ئەردەڵان عەبدوڵڵا
یەکێک لە فەیلەسوفە ناسراوەکانی جیهان (یوڤاڵ نوح هەرار)یە، بەشێکی زۆری بۆچوونەکانی، مایەی گرنگیپێدانن، هەرچەندە هەندێک بۆچوونیشی هەیە، مایەی رەخنە لێگرتنە. یەکێک لە کتێبە ناسراوەکانی(پارە)یە، کە لەلایەن (ئارام قەفتان)ەوە وەرگێڕدراوە و ناوەندی چاپ و پەخشی رەهەند چاپیکردووە.
ئەم کتێبەشی وەکو ئەوانی تر، تەژییە لە فکر و تێڕامانی گرنگ، هەروەها گەڕاوەتەوە بۆ سەرەتاکانی دروستبوونی پارە و گرنگی و بایەخی پارە لە ژیانی رۆژانەماندا. لەهەمانکاتیشدا تیشكی خستۆتە سەر چۆنێتی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی سەرمایەداری، کۆیەلەداری، پاشان مەترسییەکانی سەر سیستمی لیبراڵیزم، لەپێش هەموویانەوە ژیریی دەستکرد.
یەکەم پارەی جیهان
نووسەر شارەزاییەکی زۆرباشی لە مێژووی کۆنی مرۆڤایەتی هەیە، ئەمەش لە زۆربەی کتێبەکانی تریدا هەستی پێدەکەیت، هەرئەمەش وایکردووە، کە بۆچوونەکانی دەوڵەمەندتربن.
لەبارەی یەکەم پارەوە، یوڤال دەڵێت:
(یەکەم پارە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، پارەی سۆمەرییەکان بوو کە پارەی جۆ بووە. 3000 پێش زایین دەرکەوتووە، لەهەمان کات و شوێن و هەلومەرجدا، کە نووسین دەرکەوتووە. چۆن نووسین گەشەیکرد لە پێویستی چالاکیی بەڕێوەبردن، دروستکردنی پارەش، گەشەیکرد لە پێویستی چالاکی ئابووری. ل19)
دوو پڕەنسیپی پارە
دواتر یوڤال هەراری باس لە گرنگیی و بایەخی پارە دەکات بۆ ژیانی مرۆڤایەتی، لەمەشدا باسی دوو پڕەنسیبی گرنگی پارە دەکات و دەڵێت:
1. لە جیهاندا توانای گۆڕینی هەیە، وەکو کیماگەرێک دەتوانێت زەوی بگۆڕێت بە وەفاداری، دادپەروەری بە تەندروستی و توندتیژیی بە زانیاری.
2. متمانەی جیهانی، پارە وەکو شتێکی نێوەند، دوو کەس دەتوانن هاوبەشی بکەن لە پڕۆژەیەکدا. ل 37
سسیتمی سەرمایەداری
هەراری یەکێکە لەو فەیلەسووفانەی کە شارەزایی زۆرباشی لە بارەی مێژووی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی سەرمایدارییەوە هەیە، ئەو خۆی هیچ کاتێک نەوەکو لایەنگر یان دژی ئەم سیستمە لە هیچ کتێبێکیدا پیشان نەداوە، باسی هەموو لایەنەکانی کردووە، هەروەها تیشكی خستۆتە سەر ئەو کێشانەی کە ئەمڕۆ رووبەڕوی مرۆڤایەتی دەبنەوە.
