جه‌واد حه‌یده‌ری
بەردەوام برسێتی و نه‌خۆشی و ئازار و ئه‌شكه‌نجه ته‌نگی به به‌ندكراوانی نوگره سه‌لمان هه‌ڵچنیبوو، به شێوه‌یه‌ك رۆژانه چه‌ندین كه‌س به تایبه‌تی له منداڵەکان، ده‌مردن
ره‌نگه ئه‌م ناونیشانە بەلاتانەوە سه‌یر بێت، ئه‌وه قسه‌ی من نییه، به‌ڵكو ئه‌وه دروشمێك بوو له‌سه‌ر ده‌رگای قه‌ڵای نوگره سه‌لمان نووسرابوو: (به‌خێربێن بۆ دۆزه‌خ / ترحب بم فی الصقرة)، هه‌روه‌ها قسه‌یه‌كی (میمكه شه‌وكه‌ت قه‌ڵا چه‌رمه‌ڵه)، یه‌كێك له به‌ندكراوه‌كانی قه‌ڵای نوگره سه‌لمان-ه، ده‌ڵێت: (نوگره سه‌لمان هه‌ر زیندان نه‌بوو، به‌ڵكو دۆزه‌خی سه‌ر زه‌وی بوو).
كتێبی نوگره سه‌لمان، قه‌ڵای مه‌رگ و پاكتاوی نه‌ژادی، له نووسین و ئاماده‌كردنی نووسه‌ر سمكۆ سابیر-ه، كتێبه‌كه له پێشه‌كییەك و سێ به‌شی سه‌ره‌كیی پێكهاتووه، به‌شی یه‌كه‌م: نوگره سه‌لمان قه‌ڵای جینۆسایدی كورد و قه‌یرانی مۆڕاڵی به‌عس، به‌شی دووه‌م: به‌شی دیمەنە‌كان، دیمەنی ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی له نوگره سه‌لمان گه‌ڕاونه‌ته‌وه و له مه‌رگ رزگاریان بووه. به‌شی سێیه‌م پاشكۆی وێنه و به‌ڵگه‌ی ژماره‌یه‌ك ئه‌نفالكراو، كه له نوگره سه‌لمان مردوون و له‌گه‌ڵ هه‌ندێكیتر کە گه‌ڕاونه‌ته‌وه و له ژیاندا نه‌ماون، هەروەها فۆڕمی ژماره‌یه‌ك له ئه‌نفالكراوانی هه‌ڵه‌بجه كه له نوگره سه‌لمان مردوون.
له‌و كتێبەدا نووسه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌و مرۆڤانه‌ی دوواندووه كه له نوگره سه‌لمان بوون و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یان چه‌شتووه و باس له نه‌هامه‌تییه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی جێی داخه تا نووسینی ئه‌م بابه‌ته و بڵاوبوونه‌وه‌كه‌ی، نیوه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی نووسه‌ر چاوپێكه‌وتن و لێدوانی لێ وه‌رگرتوون، كۆچی دواییان كردووه و له ژیاندا نه‌ماون.
نوگره سه‌لمان له كوێیه و چ شوێنێكه؟
زیندانی نوگره سه‌لمان یه‌كێكه له زیندانه مه‌ترسیداره‌كانی رژێمی له‌ناوچووی به‌عس، دروستكرابوو بۆ تاوانكاریی و جینۆسایدی گه‌لی كورد. له مێژووی عیراقدا دوو زیندان به ناوی نوگره سه‌لمانه‌وه هه‌ن، یه‌كێكیان له دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عیراقەوە دروستبووه و ئه‌وه‌ی دووه‌میشیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتایی هه‌فتا‌كان و سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووە. هه‌ردوو قه‌ڵاكه ده‌كه‌ونه سنووری قه‌زای (سه‌لمان) و 150 كیلۆمه‌تر له پارێزگای سه‌ماوه دوورن و ده‌كه‌ونه باكووری شاره‌كەوە.
هه‌ندێك سه‌رچاوه باس له‌وه ده‌كه‌ن له دوای هاتنی هێزه‌كانی به‌ریتانیا بۆ عیراق له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، بنكه‌یه‌كیان له ناوچه‌ی (سه‌لمان) به مه‌به‌ستی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی به‌ریتانیا و چاودێریكردنی سنووری عیراق له‌گه‌ڵ سعودیه و هه‌روه‌ها بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی وه‌هابییه‌كان، نوگره سه‌لمانیان دروست كردووه. قه‌زای (سه‌لمان) خه‌ڵكێكی كۆچه‌ر و ده‌وارنشینن، له ناوه‌ڕاستی دۆڵێكی گه‌وره دایه، خه‌ڵكەکە‌ی زیاتر خه‌ریكی ئاژه‌ڵداری و كشتوكاڵ و هەروەها زۆربەیان پۆلیسن. ده‌وترێت ئەو شوێنە تا ئێستاش كاره‌بای نیشتمانی نییه و بێبه‌شن له زۆربه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان. سه‌لمان له چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا كراوه به ناحیه، دواتر له ساڵی 1957 كراوه به قه‌زا. قه‌زای سه‌لمان 110 كیلۆمه‌تر له سنووری سعودیەوە دووره، ئه‌و ناوچه‌یه هه‌مووی بیابانه، وه‌ك باس ده‌كه‌ن زۆربه‌ی ئه‌نفالكراوانی نوگره سه‌لمان به هۆی نه‌خۆشی تاعوون مردوون و رۆژانه هه‌ندێك له‌وانه‌ی مردوون ده‌رخواردی ئه‌و سه‌گانه د‌راون كه له ده‌ورووبه‌ری قه‌ڵاكه بوون، به پێی شایه‌تحاڵه‌كان زیاتر له 10 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی لێیە.
به‌ر له‌وه‌ی قه‌ڵای نوگرە سه‌لمان دروست بكرێت، له قه‌زای سه‌لمان زیندان هه‌ر بووه و مێژووه‌كه‌ی بۆ بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و كات ئه‌و زیندانه له سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی وه‌ك مامۆستا، ئه‌ندازیار، سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و ریش سپی هۆزه‌كانی تێدا زیندانی کراوە.
به‌هادین نووری یه‌كه‌م کوردی سكرتێری حزبی شیوعی عیراق، موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی، حه‌مید عوسمان و سه‌لام عادل و عه‌زیز محه‌مه‌د له‌و زیندانه به‌ند كراون.
قه‌ڵای نوگره سه‌لمان ئه‌و شوێنه بوو له‌سه‌ر ده‌رگاكه‌ی نووسرابوو: (به‌خێر بین بۆ دۆزه‌خ) و له سه‌ر ده‌رگای پشته‌وه‌شی نووسرابوو: (كه‌م هه‌ڵده‌كه‌وێت كه‌سێك سێ مانگ له‌م شوێنه‌دا بمێنێته‌وه).
قه‌ڵای نوگره سه‌لمان له دوو نهۆم و ژێر زه‌مینێك پێكهاتووه و 18 هۆڵی گه‌وره‌ی تێدایه كه هه‌ر هۆڵێك 100 بۆ 120 كه‌سی تێدابووه. ده‌گێڕنه‌وه هه‌ر به‌ندكراوێك له نوگره سه‌لمان گله‌یی یان بیانوویه‌ك یان سكاڵایه‌كی هه‌بووایه نان و ئاویان پێ نه‌ده‌دا و به بێ خواردن ده‌یانهێشته‌وه هه‌تا ئه‌و كاته‌ی بڕیاری سزدانه‌كه‌ی ته‌واو ده‌بوو.
