ئاوات ئەحمەد سوڵتان
(28)
سوڵتان: دەزانم ئیمڕۆ سەفەر دەکەیت، بەڵام هێشتا یەک دوو سەعاتێک ماوە، پێمخۆشە لەسەر گفتوگۆکەمان بەردەوام ببین!
هایدگەر: باشە، ئەمجارەیان چی لە هەگبەکەتدایە؟
سوڵتان: دەمەوێت بزانم مەبەستت چیە کە دەڵێیت «زمان ماڵی پێبوونە (becoming)؛ مرۆڤ لەوێدا نیشتەجێ دەبێت؟»
هایدگەر: دەمەوێت بڵێم، زمان ئامڕازێک نییە تا لێوەی گوزارشت لە هزرەکانی ناو مێشکمان بکەین، بەڵکو فەزایەکە خودی پێبوون لەناویدا نیشتەجێیە. هەر خۆی زمان جیهانمان بۆ ئاشکرا دەکات و وادەکات شیاو بێت.
سوڵتان: ناشێت بڵێیت «ئێمە زمان بەکارناهێنین، بەڵکو زمان بوار دەڕەخسێنێت تا پێبوون بێتە گۆ و قابیلی تێگەیشتن بێت؟»
هایدگەر: بــــــــۆ نــــــــا؟ رێک وام وتووە. مەبەستیشم لەوەیە واز لەوە بهێنین کە بڵیین مرۆڤ بکەرێکە و کۆنترۆڵی زمان دەکات، بەڵکو بیر لەوە بکەینەوە کە زمان نێوەندێکە بوار دەدات پێبوون جیلوە بدات.
سوڵتان: ئاخر تۆ بەمە تێگەیشتنی ئێمە لە زمان ئاوەژوو دەکەیتەوە، ئێمە لە هزری رۆژانەماندا، لە بیرکردنەوەی فەلسەفییانەی کلاسیکدا، زمان وەک ئامڕازی پەیوەندیکردن و گوزارشتکردن لە هزرەکان بەکاردەهێنین.
هایدگەر: ئەمە راستە، بەڵام مــــــــن وا بەکاریناهێنم. لای من زمان شتێکی دەرەکی نییە لەژێر کۆنترۆڵی خۆماندا بێت، بەڵکو کایەیەکە، بوارێکە لەناویدا دەبین و لیوەی لە جیهان تێدەگەین. هەرگیز ئەوەت لەبیرنەچێت زمان سندوقی کەلوپەلەکان نییە، بەڵکو «ماڵی پێبوونە».
سوڵتان: ئەمە یانی چی؟
هایدگەر: یانی لە توێی زمانەوە دەرکەوتنی بوون دەبینین، لێی تێدەگەین، بیری لێدەکەینەوە. زمان پەردە لەسەر بوونی شاراوە لادەدات و ئامادەی دەکات. زمان چەکوشێک یان قەڵەمێک نییە بە دەســـــتی ئێمەوە تا بەویستی خۆمان بەکاریبهێنین، ئێمە لەناو زماندا هەین، واتە هەر لە بنەڕەتەوە بوونەوەری زمانیین راستییەکەی ئێمە بە زمانەوە هەین.
سوڵتان: چۆن؟
هایدگەر: بەوجۆرەی کە نە هەستەکان و نە ئەقڵیش ناتوانن درک بە پێبوون بکەن؛ بەڵکو لە توێی زمانەوە درکی پێدەکەین. بۆچی؟ چونکە پێبوون خۆی لەخۆیەوە دەرناکەوێت، بەڵکو ئەوکاتە کەشف دەبێت کە دەوترێت؛ زمانیش ئەو بوارەیە کە رێگە دەدات ئەم وتنە رووبدات.
سوڵتان: روون نییە!
هایدگەر: هەموو بەکارهێنانەکانی زمان (شیعر، ئاخاوتن، بیرکردنەوە، گێڕانەوە ... هتد) سەرقاڵی ئامادەکردنی پێبوونن. کاتێک هۆڵدەرلین دەڵێت: «درەخت»، مەبەستی بابەتێکی ماتریاڵیی نییە بە تەنها، بەڵکو ئامادەبوونی «پێبوون»ە لەتوێی کەشفبوونیەوە وەک درەخت. لە هەرسێ کاری ‹بوون و کات› و ‹نامەیەک دەربارەی هیومانیزم› و ‹شیعر و بیرکردنەوە›دا بە وردی لەمبارەیەوە دواوم.
