تۆدی بۆگاشاری سلۆڤینی و پایسكلسواری تیپی (ئیمارات-ئێكس ئاڕ جی) بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەك و چوارەم جار لە مێژووی بەشدارییكدنیدا لە پاڵەوانێتیی پایسكلسواریی تۆر دو فرانسدا، نازناوی پاڵەوانی بردەوە و لە نێو چەندین پاڵەوانی جیهانیی ناوداردا، ئەمجارەش توانی خەڵاتی یەكەمیی بباتەوە.
بۆگاشاری سلۆڤینی لە نێوان ساڵانی 2020 تا 2025، كە پێنج ساڵ دەكات، ئەمە چوارەم نازناوی پاڵەوانی ئەم پاڵەوانێتییە گرنگەی جیهانە دەستەبەریدەكات، پێشتر ساڵانی 2020 و 2021 و 2024 یش نازناوەكەی بردۆتەوە و ئەمساڵ بووبە چوارەم نازناو، ئەمەش خۆی بۆخۆی دەستكەوتێكی گرنگە بەدەستدەهێنێت.
بۆگاشاری سلۆڤینی تەمەنی 26 ساڵە، ئەم دەستكەوتەشی ریكۆردێكە لەم پاڵەوانێتییەدا تۆمار دەكرێت، پێشتر كریس فرۆم توانیویەتی چوار جار نازناوی پاڵەوانی ئەم پاڵەوانێتییە تۆمار بكات و هیچی وای نەماوە ناوی بچێتە لیستی ناوی ئەفسانەكانی ئەم پاڵەوانێتییەوە.
بوگاشار ماوەی پاڵەوانێتییەكە کە 3320 كیلۆمەتر بوو لە 21 قۆناغی جیاجیادا، بە 76 سەعات و 32 سانیە بڕیوە و درێسی زەردی یەكەمیی لەبەر كرا، لە قۆناغی 12 –ەوە ئەم درێسەی لەبەر كرد تا كۆتایی هیچ پایسكلسوارێكی تر نەیتوانی لەبەریبكات، بەمەش بوگاشار وەك ساڵی پار پێش یۆناس ڤینگاردی دووەمی ریزبەندیی گشتی كەوت و فلۆریان لیپۆیتز سێیەمی پاڵەوانێتییەكە بوو.
مێژوویەكی كورت
ئەم پاڵەوانێتییە گرنگەی پایسكلسواریی، لە ساڵی 1903 –ەوە دەستیپێكردووە، گرنگترین و ناودارترین پاڵەوانێتیی جیهانیی پایسكلسوارییە، هینری دیگرانگ خاوەنی بیرۆكەی پاڵەوانێتییەكەیە، كە ئەو ساڵە بەڕێوەبەری رۆژنامەی لۆتۆ بووە لە پاریس.
لەو ساڵەوە تائێستا ساڵانە پاڵەوانێتییەكە رێكدەخرێت، تەنیا لە نێوان ساڵانی جەنگەكانی جیهانی یەكەم و دووەمدا راوەستاوە و نەكراوە. پایسكلسورانی ناودار لە سەرجەم وڵاتانی دنیاوە بەشداریی تیادا دەكەن بۆ بردنەوەی نازناو و لەبەركردنی درێسی زەردی یەكەمی.
ئەمساڵ رۆژی 5ی ئەم مانگە یەكەم قۆناغی پاڵەوانێتییە دەستیپێكرد، ماوەی سێ هەفتەی خایاند، شاشەی تیڤییەكانی 190 وڵاتی دنیا پێشبڕكێیەكانیان دەگواستەوە، بەمەش بوو بە سێیەم پڕ بینەرترین پاڵەوانێتیی جیهانی، پاش مۆندیالی تۆپی پێ و ئۆڵۆمپیاد.