لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا، حکومەتی سوریا بە سەرکردایەتی بەشار ئەسەد رووخا و ئیدارەی راگوزەری ئەحمەد شەرع هاتەئاراوە. لەوساتەوە تا ئێستا نە سوریا ئۆقرەیی بە خۆیەوە بینیوە، نە خوێندنەوەیەکی دروستیش هەیە بۆ ئایندەی گەلانی ئەو وڵاتە. لەوەش زیاتر، دیارنییە ئەو سوریا نوێیە دەبێتە دۆستی ئیسرائیلی دراوسێی؟ یاخود هەردووکیان لە ئینزاری سووردا دەمێننەوە و بە دەیان چاو، چاودێریی یەکتر دەکەن.
حکومەتە راگوزەرەکەی شەرع چەند جوڵەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی کردووە، کە تائێستا هەر بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا ئابڵوقەی سەر سوریا هەڵبگرێت و پاڵپشتیشی بۆ دەربڕی.
شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە سەردانەکەی دەیڤید لامی وەزیری دەرەوە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا ستایشی سورییەکانی کرد بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان و پاکێجێکی یارمەتی بە بڕی 94.5 ملیۆن پاوەند پێشکەش بە حکومەتی ئەو وڵاتە کرد.
نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپاش پێشوازی لە نەخشەڕێگای راگوزەری سوریا کرد و جەختی لە رێزگرتن لە مافی کەمینەکان و مافەکانی مرۆڤ کردەوە.
ئامادەکردنی: باهۆز ئاسۆ
لەوانە گرنگتر چییە؟
گرنگتر لە جوڵەی ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان بۆ پاڵپشتی لە سوریای نوێ، پەیوەندییەکانی دیمەشق و تەلئەڤیڤە. وەك دەوترێت هەمووی لەلایەك ئەو بابەتە لەلایەکی دیکە، چونکە مێژوویەکی پڕ شەڕ و پڕ ململانێ هەردوولا کۆدەکاتەوە.
هەم زانیاری هەیە و هەم لێدوانی رەسمی لەبارەی ئەوەی حکومەتەکەی شەرع و ئیسرائیل بەرەو پەیوەندیی سەقامگیر و دوور لە جەنگ هەنگاودەنێن.
سەرچاوەیەك بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: «لە پەراوێزی سەردانەکەی شەرع بۆ باکۆی پایتەختی ئازەربایجان، کۆبوونەوەیەك لەنێوان لێپرسراوێکی سوری و لێپرسراوێکی ئیسرائیلی بەڕێوەچووە». هەڵبەت ئەو کۆبوونەوەیە پێش رووداوەکانی پارێزگای سوەیدای باشووری سوریا بووە، کە ناوچەی دروزەکانی نزیك لە ئیسرائیل لەلایەن هێزە هاوبەشەکانی حکومەتی سوریاوە کرایە ئامانج و پەرچەکرداری توندی سوپای ئیسرائیلی لێکەوتەوە، بە بۆردومانکردنی دیمەشق و کۆشکی سەرۆکایەتی و سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا و چەند ناوچەیەکی دیکەی سوریاوە نەوەستایەوە و چەند سەرکردەیەکی سەربازیشی کوشت. دواتریش بە چاودێریی ئەمریکا ئاگربەستیان ئیمزاکرد.
ئەو دیدارە لەکاتێکدا روویداوە، ئەمریکا هەوڵی دەستپێکردووە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و ئیسرائیل.
لە 14ی ئایاردا، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە ریاز، بە میوانداری محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەڕێی پەیوەندیی ڤیدیۆیی لە دوورەوە بەشداری تێداکرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داوای لە شەرع کرد دەست بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بکات.
دوای کۆبوونەوەکە، کارۆلین لیڤیت سکرتێری رۆژنامەنووسیی کۆشکی سپی رایگەیاند، ترەمپ هانی شەرعی داوە پەیوەندی بە رێککەوتننامەی ئیبراهیمییەوە بکات، کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەگەیەنێت.
