مرۆڤ وەک خۆی

نەخۆشی وەک دەسکەوت؟

10:24 - 2025-04-24
د. هەژار عوسمان مەعروف
96 خوێندراوەتەوە

(هەستیار) کە لە شارێکی دووری عیراق دەژی، بە ئاستێکی زیرەکیی سەرو ناوەندەوە لە یەکێک لە باشترین کۆلێژەکان وەردەگیرێ و لە ساڵی یەکەمدا دەردەچێ، بەڵام لە ساڵی دووەمدا ئیتر وەک لە قوڕێکی خەستی لینجدا گیری خواردبێت، لە کۆلێژەکەی دەچەقێت و واز لە زانکۆ دێنێ و ئیشێکی باشی دەسدەکەوێت، بەڵام بە هۆی دەروونییەوە دوای دوو ساڵ واز لەویش دێنێ، دوای ئەوە ئیتر هەرگیز ئیشی نەکردووە.  دواتر ئەم قوڕە نەگریسە وردە وردە زۆردەبێت و درێژدەبێتەوە بۆ هەموو ژیانی و دەبێتە ئەو کۆت و زنجیرەی کە پتر لە20 ساڵ (هەستیار) لە ژوورەکەی خۆیدا لە ماڵی باوکی بە جۆرێک خۆی زیندانیی دەکات، ئیتر هەموو ژیانی لە نێوان دیوارەکانی ئەو ماڵەدا بەسەر دەبات. 
دوای بیرکردنەوە و وتووێژی زۆر، خێزانەکە بە کۆمەڵ، لە سەر داوای(هەستیار) بڕیار دەدەن، خانووەکە بفرۆشن و خانوویەکی تر کە سەد هەنگاوێک لەولاترە، بکڕن و بگوێزنەوە بۆ ئەوێ. ئێستا (هەستیار)  پەشیمان بۆتەوە چونکە بەجێهێشتنی ژوورەکەی و ڕۆیشتنی بۆ ماڵە نوێیەکە، بۆ ئەو بۆتە هەڵگەڕان بۆ گەیشتن بە دوندی چیای ‌هەڵگورد دا، دایک و برا و خوشکەکانی گیریان خواردووە، بۆیە هانایان بۆ من هێناوە وەک پزیشکێکی دەروونی. 

کە چیرۆکەکەیم بیست، موچڕكێکی نیگەرانی هەموو جەستەمی داگیرکرد، بەخۆمم وت، وادیارە نەخۆشییەکی قورسی دەروونیی درێژخایەنی وەک شیزۆفرینیای هەیە، کە تا ئێستا دەسنیشان و چارەسەر نەکراوە. کاتێک بینیم و بە وردی تێڕوانینی باری دەروونیم بۆ کرد، بەڕوونی بۆم دەرکەوت کە نەخۆشیی(ترسی گشتی)ی هەیە و پزیشکێکی هەناوی، پێش 20 ساڵ تێکەڵەیەکی سێ دەرمانیی بۆ نووسیوە، کە رۆژی یەک جار دەیخوات و بەمە ئیدارەی کردووە، بەڵام چۆن ئیدارەیەک!
چارەسەری ترس کە دەبێت بە نەخۆشی، بە پلەی یەکەم چارەسەری دەروونییە، بە پێدانی زانیاریی دەروونی لە سەر نەخۆشییەکە و راوێژ و راهێنانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و جەستەیی، بێگومان دەرمانیش رۆڵی خۆی دەبینێت، بەڵام نەک ئەو دەرمانەی پزیشکە هەناوییەکە بۆ(هەستیار)ی نووسیبووی. 