سوڵتان: واتە تۆ پێتوایە زمان پێش ‹خود› دەکەوێت؟
هایدگەر: ئەمە راستە، چونکە ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە زمان پێکیهێناوە؛ بەرلەوەی تۆ یان من ببین، زمان هەبووە؛ ئەو ئاگاییمان، درککردنمان، شوناسیشمان پێکدەهێنێت، ئێمە زمانمان نییە تا بەکاریبهێنین، بەڵکو لە زماندا نیشتەجێ دەبین، لەتوێی زمانەوە دەبین.
سوڵتان: لەمەیان تێدەگەم، چونکە تۆ مەبەستت لە خود، هەمان قەوارە ئەقڵانییەکەی دێکارت نییە کە دەیووت «من بیردەکەمەوە کەواتە هەم»، بەڵکو تۆ باسی (دازاین) دەکەیت، ئەو هەبووەی بەسەر پێبووندا دەکرێتەوە، لە بوونی خۆی تێدەگات و لێی رادەمێنێت.
هایدگەر: باشە، ئەوەشمان باسکرد کە (ئالێستیا) جگە لەوەی مانای هەقیقەت دەگەیەنێت، مانای کەشفکردن، پەردەلادانیش دەگەیەنێت. لە زماندا وشەکان بەتەنها زانیاریی ناگوێزنەوە، بەڵکو پەردە لەسەر بوون لادەدەن.
سوڵتان: کەواتە کاتێک من وادەزانم وشــــــەکان بـــــــەکاردەهێنم بــــــــۆ راڤەکردن، گوزارشتکردن، روونکردنەوەی هزرەکانم؛ بەشێوەیەک لە شێوەکان بە هەڵەدا دەچم. چونکە هزر و بیرۆکەکان لە دەرەوەی زمان بوونیان نییە؛ بەڵکو لەناو زماندا و لە توێی وشەکانەوە ئامادە دەبن.
هایدگەر: پێکات! کاتێک دەڵێم ئەمڕۆ سەفەر دەکەم، من ئاماژە ناکەم بۆ بابەتێک یان رووداوێک، بەڵکو پەردە لەسەر پەیوەندییەکی ئۆنتۆلۆژی لادەدەم، کە بارگاوییە بە یادەوەریی، مێژوو، هەست ... هتد. ئەگەر زمان نەبێت ئەمە بە هیچ جۆرێک شیاو نابێت. واتە زمان بەتەنها ئامڕازی پەیوەندیکردن و گەیاندن نییە، بەڵکو ئەزموونێکی ئۆنتۆلۆژییە. زمان پێش مرۆڤ دەکەوێت وەک ‹قسەکەر› مەرجی ئەگەرە جیاجیاکانی تێگەیشتنە. هەربۆیە دەڵێم: ئەوەی مرۆڤی لێ دەژی ئەو خانووانە نین کە لە بەرد یان تەختە دروست کراون، یان کابینەکەی من لە دارستان، بەڵکو لەناو ئەگەرەکانی تێگەیشتن و لێکدانەوەدا، واتە لەناو زماندا دەژی.
سوڵتان: لەمە تێگەیشتم. تۆ مەبەستت لەوەیە تێگەیشتن و درککردن و بگرە بوونیش؛ هەموویان مەرجدارن بە زمانەوە وەک ماڵ؛ بەمەش زمان شتێک نییە کە لە دەنگەکان و بڕگەکاندا گوزارشتی لێبکەین، بەڵکو هەر خۆی رێگە دەدات بە وتنی هەموو شتیک، بەڵام ئێستا بیر لە شتێکی دیکە دەکەمەوە!
هایدگەر: چی؟
سوڵتان: ئەگەر لە ماڵی زمانەوە بڕوانین، پەیوەندیی نێوان زمان و شیعر چۆنە؟
هایدگەر: شیعر زمانە لە پوختەترین، لە باڵاترین دەرکەوتەیدا.
سوڵتان: چۆن؟
هایدگەر: شیعر بوار دەڕەخسێنێت گوێ بۆ پێبوون رابدێرین، توانای بیستنیمان پێدەدات، بێ ئەوەی هیچ جۆرە مانایەکی حازربەدەستی بەسەردا بسەپێنێت. شاعیر نیشتەجێیەکی رەسەنی ناو زمانە، چونکە ئەو بەتەنها ناوی شتەکان ناهێنێت، بەڵکو ئەو جیهانمان بەسەردا دەکاتەوە.