رێککەوتنەکانی ئیبراهیم، کۆمەڵێک رێککەوتنن، کە لە ساڵی 2020دا ئەنجامدراوە، تێیدا ئیمارات و بەحرەین و مەغریب و سودان بە رەسمی پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابوورییان لەگەڵ ئیسرائیل دامەزراندووە. ئەو رێککەوتنانە لەلایەن ئەمریکاوە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا ئەنجامدراون و گرنگی بە هاوکاری لە بواری دیپلۆماسی و بەرگری و بازرگانی دەدەن.
ئیسرائیل چی لە سوریا دەوێت؟
ئەمە گرنگترین پرسیارە لە ئێستادا؛ ئیسرائیل چی لە سوریا دەوێت؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە، د.ویتۆڵد رێپیتۆویکز مامۆستای زانکۆ و رۆژنامەنووسی پۆڵەندی بۆ کوردستانی نوێ وتی: «حکومەتی بنیامین ناتانیاهو ستراتیژی چاندنی دابەشکاری و لاوازکردنی سوریای گرتەبەر، لەسەر ئەو بنەمایەی پێیوایە پەیڕەوکردنی پەیوەندییەکی راستەوخۆی ئەرێنی بە جۆرێك لە جۆرەکان مەترسیدارە».
وتیشی: «پێموایە ئەمە ستراتیژێکی هەڵەیە، تەنانەت ئەگەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلیش رەچاوبکەین. ئەم ستراتیژە لەسەر بنەمای بیرکردنەوەیەکی کۆن دامەزراوە، کە هەموو عەرەب دوژمنن و ناتوانرێت متمانەیان پێبکرێت. بۆیە باوەڕیان بەوە نییە سوریای دۆست شتێکی ماناداربێت. ئەوان متمانەیان بە عەرەب نییە و پێیانوایە سوریای لاواز باشترە لە سوریای دۆست، بەڵام هەندێک پسپۆڕ لە ئیسرائیل هەن بە توندی دژی ئەم رێبازەن و پێیانوایە نزیکبوونەوە لە ئەحمەد شەرع قازانجی زۆر زیاتری بۆ ئیسرائیل دەبێت، ئەمەش لەکاتێکدایە ئیسرائیل ساڵانێکی زۆرە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ چەکدارانی بەرەی تەحریری شام».
د.ویتۆڵد رێپیتۆویکز لەگەڵ ئەوەدایە ئەو نزیکبونەوەیە هەبێت، بەڵام پێویستی بە گۆڕانکارییەکی گشتگیر هەیە لە شێوازی بیرکردنەوەی ئێستای حکومەتی ئیسرائیل سەبارەت بە سوریا و ناوچەکە، بەڵام پێیوانییە ئەم حکومەتە ئیسرائیلییە بتوانێت ئەوە بکات.
ئەو رۆژنامەنووسە پۆڵەندییە جەختدەکاتەوە لەوەی، پاڵپشتیی ئیسرائیل بۆ کەمینەکان لە سوریا، بەتایبەتی کورد، تەنها قسەیە و ئیسرائیل هیچ یارمەتییەکی راستەقینەیان نادات، هەروەها لە حاڵەتی رووبەڕووبوونەوەدا هیچ هاوکارییەکی دیار بۆ کوردەکان یان هەر گرووپێکی دیکە دابین ناکات، جگە لە دروزەکان ئەمەش بەهۆی هۆکارە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل. حکومەتی ناتانیاهو پێیوایە باشترین بژاردە بۆ ئاسایشی ئیسرائیل شەڕێکی نوێی ناوخۆییە لە سوریادا.
دەشڵێت: «پێدەچێت شەرع ئامادە بێت وەڵامی زۆرێک لە نیگەرانییەکانی ئیسرائیل بداتەوە، بەڵام باوەڕم بەوە نییە سوریا بتوانێت بەمزووانە ببێت بە بەشێک لە رێککەوتنی ئیبراهیمی. هەروەها بۆ ئیسرائیل گرنگە هەژموونی تورکیا لە سوریادا لاوازبکات، بەتایبەتی لەڕووی سەربازییەوە، بەڵام دیسانەوە تاکتیکی هەڵەیان گرتەبەر بۆ ئەم مەبەستە».
لە کۆتاییشدا باسی لەوەکرد، سوریایەکی سەقامگیر لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئێستادا و هەبوونی پەیوەندییەك ئەگەر سنوورداریش بێت باشترە بۆ ئیسرائیل، بەڵام ناتانیاهو سیاسەتێکی جیاواز دەگرێتەبەر، کە بۆ داهاتووی ئیسرائیل باش نابێت، چونکە شەڕێکی نوێ لە سوریا رەنگە رێگە بە ئێران بدات هەندێك پێگە لەوێدا بەدەستبهێنێتەوە، هەروەها هەبوونی ئاژاوەگێڕی یارمەتیدەردەبێت بۆ دووبارە دەرکەوتنی هەندێک گروپی جیهادی، کە لە توانایاندا بێت هێرش بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامبدەن.
سوریا و ئیسرائیل ئاشتی راستەقینە بەخۆیانەوە دەبینن؟
هەر لەسەر ئەم دۆسیەیە، پرۆفیسۆر د.فوئاد جومعە مامۆستا لە زانکۆی Szczecinی پۆڵەندا بۆ کوردستانی نوێ دواو وتی: «گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان سوریا و ئیسرائیل ناوە ناوە سەرهەڵدەداتەوە و لەبەر رۆشنایی پێشهاتەکانی ئەمدواییانەی سوریا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، ئایا دەتوانین ئاشتییەکی راستەقینە لەنێوان هەردوو وڵاتدا ببینین؟ وەڵامەکە ئاڵۆزە، چونکە بەرژەوەندییە سیاسی و ئەمنییەکان چ ناوخۆیی بن یاخود ناوچەیی لەگەڵ بەربەستە مێژوویی و ئایینی و کۆمەڵایەتییە چەسپاوەکاندا تێکەڵاوبوون».
بەگوێرەی لێکدانەوەی د.فوئاد جومعە، گۆڕانی بارودۆخ و سەرکردایەتیی سوریا و رووخانی بەشار ئەسەد، دەرفەتێك بۆ سوریا دەڕەخسێنێت، کە خۆی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی دووبارە جێگیربکاتەوە. رەنگە سەرکردایەتیی نوێ هەوڵی شکاندنی گۆشەگیری نێودەوڵەتی چەندین ساڵەی وڵاتەکە بدات و بیەوێت سەقامگیری و پشتیوانی بۆ ئاوەدانکردنەوە دەستەبەربکات. ئیسرائیلیش لەلایەن خۆیەوە هەوڵ بۆ ئەوە دەدات سنوورەکانی باکووری وڵاتەکەی بپارێزێت و کاریگەرییەکانی ئێران سنووردارتربکات و هەوڵبدات هێزەکانی وەك حزبوڵڵا لاوازبکات، ئەمەش بە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی ئەمنیی لەگەڵ دیمەشق. هاوکات لەگەڵ بەشێک لەم پێشهاتانە، لە ماوەی رابردوودا هەڵگرتنی هەندێك لە سزاکانی سەر سوریا راگەیەندرا، ئەمەش هۆکارێکی باشە تا دەرگایەکی نوێی ئابووری بکاتەوە و مامەڵە دیپلۆماسییەکانی دیمەشق فراوانتربکات.
سەرکردایەتی راگوزەر و بەربەستەکانی بەردەمی
وتیشی: «خاڵی چارەنووسساز لێرەدا لە سروشتی سەرکردایەتی ئێستای سوریادایە. ئەحمەد شەرع وەك سەرۆکی حکومەتێکی راگوزەر، پێدەچێت شەرعییەتی دەستووری و جەماوەری تەواوی نەبێت بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی ئاشتیی هەمەلایەنە و بەردەوام، کە دەوڵەت و گەلی سوریا بۆ ماوەیەکی درێژ پابەندبکات پێوەی. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، هەر رێککەوتنێك لەم قۆناغەدا بکرێت بە ئەگەرێکی زۆرەوە یان لێکتێگەیشتنێکی ئەمنی کاتییە یاخود رێککەوتنێك دەبێت سەبارەت بە کەمکردنەوی گرژییەکان، نەك پەیماننامەیەکی ئاشتیی گشتگیر».
هەروەها باسی لەوەکرد، لە دەرەوەی مەبەستە سیاسییەکان، ئاڵنگاری قووڵی چەسپاو هەن، کە ئاشتی هەمەلایەنە و تەواو لە داهاتوویەکی نزیکدا لە رادەبەدەر قورس دەکەن، لەوانە؛ پرسی بەرزاییەکانی جۆلان، کە هێشتا وەك گەورەترین بەربەست ماوەتەوە. سوریا داوای کشانەوەی تەواوی ئیسرائیل دەکات، لەکاتێکدا ئیسرائیل پێداگری لە سەروەریی خۆی بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەکات و هەردوولا رەتیدەکەنەوە لەم پرسەدا پاشەکشە بکەن. پرسی کەمینەکان وەک پرسی کورد، رەنگە سەرکردایەتیی سوریا هەوڵبدات هەر بەرژەوەندییەکی رۆژئاوا یان ئیسرائیل لە مەلەفی کەمینەکان و بەتایبەت کوردەکان دووربخاتەوە، بۆئەوەی رێبگرێت لە دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی سوریا، یان هاندانی مەیلی جوداخوازی لەو وڵاتە، بەڵام بە پێچەوانەوە، رەنگە زلهێزەکانی رۆژئاوا ئەم پرسانە وەك کارتیکی فشار بەکاربهێنن.
پاشخانی ئایینی و مێژوویی هەردوو وڵاتیش بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ئارادایە و خاڵێکی دیکەیە لە ململانێی نێوان جووەکان و موسڵمانان، کە چەندین سەدەیە هەیە و بۆ بەشێکی زۆری دانیشتوانی سوریا و هەندێک گروپ، ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل وەک ململانێیەکی ئایینی و ئایدیۆلۆژی تەماشادەکرێت. ئەمەش بەربەستێکی دیکەی دەروونی و ئایدیۆلۆژییە لەبەردەم هەر بیرۆکەیەکی ئاشتیدا.
وتیشی: «لە کۆتاییدا، نەوەکان لە سوریا و لە بەشێکی زۆری جیهانی عەرەبیدا لەسەر گێڕانەوەی ململانێ و رق و کینە بەرامبەر بە ئیسرائیل و جولەکەکان لەڕێگەی مەنهەجی پەروەردەیی و میدیا و گوتاری سیاسییەوە پەروەردە کراون. گۆڕینی ئەم بیرکردنەوەیەش تەنیا بە ئیمزاکردنی رێککەوتنێک بەس نییە پێویستی بە گۆڕانکارییەکی قووڵی کەلتوری و کۆمەڵایەتی هەیە کە ساڵانێکی زۆری دەوێت».
لەکۆتاییدا د.فوئاد جومعە مامۆستا لە زانکۆی Szczecinی پۆڵەندا وتی: «سەرئەنجام لە ژێر رۆشنایی هەموو ئەم شیکاریانەدا، بۆچوون وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئاشتییەکی هەمەلایەنە و ئاسایی لەنێوان سوریا و ئیسرائیلدا بەدوور دەزانرێت. ئاڵنگاری ئایینی و نەتەوەیی و مێژوویی، لەگەڵ پرسی بەرزاییەکانی جۆلان، کۆمەڵە بەربەستێکن، کە ناتوانرێت بە ئاسانی تێپەڕێنرێن».