شێخ جەعفەر: هیچ شوێنێکی کوردستان نییە خوێنی رۆڵەیەکی گەرمیانی تێدا نەڕژابێت

07:46 - 2025-07-31
کوردستان
73 جار خوێندراوەتەوە

  شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ستایشی تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی گەرمیانی کردو رایگەیاند، هیچ شوێنێکی کوردستان نییە خوێنی رۆڵەیەکی گەرمیانی تێدا نەڕژابێت.

ئەم وتانەی هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەمیانەی کۆبوونەوەیەکیدا هات لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە و ئەفسەرانی هێزی یەدەگ و یەکەی 70 لە سنووری گەرمیان کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی تەموزی 2025، لە شاری کەلار بەڕێوەچوو.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا کە ژمارەیەک لە هەڤاڵانی سەرکردایەتی و تێکۆشەرانی یەکێتی ئامادەیبوون، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، تیشکی خستەسەر رۆڵی بەرچاوی  دانیشتوانی تێکۆشەری ناوچەی گەرمیان بەگشتی و ئەفسەرانی هێزی یەدەگ و هێزەکانی 70 لەو ناوچەیە بەتایبەتی کە لە خەباتی پێشمەرگانەی شاخدا قوربانی زۆریان بەخشیووەتە خاک و نیشتمان، لەو بارەیەوە وتی: گەرمیان هەمیشە بەهێزترین پێگەی یەکێتی و جێگای هێزی پێشمەرگە بووە و هەڕەشەش بووە بۆ سەر دوژمنە یەک لەدوای یەکەکانی میللەتەکەمان.

وتیشی: قارەمانەکانی گەرمیان لە سەرانسەری کوردستاندا رۆڵی دیاریان هەبووە و هیچ شوێنێکی کوردستان نییە خوێنی رۆڵەیەکی گەرمیانی تێدا نەڕژابێت، هەر بۆیە دوژمنانی میللەتەکەمان رق ئەستووربوون بەرانبەر بە گەرمیان و، دانیشتوانەکەیان ئەنفال کردووەو خاکەکەیان سوتماک کردووە. لە بەرانبەریشدا ئێمە هەموومان قەرزاری گەرمیانین، ناتوانین پاداشتیان بدەینەوەو هەرچەندە خزمەت بکرێن هەر کەمە.

 پاشان هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، ئاماژەی بە بارودۆخی سەختی ئێستای خەڵکی کوردستان کردو ئامادەبووانی هاندا هەرکەسە و بەپێی دەسەڵات و سنووری بەرپرسیارێتی خۆی لە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکدابن و بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچن.

جەختیشیکردەوە کە حکومەتی هەرێم دەرەنجامی خوێنی شەهیدان و رەنج و ماندووبوونی خەڵکی کوردستان و لەنێویشیاندا دانیشتوانی خۆڕاگری گەرمیانە، هەربۆیە سەرباری رەخنە و تێبینیەکانمان پێویستە حکومەت و دەستکەوتەکانمان بەخوێنی خۆمان بیپارێزین و کار بۆ باشترکردنی و راستکردنەوەی هەڵە و کەموکورتییەکان بکەین.

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە هەڤاڵان وەستا رەسوڵ فەرماندەی هێزی یەدەگ و سالار مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیان و لیوا روکن عومەر ساڵح فەرماندەی هێزەکانی 70 وتەیان پێشکەشکرد.


دوابەدوای کۆبوونەوەکەش، لەسەر ئەرکی هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، نیوەڕۆخوانێک بۆ ئامادەبووان سازکرا.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان