خانەنشینی یان ماڵوێرانی!

09:46 - 2025-04-24
حەمید بێلولەیی
415 خوێندراوەتەوە

‎‎حەمید بێلولەیی

 

یەكێك لەو پرسە گەرمانەی شەقامی عیراقی و كوردستانی سەرقاڵکردووە، خانەنشین بوونی ئەو فەرمانبەرانەیە، كە لە رووی یاساییەوە بڕیاری نوێی خانەنشینی دەیانگرێتەوە.
دەكرێت بڵێین بڕیاری خانەنشین بوونەكە دوو دیوە، دیوێكی جێگەی دڵخۆشی بەشێك لەو فەرمانبەرانەیە كە ئیدی هەست دەكەن هیلاك و ماندوون، ئەم بڕیارەش دەروازەیەكی باشە بۆئەوەی باقی ئەو تەمەنەی ماویانە ساتێك پشوو بدەن، دیوەكەی دیکەی بەشێك لەو فەرمانبەرانەن كە لە رووی یاساییەوە بڕیارەكە دەیانگرێتەوە، بەڵام دڵخۆش نین بە بڕیارەكە، لەبەرئەوەی ناوەڕۆكەكەی لە بەرژەوەندییاندا نییە.

 

جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو لەسەر ئەو فەرامانبەرانەی خزمەتی کاریان نەگەیشتووەتە 15 ساڵ، دەبێتە هۆی نانبڕین کردنیان و پێویستە چارەسەر بکرێت

رۆژی 15ی کانوونی دووەمی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوویدا لەبەر رۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ژمارە 259ـی 3ـی 7ـی 2024، بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە 312ـی دادگای فیدراڵیی عیراق.
بەپێی بڕیارەکە، تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە كەمكرایەوە بۆ 60 ساڵ و تەمەنی ئارەزوومەندانەی خانەنشینی لە 45 ساڵەوە كرا بە 50 ساڵ، واتا كەسێك ئارەزوومەندانە بیەوێت خانەنشین بێت، دەبێت 25 ساڵ خزمەت و 50 ساڵ تەمەنی هەبێت.
لە بڕیارەكەدا وەك مەرجی سەرەكی دانراوە، پێویستە ئەو كارمەندەی بڕیاری خانەنشین بوون دەیگرێتەوە، ماوەی خزمەتی لە فەرمانگەکەیدا لە 15 ساڵ كەمتر نەبێت، بەڵام بەشێك لەو كارمەندانەی بە زۆرەملێ یاسای خانەنشینی یەکگرتوو بە سەریاندا جێبەجێ دەکرێت، تەمەنی خزمەتیان رەنگە 10 بۆ 15 ساڵ بێت لە فەرمانگەكەیاندا، واتە ساڵانی خزمەتیان ناگاتە 15 ساڵ، ئەوەش وادەکات ئەو کەسانە بەپێی بڕیاری خانەنشین بوونەكە بۆ ئەم بەشەی فەرمانبەران نەبێتە خانەنشین بوون، بەڵكو دەبێتە دەركردن لە شوێنی كار و فەرمانگەكەی و نانبڕین كردنیان.
لێرەوە بە پێویستی دەزانم فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عیراق ئاگادار بكەمەوە، هەرچی زووە ئاوڕێكی جدی لەم بەشەی خانەنشینان بدەنەوە، بەوەی هیچ كارمەندێك دەرنەكرێت لە فەرمانگەكەی و نانبڕاو نەكرێت، تا ئەوکاتەی مووچەی خانەنشینی بۆ دیاری دەكرێت، یان گۆڕانكاری لە بڕیارەكەدا بكرێت بەوەی، ئەگەر فەرمانبەرەکە دوو یان سێ ساڵ خزمەتی كەمە با ئەو ماوەیە بەردەوام بێت لە كارەكەی، بۆئەوەی خزمەتی کارەکەی بگەیەنێتە 15 ساڵ، پاشان بە مووچەی ئاسایی و بەپێی یاساکە خانەنشین بكرێت.

وتارەکانی نوسەر