سوڵتان: هممم! ئێستا لەوە تێدەگەم! تۆ لە کتێبی (شیعر، زمان، هزر) دا جەخت دەکەیت کە «شیعر دامەزراندنی پێبوونە لە توێی وشەوە.» چونکە شیعر گوزارشت لە هزرەکان ناکات، بەڵکو پێبوون بەسەر ئەگەری نوێتردا دەکاتەوە.
هایدگەر: دڵگیریی نیشتەجێبوونی شاعیر لە زماندا، لەوەدایە کە بەردەوام نوێ دەبێتەوە.
سوڵتان: کەواتە لای تۆ شیعر تەنها هونەر نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم کردەیەکی ئۆنتۆلۆژییە.
هایدگەر: وایە، چونکە پێبوون، کە من وشەی ‹زاین› (Sein) ی بۆ بەکاردەهێنم، کەشفبوونێکە سێ رەهەندی هەیە: کات، شوێن، زمان. هەرسێکیان پێویستن بۆ ئەوەی خۆی کەشف بکات.
سوڵتان: ...
هایدگەر: واز لە مەیلی سەرفکردنی جیهان بهێنین، بەواتایەکی دیکە واز لە لەناوبردنی بهێنین، تەنها دوو دەرچەمان هەیە: شیعر و بیرکردنەوە
هایدگەر: لە شیعردا وشەکان ئامڕازی وەزیفی نین، وەک ئەوەی لە میدیادا، یاخود لە مامەڵەکردنی بازاڕ، یان تاقیکردنەوەی مەکتەبدا روودەدات. شیعر وەها وشەکان دەردەبڕێت، وەک ئەوەی یەکەمینجار بێت بوترێن. شاعیر شتەکان ناڵێت، بەڵکو ئامادەبوونیان دەڵێت. وەسفی جیهان ناکات، بەڵکو جیهان ئاوەڵا دەکات، بانگهێشتمان دەکات بۆ بینینی ئەوەی نەبینراوە، بیستنی ئەوەی نەبیستراوە. شیعر نزیکترین فۆرمی زمانە، لە خودی پێبوون.
سوڵتان: زیاتر بۆم روون بکەرەوە، بۆ نموونە، جیاوازیی نێوان قسەی رۆژانە و وشەی شیعرییم بۆ روونتر بکەرەوە.
هایدگەر: ئاخاوتنی رۆژانە، ماڵێکی لەبیرکراوە، ئێمە بەردەوام دەستەواژەکان دووبارە دەکەینەوە، هەمان مانای پێشووتریان پێدەبەخشینەوە، لە گەڕەلاوژەی قسەکردن و ژاوەژاودا بزر دەبین و چیتر گوێ بۆ پێبوون رانادێرین. تاکە هەوڵمان بۆ دەربازبوون لەم گێژەنە شیعر و هزرە، ئەم دووانە هەوڵی ئێمەن بۆ ئەوەی سەرلەنوێ گوێ بۆ پێبوون رابگرینەوە. لە ژیانی رۆژانەدا، زمان ئامڕازە، بەڵام لە شیعر و فەلسەفەدا جێگای نیشتەجێبوونە. بەڕاستی هزری رەسەن سەدای پێبوونە لەناو زماندا.
سوڵتان: یانی! کەواتە لەگەڵ گۆڕانی زماندا، شێوازی نیشتەجێبوونمان لەناویدا دەگۆڕێت.
هایدگەر: راستە، هەموو وەرچەرخانێک، گۆڕانێک، جێگۆڕکێکردنێک لە زماندا، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری و وەرچەرخان لە نیشتەجێبوونی ئۆنتۆلۆژیماندا. زمانی بازاڕ و میدیا، زمانێکی رووتەختە، قووڵایی نییە، جیهان لە مانا بەتاڵ دەکاتەوە، هەربۆیە شاعیر و فەیلەسوف وەک پاسەوانی زمان هەڵدەسوڕێن. هزری راستەقینە زمان بەرکارناهێنێت، بەڵکو گوێی بۆ رادەدێرێت، ئەوەمان بۆ کەشف دەکات چۆن زمان بوار دەڕەخسێنێت پێبوون خۆی کەشف بکات.
