جۆرێک لە هەژارییە بەهۆی نەبوونی سیاسەتێکی زمانەوانی دروستەوە، کە ڕەنگە هەندێک بیروبۆچوون دوورتر لەمەش بڵێن هەر خاوەنی زمانی راگەیاندن نیین، بەتایبەتی ئەگەر لە رووی بنەما زانستییەکانی زمانی راگەیاندنەوە، لێکۆڵینەوە لەسەر زمانی راگەیاندن بکەین.
بۆیە مەترسییەکە بۆ سەر زمانی کوردی بە دیوە نەرێنییەکەدا زیاتر هەستی پێ دەکرێت و لێکۆڵینەوەی لە بارەوە دەکرێت، ئەگەر بێینە سەرئەوەی ئەرکی کێیە، ئەم کارە بکات، وڵامەکەی ئەوەیە، سیاسەتی زمان لەبەرئەوەی بەشێکی گرنگە لە سیاسەتی گشتی، سیاسەتی گشتی ئەرکی حکومەتە، دیارە دەبێت حکومەت لە چەندین ئاستدا ئەم کارە بکات و ئەرکی زانکۆکان و کۆمەڵگەی ئەکادیمی چی دەبێت بۆ سەرپێخستنی سیاسەتی زمان بە گشتی و زمانی راگەیاندن بە تایبەتی.
لە ڕوانگەی هەستکردنمان بە مەترسی نەبوونی زمانێکی راگەیاندنی بەرپرس، بەرامبەر بە میللەتێک کە دەرگیرە بەسەدان کێشەی تر، کە یەکێک لە کێشەکانی ئەو پەیوەندییەیە کە لە نێوان زمان و راگەیاندندا هەیە، ئەم دووتوێیەمان تەرخانکرد بۆ گفتوگۆ و خستنە رووی ئەم بابەتە، بە هیوای ئەوەی بتوانێت دەرگای گفتوگۆی زانستی زیاتر لەسەر گرنگی و بایەخی ئەم بابەتە بکاتەوە.
* سەرۆکی زانکۆی جیهان- سلێمانی