عه‌جاجی منداڵكوژ
به وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان ئه‌و كه‌سه‌ی كه سه‌رپه‌رشتی قه‌ڵای نوگره سه‌لمانی ده‌كرد، كه‌سێك بوو به ناوی (عه‌جاج)، ناوی ته‌واوی (عه‌جاج ئه‌حمه‌د حه‌ردان تكریتی) بوو، به بنه‌چه خه‌ڵكی تكریت و له عه‌شیره‌تی ئه‌بوناسر و هۆزی نزاره بوو، ئه‌ندامی هه‌مان عه‌شیره‌ته‌كه‌ی سه‌دام حوسێنی سه‌رۆكی پێشووتری عیراق و عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیدی ناسراو به عه‌لی كیمیایی بوو، به وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان عه‌جاج پیاوێكی بێبه‌زه‌یی و دڵڕه‌ق و بێ ره‌حم بووە، به شێوازگه‌لی جیاواز به‌ندكراوه‌كانی ئازار و ئه‌شكه‌نجه داوه، ته‌نانه‌ت منداڵی له باوه‌شی دایكی‌دا به كێبڵ كوشتووه، له‌وباره‌یه‌وه (یاسین محه‌مه‌د سه‌لیم) خەڵکی ناحیه‌ی سه‌ر قه‌ڵا، یه‌كێك له به‌ندكراوه‌كانی نوگره سه‌لمان ده‌ڵێت: عه‌جاج به كێبڵ له منداڵێكی دا، دایكی هات وتی: مام یاسین منداڵه‌كه‌م مردووه، وه‌ره بینێژه.
عه‌جاج له دوای پرۆسه‌ی ئازادی عیراق له ساڵی 2003، به‌ره‌و سوریا رایكردوو و له گه‌ڕه‌كی جه‌رمانه‌ی دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا له شوقه‌یه‌كی كرێدا ژیاوه، دوای ماوه‌یه‌ك، به تایبه‌تی دوای دادگاییكردنی سه‌رانی به‌عس به جه‌ڵته‌ی دڵ كۆچی دوایی كردووه، سێ كوڕی هه‌بووه، دووانیان چوونه‌ته ناو ریزه‌كانی قاعیده و كوژراون .
یه‌كه‌م وه‌جبه‌ی ئه‌نفالكراوانی كورد
یه‌كه‌م وه‌جبه‌ی به‌ندكراوانی کوردی نوگره سه‌لمان، به وته‌ی شایه‌تحاڵێك به ناوی (حسێن مه‌لا مه‌حمود)، كه گه‌یشتنه نوگرە سه‌لمان، خه‌ڵکی سنووری رانیه و دۆڵی جافایه‌تی بوون.
بۆت نه‌بوو بگریت
له زیندانی نوگره سه‌لمان بۆت نه‌بوو بگریت، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر كه‌سێك مردبا یان له ژێر ئه‌شكه‌نجه و ئازاردا گیانی سپاردبا.
(پاكیزه مه‌حمود ته‌په سپی) یه‌كێك له‌و ژنانه‌ی له نوگرە سه‌لمان به‌ند كرابوو ده‌ڵێت: (نوگرە سه‌لمان زۆر ناخۆش بوو، له هه‌مووی ناخۆشتر ئه‌وه بوو نه‌ده‌بوایه بۆ مردووه‌كان بگریت و فرمێسك بڕێژی، ده‌یانگوت بۆ خۆت بگری، بۆ كه‌س مه‌گری).
نوگره سه‌لمان و سه‌گی ره‌ش
به وته‌ی هه‌موو شایه‌تحاڵه‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ی له نوگرە سه‌لمان به‌ند كرابوون، له ده‌ورووبه‌ری قه‌ڵای نوگره سه‌لمان ژماره‌یه‌ك سه‌گی لێ‌بوو، كه زۆربه‌یان ره‌ش بوون، پێیانده‌وتن سه‌گی ره‌ش، ئه‌و سه‌گانه ته‌رمی منداڵ و گه‌وره‌یان ده‌خوارد، هه‌ركه‌س مردبا له ده‌ورووبه‌ری قه‌ڵاكه ده‌یانناشت، چونكه خاكه‌کەی لم بوو، زۆر به ئاسانی سه‌گه‌كان ته‌رمه‌كانیان ده‌رده‌هینا و ده‌یانخوارد. یه‌كێك له شایه‌تحاڵه‌كان ناوی بە(ره‌شید غێدان محه‌مه‌د) ده‌ڵێت: (له‌به‌ر چاوی ئێمه و سه‌ربازه‌كان، سه‌گه‌كان لاشه‌كانیان ده‌رده‌هێنا و ده‌یانخوارد، چونكه خۆڵی سه‌ر ته‌رمه‌كان كه‌م بوو، رۆژێكیان ته‌رمی منداڵێكیان کە تازە مردبوو، دەرهێنا و خواردیان).
