ئەمڕۆ مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لە شاری کۆیە لە سێ سەردانی جیادا هەریەک لە هەڤاڵان ئیسماعیل عەبدوڵڵا، ناسراو بە (هەڤاڵ سالار)، پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێ و کەسایەتی دیاری شاری کۆیە، هەمزە عەزیز پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرین؛ رزگار حەمە سوور کوێخا تەهای کانی کوردە کەسایەتی و تێکۆشەری دێرینیان بەسەرکردەوە.
لەو سەردانانەدا مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال پێزانینی بێپایانیان دەربڕی بۆ هەڤاڵانی تێکۆشەر کە مێژوویەکی گەشیان لە شۆڕشی نوێ و ژیانی یەکێتیدا هەیە و لەرێزی پێشەوەی کۆڕی خەبات بوون، بە تایبەت کۆییەکان هەمیشە سەرمەشقی کاروانەکە بوون و بە دڵسۆزی و وەفادارییان تاویان بە شۆڕشی نوێ ئەدایەوە و ئەمڕۆش یەکێتی شانازی بە کۆییەکان و خەبات و قوربانی دانیانەوە دەکات.
لە بەرامبەر ئەو شانازییەدا، سڵاوی وەفا و یەکێتیانەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی پێشکەشی هەڤاڵان ئیسماعیل عەبدوڵڵا، هەمزە عەزیز، رزگار حەمە سوور کوێخا تەهای کانی کوردە کرا.