 

نەخۆشێکی تەمەن 60 ساڵ شەکرەی هەیە، بەڵام تەندروستیی گشتیی باشە، نەخۆشییەکەی بەکاردێنێ بۆ خۆدزینەوە لە ئەرک و فرمانەکانی ژیانی رۆژانە و وەک ئەو ئاغایە رەفتار دەکات، کە ژن و منداڵ و بوک و نەوەکانی، دەبێت خزمەتکاریی بکەن

ئەندامانی خێزانیش دەتوانن رۆڵێکی گرنگ ببینن لە چاکبوونەوەی نەخۆش، بەڵام لە کەیسی (هەستیار)دا رێک بە پێچەوانەوە رۆڵی خێزانەکەیان رۆڵێکی وێرانکەر بووە، چونکە لەودا تەنیا نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان بینیووە، لایەنی زیرەکی و هێز و  توانا و بەهرەکانیان نەبینیووە. ئەوان، بەتایبەتی دایکی، هەست و سۆزی خۆشەویستی و بەزەیی زاڵبووە بەسەریاندا، بە ئەندازەیەک کە هیچ بێ دڵییەکی(هەستیار)یان نەکردووە لە ژیانی رۆژانەی نێوان دیوارەکانی ماڵاوەیدا، ئەوان هیچ ئەرک و فرمانێکیان نەخستۆتە سەر شانی(هەستیار)، چیی ویستووە بۆیان کردووە. (هەستیار)یش وردە وردە و بە شێوەیەکی ناخۆئاگایی(لاشعوری)، واتە بە هۆشیاریی تەواوەوە بڕیاری نەداوە کە وا بێت، لە سەر دۆخەکە راهاتووە و وەک ماسولکەیەک کە 20 ساڵ بەکاری نەهێنی، وردە وردە هەموو تواناکانی پێشووی پووکاوەتەوە و ترسەکانی رۆژ بە رۆژ زۆرتر بوون و بڕوابەخۆبوونی کەمتر بووە و گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی منداڵێکی حەوت ساڵانە، ئەم رەفتارەی (هەستیار) لە دەروونشیکاریی (فرۆید)دا بە ئەڵمانی پێی دەڵێن:  Krankheitsgewinn واتا (نەخۆشی وەک دەسکەوت)، کە دەبێتە شتێکی سەیر، چۆن کەسێک نەخۆش بێت قازانجی کردووە لە نەخۆشییەکەی؟ قازانجەکە ئەوەیە نەک هیچ لێپرسراوێتییەکی بۆ ژیانی خێزانەکەی هەڵنەگرتووە، بەڵکو لێپرسراوێتیی ژیانی خۆیشی لە 20 ساڵی رابردوودا داوە بە کۆڵی خیزانەکەیدا، بەتایبەتی بە پشتی کۆماوەی دایکی داماوی دا، بەڵام لە بەرامبەر ئەم دەسکەوتە کەمەدا، ژیانێکی راستەقینەی چالاک و رەنگاوڕەنگ و پڕ لە خۆشیی لەدەستداوە. 
لە دەروونی زۆرینەی مرۆڤی کورد دا، لایەنی بەزەیی و هەست و سۆز بە سەر لایەنی لۆجیک و عەقڵ و بیرکردنەوەی قوڵ و فراوان دا زاڵە، بۆیە (نەخۆشی وەک دەسکەوت) لەناو کورد دا زۆر بڵاوە و نەخۆشییە جەستەییە درێژخایەنەکانیش دەگرێتەوە، بۆ نموونە نەخۆشێکی تەمەن 60 ساڵ، شەکرەی هەیە، بەڵام تەندروستیی گشتیی باشە، نەخۆشییەکەی بەکاردێنێ بۆ خۆدزینەوە لە ئەرک و فرمانەکانی ژیانی رۆژانە و وەک ئەو ئاغایە رەفتار دەکات، کە ژن و منداڵ و بوک و نەوەکانی، دەبێت خزمەتکاریی بکەن و دەرمانەکانی بۆ پەیدا بکەن و رۆژانە بیدەنێ، کەس ناوێرێ یان دڵی نایەت پێی بڵێت ئەرێ خۆت بۆ نایکەیت!  

وتارەکانی نوسەر