لەم کتێبەشدا تیشکی خستۆتە سەر چۆنێتی سەرهەڵدانی سیستمی سەرمایەداری، لەهەمانکاتیشدا بایەخی سیستمی کۆیلەداریی بۆ پێشخستنی سەرمایەداریی دەرخستووە. دواتریش جیاوازیی لە نێوان سەرمایەدار و دەوڵەمەند دا دەکات و دەڵێت:
(سەرمایەداریی جیاوازی لە نێوان (کەپیتاڵ) و( سامان)دا دەکات، کەپیتاڵ پێكهاتووە لە پارە، شتومەک و سەرچاوەکان کە بەکاردەهێندرێن بۆ وەبەرهێنان. بەڵام سامان، لە ژێر زەمینەکاندا دەنێژرێن و لە چالاکی بێ سووددا بەکاردەهێنرێن. فیرعەون کە سەرچاوەکانی لە دروستکردنی هەرەمەکاندا بەکارهێنا، کەسێکی سەرمایەدار نییە. ل 40)
جیاوازی چینی ئەرستۆکراتی و سەرمایەدار
پاشان باس لە جیاوازی لە نێوان چینی ئەرستۆکرات و سەرمایەداردا دەکات و دەڵێت:
(خانەدانەکانی سەدەی ناوەڕاست جلوبەرگی رەنگاوڕەنگیان لەبەردەکرد، کە لە ئاڵتون و ئاوریشم دروستکرابوون، کاتەکانیان لە تەماشاکردنی وەرزش و کەرنەڤاڵدا بەسەردەبرد، بە پێچەوانەی بەڕێوەبەری کارەکانی سەردەمی مۆدێرن، کاتی زۆر کەمیان بۆ فێستیڤاڵ هەیە. سەرمایەدارە ئاساییەکان، زیاتر سەرقاڵن لە چاوپێکەوتنی بزنسێکەوە رادەکەن بۆ چاوپێکەوتنێکی دیکە، هەوڵ دەدەن بیربکەنەوە لە کوێدا پارەکانیان بەگەربخەن. ل42)
کۆیلایەتی
پاشان دێتە سەرباسی کۆیلایەتی و چۆنێتی گەشەسەندنی بازرگانی کۆیلە لە جیهاندا، لەمبارەیەوە دەڵێت:
(لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لە ناو مەسیحییەکانی ئەوروپادا، کۆیلایەتی بە تەواوەتی نەناسراو بوو، لە سەردەمی مۆدێرندا، دەرکەوتنی کەپیتالیزم لە ئەوروپادا، بەرەو پێشەوە چوو.ل 67)
لەمەشدا بەرهەمهێنانی شەکر رۆڵی سەرەکی گێڕاوە:
(بەرهەمهێنانی شەکر بووە بازرگانییەکی گەورە، هەندێک لە کرێکارەکان نەیاندەویست لەناو کێڵگەکان کاربکەن کە مەلاریای تێدابوو، خۆریش بە بەردەوامی لیێ دەدان، کرێکارە گرێبەستەکان، بە پارەیەکی زۆر کاریان دەکرد، کارێکی هەستیار بوو، قازانجێکی زۆری دەکرد و ئابووری گەشە پێدەدا. لە سەدەی شانزەوە تاوەکو سەدەی نۆزدە، نزیکەی 10 ملیۆن کۆیلە لە ئەفریقاوە نێردران بۆ ئەمریکا. نزیکەی ملیۆنێکیان بەهۆی جەنگ یان رێگەی دوودرێژی گواستنەوە لە ئەفریقاوە بۆ کەناراوەکانی ئەمریکا مردن، ل68)
سێ مەترسی بۆسەر لیبراڵیزم
لە بەشێکی تری کتێبەکەیدا باسی سێ مەترسی دەکات، کە هەڕەشە لە سیستمی لیبراڵیزمی خۆرئاوایی دەکەن و دەڵێت:
1/ مرۆڤ بە تەواوی واتای خۆی لە دەستدەدات.
2/ ئەو مرۆڤانە هەموو پێکەوە واتادار دەبن، بەڵام دەسەڵاتی تاکێتی لەدەست دەدەن، لەلایەن ئەلۆگاریتمەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.
3/ هەندێک خەڵکی بە گرنگی دەمێننەوە، بەڵام گروپێکی بچووک و باڵا دەبن، یەک ملیار کەس، رۆژانە تەنها یەک دۆلاریان دەستدەکەوێت، 1.5 ملیارد کەسی تر، لە نێوان 1 بۆ 2 دۆلاریان لە رۆژیکدا دەستدەکەوێت. لە ساڵی 2016 دا، 62 دەوڵەمەندی جیهان، داهاتیان لە 3.6 ملیار کەس زیاترە، لەکاتێکدا کۆی گشتی ژمارەی دانیشتووانی جیهان 7.2 ملیار کەس بووە. ل136
ژیریی دەستکرد
ئەمڕۆ یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی سەر ژیانی مرۆڤایەتی، بەهێزبوونی ژیریی دەستکردە. یوڤال نوح هەراری لە زۆر کتێبیدا، باسی ئەم مەترسییەی کردووە، لەم کتێبەشدا دووبارە باسی ئەو مەترسییە دەکات و دەڵێت:
(بەپێی لیکۆڵینەوەی زانکۆی ئۆکسفۆرد لە ساڵی 2012 دا کردوویەتی لە 47 % ئەمریکییەکان کارەکانیان بەهۆی ژیریی دەستکردەوە لەدەست دەدەن. 98 % ناوبژیوانی یارییەکان، لە %97 کاشێرەکان، هەروەها 94 %یاریدەدەری پارێزەر، 91 % نانەوا، 89 % شۆفێری پاس، 89 % کرێکاری بیناسازی کارەکانین لەدەست دەدەن.
بەگشتی لەم کتێبەشدا یوڤال نوح هەراری، کۆمەڵێک زانیاریی گرنگی لەبارەی ژیان و کێشەکانی ئەمڕۆمان دەرخستووە، کە زۆر گرنگە ئاگاداری بین.