لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، سەرۆک بافڵ لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆبۆوە.
پاش کۆبوونەوەکە، نووسینگەی سودانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەڵێت، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە بەغدا پێشوازی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد و تاوتوێی کێشەی مووچەی هەرێم و رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتیان کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە دیدارەکەدا تاوتوێی کۆمەڵێک پرس و دۆسێی نیشتمانی کرا، بە تایبەتی پرسی رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتیی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران. هەردوولا گرنگیی هەماهەنگی و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی دۆسێ هاوبەشەکانیان بەدی کرد.
سەرۆک وەزیرانی عیراق جەختیکردەوە لەسەر پێویستی کارکردن بە گوێرەی چوارچێوە دەستووری و یاساییە کارپێکراوەکان، هەروەها ئاماژەی بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەم بارەیەوە کرد. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەوڵانەی کە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و دەستووری بۆ کێشەکانی هەرێم و ناوەند دەبێت.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە ئامادەکارییە بەردەوامەکان کراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و هەردوو لا گرنگی ئەوەیان دەرخست کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن گوزارشت لە خواستی راستەقینەی گەلی عیراق بکات، ئەمەش لە رێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرانیانەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
سەردانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەغدا دوای کۆبوونەوەی دوێنێی یەکێتی و پارتی دێت لە پیرمام.