سوڵتان: چارەنووسی ئەم نیشتەجێبوونە لە زماندا، لە سەردەمی تەکنەلۆجیا و جیهانگیرییدا بەچی دەگات؟
هایدگەر: ئێمە ئێستا لە نامۆبوونێکی زمانییدا دەژین. تەکنەلۆژیا گوتارێکی وەزیفی بەرهەمدەهێنێت و وشــــــــەکان لە توانستە ئۆنتۆلۆژییەکانیان بەتاڵدەکاتەوە. ئێمە چیتر لەناو زماندا ناژین، بەڵکو بووین بە مەسرەفکەری زمان. تاکە رێگاشمان گوێڕادێرانی شیعریی و هزرییە، بۆ ئەوەی ماڵەکەمان بەدەستبهێنینەوە و تێیدا نیشتەجێ ببینەوە. بیرت نەچێت، تەکنەلۆژیا بەتەنها کۆمەڵێک ئامڕاز نییە، بەڵکو تەرزێکی بیرکردنەوەیە بۆ ئامادەکردنی جیهانێکی سواو کە جار لەدوای جار خۆی دووبارە دەکاتەوە، کە مانا دەکات بە کاڵا و لە ئەگەرە ئۆنتۆلۆژییەکانی دایدەماڵێت، کە تەواوی ئەزموونی مرۆڤایەتی لە ئاستی بازاڕ و ئاخاوتنی رۆژانەدا یەکدەخات و هیچ تایبەتمەندێتییەکی کەلتوری و رۆحی بۆ زمان ناهێڵێتەوە.
سوڵتان: مەبەستت لەوەیە لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا، زمان دەبێت بە ئامڕازێکی پەیوەندیکردن، رێگای بەرەو پێبوون بزر دەکات؟
هایدگەر: بەڵێ، تەنانەت شیعریش لە ئاماژە پەنهانەکان و دەلالەتە شاراوەکانی رووت دەکاتەوە و دەیگۆڕێت بۆ (رێنمایی و رێوشوێن و بگرە فەرمانکردنیش). ئەگەر سەرنجێکی دەوری خۆت بدەیت، دەبینیت چیتر لە ناو جیهانێکدا ناژین کراوە بێت بۆ تێڕامان، بەڵکو زانیارییەکان گەمارۆیان داوین و جیهانیان بەسەردا داخستووین. ئێستا تێڕامان و شیعر و سرووتەکان و گوێڕادێران بۆ پێبوون، هەموویان بوون بە رابردوو، ئەو ماڵەی لێی نیشتەجێ بووین، بووە بە مۆزەخانەی هەموو ئەو هەوڵانەی کەشفکردنی پێبوونی لەخۆگرتووە، بەمەش دەڵێین بەجیهانیکردن.
سوڵتان: ئومێدێک هەیە بۆ دەربازبوون؟
هایدگەر: واز لە مەیلی سەرفکردنی جیهان بهێنین، بەواتایەکی دیکە واز لە لەناوبردنی بهێنین، تەنها دوو دەرچەمان هەیە: شیعر و بیرکردنەوە. چونکە شیعر سەرلەنوێ ناوی جیهان دەنێتەوە، دەمانباتەوە بۆ لای ساتەکانی خۆکەشفکردنی پێبوون، بیرکردنەوەش وامان لێدەکات گوێ رابدێرین بۆ ئەوەی هێشتا بیری لێنەکراوەتەوە. ئێمە پێویستیمان بە یەک شتە: فێر ببین بە شیعرییەتەوە لەسەر ئەم زەمینە نیشتەجێ بین.
