نائاگایی بەکۆمەڵ، کاریگەریی لەسەر شووناس و رەفتار

10:44 - 2025-07-23
کەلتور
116 جار خوێندراوەتەوە


مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان




(کارل گوستاڤ یۆنگ 1875 - 1961)، دەروونناسێکی سویسرییە و دامەزرێنەری دەروونناسی شیکارییە،  لە کتێبی مرۆڤ و هێماکانی(Man and His Symbols) ئەوەی روونکردۆتەوە کە هێماکان تەنها رەگەزێکی کەلتوری نین، بەڵکو دەربڕینن لەو ئەزموونە قووڵانەی مرۆڤ کە دەشێت دووربن لە ئاگایی-consciousness-ەوە. ئەم هێمایانە خۆیان لە زۆر لایەندا دەبیننەوە وەک (خەون و ئەفسانەکان و هونەرە جۆربەجۆرەکان) کە رەنگدانەوەی ئەزموونە هاوبەشەکانی مرۆڤن.
لەم کتێبەدا، یۆنگ تێڕوانینێکی فراوان دەربارەی دەروونی مرۆڤ دەبەخشێت، لەو نێوەندەشدا بەشێوەیەکی تایبەت لە چەمکی نائاگایی بەکۆمەڵ (نائاگایی کۆمەڵیی)دا بۆچوونی خۆی چڕکردۆتەوە، ئەو ئەم چەمکە وا پێناسە دەکات، بەشێک بێت لە دەروونی مرۆڤ کە پێکدێت لە یادەوەریی و ئەزموونە هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤەکان، نموونەی وەکو ئەفسانە و بیروبۆچوونە کەلتورییەکان. 
یۆنگ ئەم چەمکە بەوە لێکدەداتەوە کە چۆن ئەم بابەتانە لە تێگەیشتنمان، لە چۆنیەتی کاریگەریی ئەزموونە هاوبەشەکانمان لەسەر  هەست و رەفتارەکانمان یارمەتیمان دەدات، ئەمەش ئەوەمان بۆ راڤە دەکات، چۆن تاکەکان لە هەڵوێستە جوداکان لە ژیانی رۆژانەیاندا کارلێک دەکەن.
یۆنگ، پێی وایە خەونەکان تەنها ئەزموونی هەڕەمەکی نین، بەڵکو هەڵگری پەیام و هێماگەلێکن کە رەنگدانەوەی ململانێ و ئارەزووە ناوەکییەکانی ئادەمیزادن، تاک بە شیکردنەوەی خەونەکان دەتوانێت تێگەیشتنێکی قووڵتر لە خۆی دەستبخات و لایەنگەلێک ئاشکرا بکات کە رەنگە لە ئاگایی هۆشیارانەی خۆیدا پەی پێنەبراوبن، ئەم شیکارییە، یارمەتیدەری تاک دەبێت، بۆ زیاتر ئاشنابوونی بە پاڵنەرە راستەقینەکانیان.
جگە لەوەش، یۆنگ ستایلە دەروونییە جودا لە یەکەکان راڤە دەکات، وەک کەسێتییە جیاوازەکان (کراوە و گۆشەگیر)، چۆن ئەم جۆرانە کاریگەرییان لەسەر پەیوەندیی و رەفتارەکان دەبێت، تێگەیشتن لە ناسینەوەی ئەم جۆرانە یارمەتی تاکەکان دەدات کارلێکەکانیان لەگەڵ کەسانی دیکە باشتر بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی پەیوەندییەکی تەندروستتر و کاریگەرتر. شیکاریی دەروونی بە ئامرازێکی گرنگ دادەنێت لە تێگەیشتنی خود و پەرەپێدانی کەسیی، لە رێی خود دۆزینەوەی دەروونییەوە تاک دەتوانێت لە کێشمەکێشە ناوەکییەکان تێبگات و بە کارامەیی لەگەڵیان رەفتار بکات، ئەوەش وادەکات گەشەی کەسێتی بەردەوام بێت.
یۆنگ، هاوبەستی لە نێوان ئەفسانەکان و هێماکاندا دەکات، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەفسانەکان هەڵگری ئەو هێمایانەن کە رەنگدانەوەی ئەزموونی مرۆڤیین، ئەم ئەفسانانە ئەو پەند و داناییانە لە خۆدەگرن کە وا لە مرۆڤ دەکەن، لە خۆی و جیهانەکەی باشتر تێبگات، جارێکی تریش ئەمەش رۆڵ دەبینێت لە پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان تاکەکان و ئەزموونە هاوبەشەکانیان.

کارل گوستاڤ یۆنگ

 
چەمکی نائاگایی بەکۆمەڵ 
چەمکی نائاگایی بەکۆمەڵ، یەکێکە لە بیرۆکە سەرەکییەکانی تیۆری دەروونیی کارل یۆنگ و ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک ئەزموون و باوەڕ و هێما، کە مرۆڤ بە گشتی هاوبەشی  تێدا دەکەن، وەک بەشێک لە دەروونی مرۆڤ پێناسە دەکرێت، کە تاکایەتی تێدەپەڕێنێت و ئەزموون و هەست و هێماکانی هاوبەشی هەموو مرۆڤەکانی تێدایە، ئەو ئاستە قووڵەی هۆشیارییە کە هەمووان بە درێژایی تەمەنەکان هاوبەشی دەکەن.
نائاگایی بەکۆمەڵ، بەشێوەیەکی کاریگەر، کار لەسەر رەفتار و هەستەکانمان دەکات، باشبەندێکی نەبینراو پێکدەهێنێت لەسەر چۆنییەتی وەڵامدانەوەکانمان بۆ هەڵوێستە جۆربەجۆڕەکان، کاتێک دووچاری ئەزموونێکی دیاریکراو دەبینەوە، دەشێت لە ناخماندا ئەو هەست و هێمایانە بە ئاگا بێنەوە کە پەیوەستن بەو ئەزموونە هاوبەشانەمانەوە، کە وامان لێدەکات بە جۆرێک کارلێکمان لەگەڵی هەبێت زۆر بەباشی لێی تێنەگەین.

نائاگایی کۆمەڵیی چی دەگرێتەوە؟
1 - ئەو هێما و نموونە دەروونییانەن کە لە هەموو کەلتورەکاندا هەن، وەک دایک، پاڵەوان، دانا، سێبەر..، ئەم هێمایانە دەرخەری ئەزموونە بنەڕەتییەکانی مرۆڤن کە لە ئەفسانە و خەونەکاندا دەردەکەون.
2 - کاریگەریی کەلتور و مێژوو: لێرەدا نائاگایی بەکۆمەڵ لەو ئەزموونە مێژوویی و کەلتورییانەوە سەرچاوە دەگرن،  بە درێژایی دەستاودەستی نەوەکان کەڵەکە بوون، وەک ئەزموونەکانی جەنگ، قەیرانە ئابوورییەکان کە شوێنەوارێکی چڕ لە نائاگایی کۆمەڵیی گەلاندا جێدەهێڵن.
3 - دەربڕینە دەروونییەکان: بەشێک لە رووخسارەکانی نائاگایی بەکۆمەڵ خۆیان لە جۆرەکانی هونەر و ئەدەب و ئاییندا دەبیننەوە، هەروەک دەکرێت جۆری پاڵەوان و نموونەکان و هێما هاوبەشەکان لە داستان و ئەسفانە میللیەکاندا دەربکەون. 
4 - رۆڵی چارەسەرییە دەروونییەکان: لە چارەسەری دەروونیدا دەکرێت نائاگایی بەکۆمەڵ بدۆزرێتەوە بۆ تێگەیشتن لە ململانێ ناوەکییەکان، لە رێی شیکارکردنی هێما و خەونەکانەوە، تاکەکان دەتوانن لەو کاریگەرییە نائاگاییە کۆمەڵییانە تێبگەن کە کاریگەریان لەسەر ژیانیان هەبووە.
5 - هاوبەستیی نێوان نەوەکان: نائاگایی بەکۆمەڵ رێگە خۆشکەرە و دەرفەت دەدات بە نەوەکان پێکەوە ببەسترێنەوە، لە رێگەی گواستنەوەی بیروبۆچوون و هەستە هاوبەشەکانیانەوە بە درێژایی کات و سەردەمەکان، ئەمەش هۆکارە بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندییە مرۆڤییەکان بە شێوەیەکی قوڵتر.

 

لەم کتێبەدا، یۆنگ تێڕوانینێکی فراوان دەربارەی دەروونی مرۆڤ دەبەخشێت، لەو نێوەندەشدا بەشێوەیەکی تایبەت لە چەمکی نائاگایی بەکۆمەڵ (نائاگایی کۆمەڵیی)دا بۆچوونی خۆی چڕکردووەتەوە


