مەڵبەندی حەمرین سێ پرۆژە بۆ گەڕەكەكانی خورماتوو جێبەجێدەكات

11:32 - 2025-07-22
کوردستان
35 جار خوێندراوەتەوە

مەڵبەندی حەمرینی ی.ن.ك، سێ پرۆژەی ئاو و كارەبا بۆ گەڕەكەكانی خورماتوو جێبەجێدەكات، لێپرسراوی مەڵبەندیش تەئكیددەكاتەوە كە هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ و پێداگریی دەكەن بودجە بۆ پڕۆژە پێویستەكان تەرخانبكرێت.
مەلا كەریم شكور لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەشێكی گەڕەكەكانی خورماتوو بەتایبەتی گەڕەكە كوردییەكان، پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیان پێنەگەیەنراوە و حكومەتی خۆجێیی كەمتەرخەمە لە جێبەجێكردنیاندا، دانیشتووانەكانیشیان چەندینجار داواكاری و ناڕەزاییان دەربڕیوە و لایەنی پەیوەندیداریان لێ ئاگاداركردووەتەوە، بەڵام وەك پێویست وەڵامیان نەدراوە، وتیشی: بەشێكی ئەو گەڕەك و كۆڵانانە پێویستە خزمەتگوزارییەكانیان پێبگەیەنرێت، بۆیە ئێمە وەك یەكێتی و مەڵبەندی حەمرین، بڕیارمانداوە كاربكەین بۆ جێبەجێكردنی بەشێكی پرۆژەكان بەتایبەتی پرۆژەكانی ئاو و كارەبا، كە لە داهاتوویەكی نزیكدا سێ پرۆژە دەستپێدەكەین بۆ گەڕەكەكان و بودجەكەشی خۆمان دابینیدەكەین.
لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرین، ئاماژەی بەوەشكرد خورماتوو پێویستی بە پرۆژەی زیاترە لە هەموو بوارەكاندا و لە رابردوودا لەلایەن حكومەتەكانی عیراقەوە كەمتەرخەمیی زۆری بەرامبەر كراوە و تەنانەت پرۆژە پێویست و گرنگەكانیشی بۆ جێبەجێنەكراوە، ئەوەشی كراوە وەك پێویست نین و هۆكارێك نییە بۆ ئاوەدانیی سنوورەكە، بۆیە هەوڵەكان چڕتردەكەنەوە و پێداگریی دەكەن پڕۆژە پێویستەكانی بۆ بخرێتە بەرنامەوە و بودجەیان بۆ دابینبكرێت.
خورماتوو، عومەر ئاوارە

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان