پێكهاتەكانی سوریا پێداگری لەسەر مافەكانیان دەكەن و چاودێرانی سیاسییش پێیانوایە ئەحمەد شەرع سەرۆك کۆمار بە هەڵە لە پەیامەکانی ئەمریكا و ئیسرائیل سەبارەت بە سوریا تێگەیشتووە و وادەزانێت گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە بۆئەوەی هەر شتێكی بوێت لە وڵاتەکەدا، جێبەجێی بكات، بەڵام هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق پەیامێكە بۆ شەرع لە پاراستنی مافی پێكهاتەكان.
سوریا و مەركەزی
محەمەد ئاڵا نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان
لە هەرێمی کوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بوونی مەركەزییەت لە سوریای نوێدا ناتوانێت هیچ كێشەیەكی پێكهاتەكان چارەسەربكات، چونكە ئەگەر هەمان كێشەكانی رابردوو هەبن، ئیتر بۆچی حكومەتی بەشار ئەسەد رووخا؟ ئەحمەد شەرع ئەگەر بیەوێت وەكو بەشار ئەسەد سیستمێكی مەركەزی جێبەجێ بكات، بەدڵنیاییەوە كێشەی زۆر بۆ پێكهاتەكان دروستدەكات و پێكهاتەكان تووشی كۆمەڵكوژی دەبن و چەندین كێشە و ئاڵۆزی نوێ لە سوریادا دروست دەبێت.
تایبەتمەندیی پێكهاتەكانی سوریا
وتیشی: لەبەرئەوەی پێكهاتەكانی سوریا هەریەكەیان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و داواكارن لە سوریا رێز لە كەلتور و تایبەتمەندییەكانیان بگیرێت و بەو شێوازەی خۆیان دەیانەوێت بژین، نەك ئەوەی حكومەتی نوێی سوریا و ئەحمەد شەرع دەیانەوێت، بۆیە ئەگەر ئەو كێشە و ئاڵۆزییانەی هەن چارەسەرنەكرێن، بەدڵنیاییەوە رۆژبەڕۆژ ئاڵۆزییەكان روو لە هەڵكشان دەكەن.
پەلاماردانی پێكهاتەكانی سوریا
داود چیچەك رۆژنامەنووس و لێكۆڵەری سیاسی بە كوردستانی نوێ-ی وت: شەڕ و ئاڵۆزییەكانی چەند رۆژی رابردوو لە سوریا، یەكەمجار نییە روودەدەن، پێشتریش هەمان كار بەرامبەر بە كورد و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دژی دەستکەوتەکانی کورد لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەناوی عەشائیری عەرەبەوە كراوە، دواتر بەرامبەر بە عەلەوییەكان لە كەناراوەکانی لازقیە و تەڕتوس، توندوتیژیی روویدا بەناوی ئەوەی عەلەوییەکان سەربە حكومەتی پێشووی بەشار ئەسەدن، بەڵام ئەمانە هەمووی بەهانە و بیانووبوون، ئەوەی ئێستاش بەرامبەر دروزەكان دەكرێت، هەمان سیاسەتی دەسەڵاتی نوێی سوریایە بە سەركردایەتیی شەرع، چونكە ئێستا لە زۆربەی ڤیدیۆكاندا دەبینین ئەو چەكدارانە لۆگۆ و ئاڵای داعش لەسەر سنگیانە و دەیانەوێت تۆڵە لە پێكهاتەكان بكەنەوە، چەكدارەكان خۆیان ڤیدیۆ دەگرن و بڵاوی دەكەنەوە و شانازی بەو كارانەوە دەكەن، كە دژی پێكهاتەكانی سوریا ئەنجامی دەدەن، ئەو بیروباوەڕەی هەیانە دەیچەسپێنن، لەبەرئەوە عەقڵییەتێكی زۆر مەترسیدارە، ئەمە چارەنووسی پێكهاتەكانی سوریا وەك (كورد، دروز، عەلەوی و مەسیحی) بەرەو نادیاری دەبات.
پەیامی ئیسرائیل بۆ سوریا
وتیشی: نوێنەری سەرۆکی ئەمریكا، كە وتویەتی، یەك وڵات و یەك حكومەت و یەك سوپا و یەك خاك، مەبەستیان ئەوەیە نایانەوێت سوریا پارچە پارچە ببێت، بەڵام حكومەتی سوریا بە هەڵە لەوە تێگەیشتووە، وادەزانێت گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە بۆئەوەی هەر شتێك بیەوێت لە دژی پێكهاتەكانی دیکەی سوریا ئەنجامی بدات و بڵێت پێویستە هەموو پێكهاتەكان لەژێر دەسەڵاتی مندا بن، بەڵام لە راستیدا بەپێی ئەو رێكکەوتنەی پێشوو لەنێوان كورد بە سەرۆكایەتیی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، بە نێوەندگیریی (ئەمریكا و فەرەنسا) كراوە، بۆ ئەوە ئیمزاکراوە تا مافی هەموو پێكهاتەكانی سوریا پارێزراوبێت و بەشداربن لە دەسەڵات و حكومەتی نوێی سوریادا، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستی نێودەوڵەتییش وەک پێویست نەبوو، كە هەموو دەسەڵاتێكیان دا بە حكومەتی شەرع بەتایبەتی بەنێوەندگیریی (سعودیە و توركیا) بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ، كە ئەو سزاكانی سەری لابرد، ئەوانە وایكرد حكومەتی سوریا دەستكراوە بێت، زیاتر خۆی بسەپێنێت، بەڵام ئەم رووداوەی كۆتایی لە سوەیدا و هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل لە ناوەندی دیمەشق، پەیامێكی زۆر توندبوو بۆ شەرع و گروپە چەكدارەكان، لەبەرئەوە دوای ئەم رووداوانەی لە سوەیدا روویاندا، بە بۆچوونی من پێشهاتی نوێ روودەدات، ئەو مەترسییانەی لەسەر كوردیش هەبوون نەمێنن و كورد دەتوانێت بەدەنگی بەرز داوای مافەكانی خۆی بكات و بتوانێت زیاتر بچێتە ناو سیاسەتی دیمەشق و خاوەنی پرۆژەیەكی یەكگرتووبێت بۆ دەستووری نوێی سوریا، بەتایبەتی بۆ پاراستنی مافی پێكهاتەكان، چونكە ئەو دەستوورەی شەرع دایناوە و خۆی وەك سەرۆك كۆماری سوریا ناساندووە، شەرعییەتی بەخۆی داوە، هەمووی بە شێوەیەكی عورفی بووە، كۆمەڵێك كەس و لایەنگری خۆی كۆكردووەتەوە و ئەو بڕیارەیان داوە و بە هیچ شێوەیەك یاسایی نییە، بۆیە ئەوە شتێكی كاتییە و پێویستە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، ئەگەرنا ئەوا بەدڵنیاییەوە ناكۆكییەكان لە سوریادا زیاتر دەبن.
كوردستانی نوێ، هیوا كازم