بە بەردەوام برسێتی و نه‌خۆشی و ئازار و ئه‌شكه‌نجه ته‌نگی به به‌ندكراوانی نوگره سه‌لمان هه‌ڵچنیبوو، به شێوه‌یه‌ك رۆژانه چه‌ندین كه‌س به تایبه‌تی له منداڵەکان، ده‌مردن، جاری وا هه‌بوو ژمارەی مردووەکان تا 30 كه‌س دەڕۆیشت. (یاسین محه‌مه‌د سه‌لیم) دانیشتووی ناحیه‌ی سه‌رقه‌ڵا، ده‌ڵێت: (رێژه‌ی مردن له نوگره سه‌لمان زۆر بوو، رۆژ هه‌بوو 25 كه‌س ده‌مرد، رۆژی وا هه‌بوو 30 كه‌س ده‌مرد، رۆژی واش هه‌بوو 10 بۆ 15 كه‌س ده‌مردن، جارێكیان 12 ته‌رممان پێ‌بوو بردمان بۆ گۆڕستان، بینیم به 9 سه‌گ له‌سه‌ر لاشه‌ی ژنێك بوون، سکی ژ‌نەكه‌یان دڕیبوو، خوا و پێغه‌مبه‌رمان هێنایە تكا، پاسه‌وانانی نوگره سه‌لمان هه‌ریه‌كه تفێكیان كرده ناوچاومان، یه‌كێکیان جنێوێکی سووکی پێداوین و وتی ئه‌وه نانی بە پێشمەرگە داوە و شایانی ئه‌وەیە ئەو سه‌گانه بیخۆن).
هه‌ڵه‌بجه‌ش ئه‌نفال كرا
نه‌ك خۆمان، به‌ڵكو یار و نه‌یار ده‌زانن كه هه‌ڵه‌بجه له رۆژی 16/3/1988 كیمیاباران كرا و پێنج هه‌زار شه‌هید و چه‌ند هه‌زار برینداریشی لێكه‌وته‌وه. دوای كیمیاباران ژماره‌یه‌كی زۆر له هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان روویان له ئێران كرد و چه‌ند مانگ له‌وێ مانه‌وه، دواتر به‌هۆی پڕوپاگه‌نده‌ی رژێمه‌وه كه گوایه عیراق لێبوردنی گشتی ده‌ركردووه و قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه، خه‌ڵكی زۆر له چه‌ند رێگه‌وه گه‌ڕانه‌وه و خۆیان راده‌ستی به‌عس كرد. هه‌ندێكیش له رێگه‌ی ته‌وێڵه و سوونێی قه‌ڵادزێ و چه‌ند شوێنێكی ترەوە گه‌ڕانه‌وه، بەڵام تا ئێستا چاره‌نووسی ئه‌و كه‌سانه دیار نییه.
دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان گه‌ڕانه‌وه، ژماره‌یه‌كیان بران بۆ نوگره سه‌لمان، بریتیبوون لە 1150 كه‌س، به‌داخه‌وه له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا 52 كه‌س به هۆی برسێتی و نه‌خۆشی و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌وە شه‌هید كران و سه‌رجه‌میشیان له ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵای نوگرە سه‌لمان نێژراون. به گشتی له دۆسێی ئه‌نفالی هه‌ڵه‌بجەدا ناوی نزیكه‌ی 2 هه‌زار كه‌سی ئه‌نفالكراو تۆمار کراوە.
له تاوانی نامرۆیی ئه‌نفالدا، هه‌زاران كه‌سی بێ‌تاوان له بناری چیا و پێده‌شته‌كانی گه‌رمیانەوە برابوون بۆ بیابانێكی وشك و قاقڕ، بۆ ئه‌وه‌ی رۆژانه له برسا بمرن و له تینویان بخنكێن، هه‌ر واشبوو، به هه‌زاران ژن و منداڵ و پیر و په‌كه‌وته گیانیان له‌ده‌ستدا، ته‌نانه‌ت گۆڕستانیشیان پێنه‌بڕا و به وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان ده‌رخواردی سه‌گەکان دران.
سه‌رچاوه/ كتێبی نوگره سه‌لمان، سمكۆ سابیر