رەخنە و سەرنجەکان لەسەر نائاگایی بەکۆمەڵ
بەشێک لە رەخنەگران وادەبینن کە تیۆری نائاگایی کۆمەڵیی، ناتوانێت بەڵگەی ئەزموونکراوی بەهێز لە خۆبگرێت بوونی بسەلمێنێت، یاخود شێوازێکی بەرجەستە نییە بتوانرێت تاقیبکرێتەوە یاخود پێوەرێک پێکهاتەکانی نائاگایی بەکۆمەڵ پێوانە بکات. هەندێکی تر پێیان وایە ئەم تیۆرییە، لە رادەبەدەر گشتییە و ئەمەش وایلێکردووە ئامانجەکەی نەپێکێت، یان دەشێت ئەم هێمایانە گشتی بن و رەنگانەوەی ئەزموونکردنەکانی تاک و کەلتور نەبن بە شێوەیەکی پێویست. سەرەڕای ئەمانەش وا دەبینرێت ئەم تیۆرییە، بەرهەڵست و ناتەبایە لەگەڵ چەمکەکانی تیۆرییە نوێکانی دەروونزانیی، بەتایبەت وەک دەروونزانی دەماریی و پەرەپێدانی، کە جەخت لە لایەنەکانی بایۆلۆژی و تاکگەرایی دەکەن لە رەفتاردا.
سەرەڕای ئەو رەخنانەی کە رووبەڕووی تیۆری کارل یۆنگ دەبێتەوە سەبارەت بە نائاگایی بەکۆمەڵ، بەڵام ناکرێت نکوڵی لەو حەقیقەتە بکرێت، کە ئەم تیۆرییە بەشدارییەکی گرنگی زۆری هەیە لە بواری دەروونناسیدا، لێرەدا دیارترینی ئەم بەشداریانە دەخەینەڕوو:
1. تێگەیشتن لە هێما و خەونەکان:  ئەم تیۆرییە رۆڵی گەورەی هەبوو لە ناسینی گرنگی هێما و خەونەکان وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی ململانێ و پێداویستییە دەروونییە قووڵەکان، ئەمەش وایکرد کە ببنە بابەتێکی ناوەندی لە شیکاری دەروونیدا.
2. پەرەپێدانی چەمکی ئارکیتایپەکان: تیۆریی نائاگایی بەکۆمەڵ، چەمکی ئارکیتایپ و نەخش و هێماکانی ناساند کە لە سەرانسەری کەلتورەکاندا هاوبەشن، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن کەلتور و مێژوو کاریگەرییان لەسەر دەروونی مرۆڤ هەیە.
3. شیکردنەوەی دەروونناسی مرۆڤ: چەمکی شیکاریی دەروونی فراوانتر کرد بۆئەوەی رەهەندە بەکۆمەڵ و کەلتورییەکان بگرێتەوە، قووڵبوونەوەی تێگەیشتنمان لە رەفتاری مرۆڤ زیاد کرد.
4. پەیوەندیی نێوان نەوەکان: تیۆرییەکە ئەو بیرۆکەیەی بەهێزتر کرد کە ئەزموون و هەستەکانی مرۆڤ، تاکەکان تێدەپەڕێنن، تێڕوانینەکانی بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندییەکانی نێوان نەوەکان دابین دەکات.
5. کاریگەریی لەسەر هونەر و ئەدەب: نائاگایی بەکۆمەڵ کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بوارەکانی هونەر و ئەدەب هەبووە، بەوپێیەی کە لە رێگەی تێگەیشتن لە هێما و ئارکیتایپەکانەوە بۆ شیکردنەوەی بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان بەکارهێنراوە. 
6. کاریگەری لەسەر دەروونناسی مرۆڤدۆستانە: ئەم تیۆرییە بەشدارییکرد لە داڕشتنی هەندێک بیرۆکە لە دەروونناسی مرۆڤدۆستانەدا، کە گرنگی بە گەشەکردنی کەسی و خۆبەدیهێنان دەدات، بە تیشک خستنە سەر ئەزموونە نائاگا و هاوبەشەکان.
7. بەشدارییکردن لە دەروونناسی کەلتوری:  تیۆرییەکە هاندەری توێژینەوەی دەروونناسیی کەلتوری بوو، بەوپێیەی کەلتور، بە رۆڵێکی بنەڕەتی لە داڕشتنی هۆشیاریی تاک و دەستەجەمعی دانا.
 ئەوەی دەکرێت بیڵێین، تیۆریی نائاگایی بەکۆمەڵ، وەک بەشێکی گرنگی مێژووی دەروونناسی دەمێنێتەوە، بەوپێیەی یارمەتیدەر بووە لە پەرەپێدانی تێگەیشتنێکی قووڵتر لە لایەنە دەروونناسی و کەلتورییەکان، کە کاریگەرییان لەسەر رەفتار و ناسنامەی مرۆڤ هەیە، کارل یۆنگ یەکێکە لەو پێشەنگانەی  زۆری خستە سەر خەرمانی تێگەیشتن لە قوڵاییەکانی مرۆڤ.

سەرچاوە:
1 - الانسان و رموزه، سیکۆلوجیة العقل الباطن- کارل.گ.یونگ- ترجمة: عبدالکریم ناصف 2012- دار التکوین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان