مرۆڤ وەک خۆی

کە گیردەخۆن بەدەست نەخۆشیی دەروونیی کەسێکتانەوە !

09:50 - 2025-06-12
د. هەژار عوسمان مەعروف
84 خوێندراوەتەوە

زۆرینەی ئەو کەسانەی بە خواست و ویستی خۆیان سەردانی پزیشکی دەروونی دەکەن، مرۆڤی هەست ناسک و زیرەک و رۆشنبیر و مرۆڤدۆست و خەمخۆری دەوروبەریانن، سەردانکەر ترس و نیگەرانی و بیرکردنەوەی زۆری هەیە، دەربارەی ئێستا و ئایندەی خۆی و خۆشەویستانی، کێشەی هەیە لەگەڵ کەسانی زبر و بێشەرم و توندوتیژ و دەستدرێژیکەر، زۆرجار نەخۆشە راستەقینەکە کە دەبوو ئەو بچێت بۆ لای دکتۆری دەروونی، کاتێک دڵسۆزانی پێی دەڵێن بچێت، نەک هەر ناچێت بەڵکو گاڵتە و تەشەر یان جنێو بە کەسە دڵسۆزەکانی و بە پزیشکی دەروونی بە گشتی دەدات، ناچار ئەو دەرووندروستەی بەم رەفتارە رووخێنەر و ئازاردەرەی، کە نەخۆشی خستۆتە بەر داد و بێدادیەوە، دەچێت بۆ لای دکتۆری دەروونی.

 

ئەگەر نەخۆشەکە بە هیچ جۆرێک نەیویست بیبەن بۆ لای دکتۆری دەروونی، هەروەها مەترسیی راستەوخۆی هەبوو بۆ سەر ژیانی خۆی، ئەوا پێویستە دڵسۆزانی کەسەکە بچن بۆ بنکەی پۆلیسی ئەو ناوچەیەی ماڵی نەخۆشەکەی لێیە و کێشەکە بخەنەڕوو

هەر کەسێک لە هەر تەمەنێکدا بێت و هەر پلە و شوێنێکی هەبێت،  لە پەیژەی کۆمەڵایەتی و دارایی و دەسەڵاتی سیاسیی و حکومیی و  حزبایەتی و خێڵەکی و ئایینی، بە کورتییەکەی شا یان سەپان بێت، با پێشتر هەرگیز کێشە و نەخۆشیی دەروونیی نەبووبێت، ئەگەر ئەم رەفتار و ئاکار و بیروباوەڕانەی خوارەوەی هەبوو، کە بووبوونە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتیی گەورە و بەردەوام و چەندبارە بۆوە، لەناو خێزانەکەی خۆیدا و لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا وەک دراوسێ و هاوڕێ و خزم و هاوپۆلی خوێندنگە و هاوئیشی لە شوێنکار، ئەوا دەبێت ئەو کەسە بە خۆشی و ئاشتی و نەرمونیانی رازیبکرێت لەگەڵ کەسێک کە خۆی هەڵیدەبژێرێت بچێت بۆ لای پزیشکێکی دەروونی.

 رەفتار و ئاکار و بیر و باوەڕەکان ئەمانەن:

1- کەسەکە زۆر توڕە و توندوتیژ و هەڕەشەکەر و دەستوەشێن و خۆسەپێن و زاڵم بێت، بۆ نموونە بە نەڕەڕەنەڕ، ترس بخاتە ناو خێزانەوە، شمەکی ناوماڵ بشکێنێت، لە ژن و منداڵ بدات و دەست بۆ چەکی سارد  (چەقۆ و..) و گەرم (دەمانچە و..) ببات، ژن و منداڵ دەربکاتە دەرەوە یان لە ماڵدا زیندانیان بکات.
2- کەسەکە بێ هۆیەکی روون و کۆنکرێتی، لە ماڵ نەچێتە دەرەوە و بە تەواوی گوێنەدات بە خۆراک و خواردنەوە و پاکوتەمیزیی رۆژانە و وێڵیان بکات و هیچ کارێکی بەرهەمهێنی دەستی یان بیروهۆشمەندی نەکات، کەسەکە لەوانەیە زۆر خەمۆک و رەشبین بێت و بڕوابەخۆبوونی نەمابێت، یان بیری ناڕاست (وەهم) و هەستی شێواو (هەلوەسە) و ترسی زۆری لە دەوروبەر هەبێت، کە شتێکی خراپی بەسەربێنن یان هەر بێ وزە و بێ حەز بێت،  وەک ئەوەی ئامێرێکی کارەبایی بێت کە کارەبای تیایە، بەڵام بەشی ئیشکردن و کەوتنە گەڕ ناکات!
3- کەسەکە ئالوودەی مەیخۆری یان مادەی  هۆشبەر بووە و لەڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و کار و پیشە و باری داراییەوە، زیانی قورسی بەرکەوتووە و دەسەڵاتی بەسەر خۆیدا نەماوە.
4- کەسەکە بیەوێت بمرێت یان خۆی بکوژێت، چۆن؟ بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، کار و چالاکانە و ئامانجدارانە یان بە رەفتارێک کە بەڕوونی بۆنی بێزاری و ماندوێتی لە ژیانی لێبێت، بۆ نموونە بە ماتۆڕ و سەیارە لێخوڕینێکی شێتانە، باسی بێزاری لە ژیان و مردنی خۆی و خۆکوشتنی کردبێت یان هەوڵی خۆکوشتنی دابێت، لە کەسی پیر و زەلیلی ناوجێشدا، مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە و دەرمان و چوون بۆ لای دکتۆر و باسکردنی دیدار لەگەڵ کەسانی ئازیزی مردوی پێش خۆی کردبێت.
ئەگەر نەخۆشەکە بە هیچ جۆرێک نەیویست دکتۆر بێت بۆ ماڵەوە یان بیبەن بۆ لای دکتۆری دەروونی، یان  بچێت بۆ نەخۆشخانە، هەروەها مەترسیی دەسبەجێ و راستەوخۆی هەبوو بۆ سەر ژیانی خۆی و دەوروبەرەکەی، یان بۆ سەر موڵک و ماڵەکەی، ئەوا پێویستە دڵسۆزانی کەسەکە، بچن بۆ بنکەی پۆلیسی ئەو ناوچەیەی ماڵی نەخۆشەکەی لێیە و کێشەکە بخەنەڕوو، پۆلیسیش ئاگاداری دادوەری بەرپرسیار دەکات و بە فەرمانی ئەو، کاری پێویست دەکرێت بۆ بردنی بۆ لای لیژنەی پزیشکیی پسپۆر، بۆ دەسنیشانکردنی نەخۆشییەکەی و چارەسەرکردنی.

 



وتارەکانی نوسەر