مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
منداڵان بە درێژایی گەشەکردنیان، بەرکەوتەی چەندین چیرۆک و کارەکتەری جۆراوجۆر دەبن، کە کاریگەرییان لەسەر جیهانبینیان هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسە جێندەرییەکان، لەم چوارچێوەیەدا تیۆری مێگەرایی وەک شێوازێکی شیکاری گرنگ، کاردەکات بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتی خستنەڕووی جۆری رەگەز لە ئەدەبی منداڵاندا، بەداخەوە زۆرجار کارەکتەرە مێینەکان وەک لاواز یان وابەستە بە کارەکتەرە نێرەکانەوە وێنا دەکرێن، لە کاتێکدا کارەکتەرە نێرینەکان وەک هێمای هێز و بوێری پێشکەش دەکرێن. ئەم جۆرە خستنەڕووە تێنەگەیشتنێکی خراپ سەبارەت بە رۆڵی رەگەزەکان دێنێتە کایەوەو پەیامێکی زۆر هەڵە لە هزری منداڵاندا دەچەسپێنێت بەرامبەر بە چۆنییەتی روانین بۆ رەگەزی خۆی و توانای منداڵان بۆ گەڕان بەدوای شوناسیاندا سنووردار دەکات، چونکە ئەدەب کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر تێڕوانینی منداڵان بۆ رۆڵی رەگەزیی، کاتێک کە نمونەی مێینەی ئەرێنی و سەربەخۆ و بەهێزیان پێشکەش دەکرێت، ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی متمانەی کچان بە خۆیان، لە بەرامبەریشدا کارەکتەرە نێرینەکان دەتوانن پاڵپشت و هاندەربن بۆ تێگەیشتن لە بەهای دادپەروەریی و هاوسۆزی بۆ ئەوانی تر، ئەمەش زیاتر تێگەیشتنێکی ئەرێنی لە رۆڵی جێندەریی پیشان دەدات و هاوسەنگییەکی گونجاو بە پێگە و رۆڵەکانیان دەبەخشێت. بۆیە لێرەدا رۆڵی شیکردنەوەی دەقەکان لە ئەدەبی منداڵان بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی تیۆری مێگەرایی هەنگاوێکی گرنگ و پڕبایەخ دەبێت بەرەو بونیادنانی هۆشیاری و تێگەیشتن لە کاریگەرییە جێندەرییەکان و لەهەمانکاتدا رەخنەگران و توێژەرانیش دەتوانن تێبینی ئەوە بکەن، چی لە ناواخنی دەقەکاندا بە شاراوەیی ئاڕاستەی تێروانینی منداڵان دەکرێت و چۆن ئەو هێماو ئاڕاستانە کار لە بەهاو بیرکردنەوەو ئاکارو رەفتاری نەوەکانمان دەکەن.
شیکردنەوەی دەقێکی ئەدەبی منداڵان لە روانگەیەکی مێگەراییەوە، زۆر لایەن لەخۆ دەگرێت، کە دەکرێت نووسەران لە نووسینەکانیاندا رەچاوی بکەن و رەخنەگران و توێژەرانیش شیکاری دەقەکانی پێ ئەنجام بدەن،کە لێرەدا چەند خاڵێکی سەرەکیان دەخەینەڕوو:
1 - شیکاری کارەکتەرەکان: مەبەست لە رۆڵ و ئەرک و شێوازی خستنەڕوویانە، بەتایبەت رەگەزی مێ، ئایا رۆڵێکی پاشکۆ و لاوازە یاخود هاوسەنگ و سەرەکییە؟
2 - زمان و شێوازی گێرانەوە: گرنگە ئەو شێوازە شیکاریی بۆ بکرێت کە لە گێڕانەوەی دەقەکەدا پەیڕەوکراوە، جۆری دەربڕین و ئاخاوتنەکان، دەنگی کێ زاڵەو دەنگی کێ خەفەکراوە؟
3 - هەڵوێستە کەلتوورییەکان: شیکاری ئەوە بکرێت چۆن کەلتوری خۆماڵیی کاریگەری لەسەر خستنەڕووی جۆری رەگەز لە ئەدەبدا هەیە، ئایا دەقەکان رەنگدانەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکانیان بەرپەرچدانەوەی چەشنە کۆنەباوەکان دەکەن؟ خێزان و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان چۆن بۆ چەمکی جێندەر دەڕوانن؟
4 - کاردانەوەی دەقەکان لەسەر منداڵان: راپرسیی منداڵان لە کاریگەرییەکانی دەقەکان و جۆری تێگەیشتنیان لە رۆڵی کارەکتەرەکان و رەنگدانەوەی لە رەفتارەکانیاندا.
5 - بەروارد کردن: رادەی پێشکەوتن و تێگەیشتنی نووسەران لە چەمکەکانی جێندەرو پەرەپێدانیان لە دەقەکانی ئەدەبی منداڵاندا، ئایا دەقەکان چ گۆڕانکارییەکیان بەدیهێناوە کە لەگەڵ دنیای سەردەم و ماف و ئەرکە نوێکانی منداڵی ئێستا و ئایندەدا بگونجێت؟