سوڵتان: کەواتە تەکنەلۆژیا هەڕەشەیە بۆ ســــەر زمان! گوتاری تەکنەلۆژیا شێوازی نیشتەجێبونمان لەناو ماڵی زماندا لەق دەکات! راستە؟
هایدگەر: بەڵێ، چونکە تەکنەلۆژیا زمان لە شیوەیەکی وەزیفییدا دادەڕێژێت، بەتاڵی دەکاتەوە لەوەی ئالوودەی پێبوون بێت. دەیکات بە کۆمەڵێک کۆد، رێوشوێن، لە تەکنەلۆژیادا جێگایەک بۆ سەرسوڕمان، بۆ شیعر، بۆ تێڕامان نامێنێتەوە. تەکنەلۆژیا ئێمەی کردووە بە کۆمەڵە بوونەوەرێک کە لەناو زماندا نیشتەجێ نین، بەڵکو لەناو سیستمێکی هێما بێگیانەکاندا هەڵدەسوڕێین. زمانەکەمانی کرد بە ئامڕازی کۆنترۆڵ و رێنماییکردن، بەوەش بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین، لە ماڵی پێبوون دەریپەڕاندووین. واتە ئێمەی کردووە بە بوونەوەرێکی بایۆلۆژی، چیتر توانای تێگەیشتن و گوێڕادێرانمان بۆ پێبوون نەماوە. جیهان هەمووی بووە بە سەرچاوەی حازربەدەست بۆ سەرفکردن، بە زمان و کات و خودی مرۆڤیشەوە. ئێمە فریوی ئەوەمان خواردووە کە وادەزانین کۆنترۆڵەکە بەدەستی خۆمانەوەیە، بەڵام ئەوەی روویداوە دۆڕاندنـــــــی خودی خۆمانە، نیشتەجێبوونە هێورەکەمان لە پێبووندا، ئێمە چیتر جیهان ناڵێین، لێی رانامێنین، بەڵکو سەرفی دەکەین. مەترسی گەورەی تەکنەلۆژیا لە وێرانکارییدا نییە، بەڵکو لە لەبیرکردنی پێبووندایە.
سوڵتان: ئەی بێدەنگی؟ لە مــــــــــــاڵی نیشتەجێبوونماندا، جێگایەک بۆ بێدەنگی هەیە؟
هایدگەر: ئاگادار بە، بێدەنگی پێچەوانەی ئاخاوتن نییە، بگرە جێگەیەکی بنەڕەتیی لەناو زماندا هەیە، چونکە جاری وا هەیە پێبوون بە وشەکان گوزارشتی لێناکرێت، بەڵکو لەتوێی بێدەنگییەوە ئاماژەی بۆ دەکرێت. ئاخر مەزنترینی شتەکان ناوترێن، بەڵکو بەرامبەریان بێدەنگیی لێدەکرێت. قووڵیی زمان لە بێدەنگییدایە، نەک لە دەنگەکانیدا، چونکە بێدەنگیی بوارێکە بۆ لەئامێزگرتنی بزریی، نائامادەیی، لێگەڕانە بۆ ئەوەی پێبوون، ببێت. بێدەنگی فەزایەکە بۆ دروستبوونی وشە راستەقینەکان. ئەو ماڵەی لێی نیشتەجێ دەبین بە تەنها ماڵی وتن نییە، بەڵکو خۆگرتنەوەشە لە وتن. بێدەنگیی زۆر بە باشی دەمانخاتە ناو ئەزموونی سەرسوڕمان و کەشفبوونەوە.
سوڵتان: باشە! با کەمێک باسی پەیوەندیی نێوان زمان و کات بکەین؛ ئایا زمان توانای پاراستنی کاتی هەیە؟
هایدگەر: گوێبگرە! زمان بەتەنها ماڵێک نییە لە شوێندا، بەڵکو تەونێکیشە لە کاتدا، ئێمە تەنها لە جیهاندا نیشتەجێ نین، بەڵکو لە توێی زمانەوە، لەناو کاتیشدا نیشتەجێ دەبین. کاتێک قسە دەکەین، لە کارلێکێکی بەردەوامدا دەبین لەگەڵ یادەوەرییدا، (رابردوو)؛ هەروەها لەگەڵ ئێستاشدا (کەشفبوون) لەپاڵ داهاتووشدا (ئەگەر). لە زمانــــــــــــدا هەموو لاواندنەوەکان هەموو پەرۆشییەکان کەڵەکە دەبن، ئومێد، پەژارە، هەموویان سەر بە تێکەڵەیەکن کە لە کات و شوێن دروست بووە. بەمجۆرە زمان پارێزەری کاتە، چونکە لە ئێستادا دەیهێڵێتەوە و پێوەستیشی دەکات بە ئەگەرە ئایندەییەکانیشەوە لەناو ئاگاییماندا. تۆ بڕوانە، فەلسەفە ئەو جێگایەیە کە تێیدا کات و شوێن یەکتر دەبڕن، ئەو جێگایەی زمان دەکات بە ماڵی تێڕامانی خۆی، نەک لێکدانەوەی. هەربۆیەشە ئەرکی فەلسەفە هێنانەوەی پرسیارە رەسەنەکانە بۆ سەر رووکاری زمان: (شت چیە؟ بۆچی شتێک هەیە لەبری ئەوەی هیچ نەبێت... هتد)
هایدگەر
زمان وەک ماڵی نیشتەجێبوون