(7)
ململانێی نەوەکان لە سیاسەتدا، دیاردەیەکی ئاڵۆزە کە رەنگدانەوەی جیاوازییەکانە لە رووی کەلتوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی نێوان نەوە جیاوازەکان. ئەم دیاردەیە کاتێک دەردەکەوێت کە نەوەکان تێڕوانینی جیاوازیان هەبێت لەسەر پرسە سیاسییەکانی وەک: مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
ئەم جۆرە ململانێیە کاریگەریی قووڵی هەیە لەسەر ستراتیجی حکومڕانی و ئاڕاستەکانی کۆمەڵ کە دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو لە زۆربەی بوارە سیاسییەکاندا دەربکەوێت، چ لەسەر ئاستی حکومەت، یان بزووتنەوە سیاسییەکان و تەنانەت لە پارت و کۆمەڵگەکاندا.
یەکێک لە لایەنەکانی ئەم ململانێیە خۆی لە جیاوازییە بنەڕەتییەکاندا دەبینێتەوە لە چۆنێتی کارلێکردنی نەوەکان لەگەڵ سیستمی سیاسیدا.
بە نموونە، نەوەی رابردوو دەشێت زیاتر پابەند بن بە بەها نەریتییەکان و ئایدیۆلۆژیاکانی لەگەڵیدا گەورە بوون وەک پاراستنی ئەو سیستمەی هەیە، لە کاتێکدا نەوەی ئێستا دەیانەوێت بیرۆکەی پێشکەوتووتر وەربگرن و گۆڕانکاری و چاکسازی لە بوارە جیاجیاکاندا بکەن، هەروەها لە زۆر ئاستدا گەنجان ئارەزووی بەرەنگاربوونەوەی شێوازە سیاسییە کۆنەکان و گەڕان بەدوای چارەسەری داهێنەرانەدا دەکەن بۆ کێشە هاوچەرخەکانی وەک: گۆڕانی کەشوهەوا، مافەکانی دیجیتاڵ و یەکسانیی کۆمەڵایەتی، لەکاتێکدا نەوەی رابردوو پارێزگارن، ئەمەش دەبێتە هۆی ململانێ کە لەوانەیە بە رواڵەت یان تەنانەت لەسەر ئاستی قووڵتر، مشتومڕی سیاسی نێوان نەوەکان رەنگبداتەوە.
رەهەندەکانی ململانێی سیاسی نێوان نەوەکان، دەشێت دابەشبوونێکی ئاشکرا بێت لەنێوان ئاڕاستە سیاسییەکاندا کە نەوەی رابردوو سیاسەتی پارێزگاریکردن یان تەقلیدی پەسەند بکەن، بەڵام نەوەی ئێستا بەدوای سیاسەتی پێشکەوتنخواز و چاکسازیدا بگەڕێن. ئەمە دەتوانرێت لە هەڵوێستی پارتە سیاسییەکاندا ببینرێت وەک، جیاوازیی نێوان تەوژمەکانی راست و چەپ، یان لەنێوان لیبرالیزم و پارێزگاراندا، هەروەها زۆرێک لە گەنجان هەست بە بێمتمانەیی بە دامەزراوە سیاسییە تەقلیدییەکان دەکەن و پێیانوایە ناتوانن پێداویستییەکانیان دابینبکەن، یان دەشێت شێوازی نوێی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پەسەند بکەن وەک دیموکراسیی راستەوخۆ یان پێکهاتەی کەمتر بیرۆکراتی، نەوەی رابردووش زیاتر پابەند دەبن بە سیستمی دەوڵەتی دامەزراوەوە.
لەگەڵ زیادبوونی ململانێی نێوان نەوەکان، جەمسەرگیریی سیاسیی قووڵ لە کۆمەڵگەکاندا سەرهەڵدەدات کە لەوانەیە ببێتە هۆی ناسەقامگیری لە سیستمی سیاسی و گەیشتن بە چارەسەر زەحمەت بکات.
ململانێی نەوەکان لە هەڵبژاردنە سیاسییەکانیشدا رەنگ دەداتەوە، کە تیایدا رۆڵی گەنجان لە دەنگدان و کاریگەریی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن زیاتر دەبێت. هەندێک جار، ئەم جیاوازییە لە نێوان نەوەکاندا ئەنجامی چاوەڕوان نەکراو یان سەرهەڵدانی سەرکردە و بزووتنەوەی سیاسی نوێی لێدەکەوێتەوە کە رەنگدانەوەی ئاواتەکانی نەوە گەنجەکەیە.
ململانێی نەوەکان لە سیاسەتدا، دیاردەیەکی گرنگ و زیندووە لە جیاوازیی نێوان بەها و سیاسەتەکاندا دەردەکەوێت کە هەر نەوەیەک باوەڕی پێیەتی و یارمەتیدەرە لە دووبارە داڕشتنەوەی دیمەنی سیاسی بەشێوەیەکی بەردەوام، بەڵام مەرج نییە ئەم ململانێیە نەرێنی بێت بەڵکو، دەتوانێت بزوێنەرێکی گۆڕانکاریی سیاسی بێت و هاوکار بێت بۆ نوێبوونەوەی سیستمە سیاسییەکان لەڕێگەی ناساندنی بیرۆکە و ئاڕاستەی نوێوە، بە شێوەیەک لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمدا بگونجێت و دەشێت کارلێک لە نێوان ئەم نەوانەدا ببێتە هۆی کۆدەنگی، سەرەڕای گرژییەکان، لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی بیروڕا و تێڕوانینەکانی کە یارمەتیدەرن بۆ گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
[email protected]