ئاسایشی نیشتمانیی عیراق وردەکاریی دەستگیرکردنی عەجاج ئاشکرا دەکات

07:30 - 2025-08-01
عیراق
89 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، یەکێک لە دیارترین تاوانبارانی رژێمی پێشووی عیراقی راگەیاند کە ئەویش عەجاج ئەحمەد حەردان-ە.

لە راگەیاندراوێکدا، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی رژێمی پێشوی عیراق و لە هەوڵێکی شەش مانگیدا بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانیان لە پارێزگای موسەنا و باشووری سەڵاحەدین، توانیویانە یەکێک لە دیارترین تاوانبارانی رژێمی پێشووی عیراق دەستگیر بکەن کە ئەفسەرێکی لێپرسراو بووە لە ئاسایشی زیندانی نوگرە سەلمان.

لە راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراقدا هاتووە، تۆمەتبار پێشتر لە ناوچەکانی رومەیسە و نەجمی و هیلال و پارێزگای موسەنا و ناوچەی بەسیە بووە، لە کۆتایشدا لە زیندانی نوگرە سەلمان بووە.

دەشڵێت، کەسوکاری عەجاج بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی دەزگا ئەمنییەکان چەندین ساڵ ئەو تۆمەتبارەیان بەمردوو لە قەڵەمداوە، بەڵام دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد لە لایەن دەزگای هەواڵگری، توانرا شوێنی خۆحەشاردانی بدۆزرێتەوە و دوای وەرگرتنی رازامەندیی دادگا لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیرکرا.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق راشیگەیاندووە، کە دەستی دادپەروەری بەردەوام دەبێت لە راوەدونانی هەموو ئەو کەسانەی دەستیان بەخوێنی کەسانی بێتاوان سوورە و کاتیش نابێتە بەربەست بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە دەستی یاسا هەڵاتوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان