سه‌ركۆ یونس
گرنگه له ماوه‌ی پێگەیشتن و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆدا، به‌رهه‌می هاورده به بڕیار و رێنمایی سنووردار بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت جووتیاران و خاوه‌ن به‌رهه‌مه‌كان بتوانن تێچوونی به‌رهه‌مهێنان دەربهێننەوە و رێژه‌یه‌كیش قازانج بكه‌ن
ده‌شتی شاره‌زوور، زەوییەکی بەپیت و سەرچاوەی ئاوی زۆر و سازگارە، کەشوهەوا و ژینگه‌یەکی لەباری هەیە بۆ زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، له هه‌مووشی گرنگتر، جووتیاری نمونه‌یی و بەئەزموون و شارەزای زۆری تێدایە.
هەر لە کۆنەوە مرۆڤایەتی پەی بە گرنگیی و بەپیتی ئەم دەشتە بردووە، لە شارەزووردا دەیان و سەدان پاشماوه و شوێنەواری شارستانییەتەکان هەیە، له‌وانه بێستانسوور گردی به‌كراوا، گردی گۆ و زۆربه‌ی گرده‌كانی تر، ده‌توانین بڵێین شاره‌زوور، یه‌كێكه له یه‌كه‌مین لانكه‌كانی نیشته‌جێبوونی دانیشتوان و شێوازی ژیانی مرۆڤی له كۆچكردنه‌وه بۆ كشتوكاڵیی و نیشته‌جێبوون گۆڕیوە.
ئێستا شارەزوور بووە بە فریادڕەسی کوڕان و کچانی بێکار و تەناتەت فەرمانبەر و گەورە و بچووکی ناوچەکە، بەتایبەتی دانیشتووانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە.
وەرزی چنینەوەی بەرهەم
ده‌شتی شاره‌زوور له رووی كارگێڕییه‌وه دابه‌شبووه به‌سه‌ر پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و هه‌ردوو قه‌زای سه‌یدسادق و شاره‌زوور و به‌شێكی ناحیه‌ی عه‌ربه‌تدا، خۆشبەختانە ئەمساڵ ده‌یان و سه‌دان دۆنم زەوی ئەو دەشتە بە پەتاتە و پیاز و شوتی و تەماتە و بامێ داچێنراوە، ئێستا وەرزی هەڵگرتنەوەی پەتاتە و پێگەیشتنی ته‌ماته و بامێیه، په‌تاته‌كه‌شی له جۆری باشه و پر به‌هایه، له پیشه‌سازیی خۆراكدا به‌كارده‌هێنرێت به‌تایبه‌تی چپس.
كاتی كاركردن
لەم وەرزەدا کارکردن لە کێڵگەدا و بامێ و تەماتە رنین و هەڵگرتنەوەی پەتاتە کارێکی سەختە و ئاسان نییە، لەبەرئەوە کرێکاران هەر لە سەعات سێ و چواری بەرەبەیانەوە بە چەندین ئۆتۆمبیلی گەورە و بچووک، دەچنە دەشتە بەپیتەکەی شارەزوور و له سەعات چواردا ده‌ستده‌كه‌ن به‌كاركردن تا نزیک سەعات نۆی بەیانی خەریکی هەڵگرتنەوەی پەتاتەن و بەرهەمێکی جوان دەکەنە بارهەڵکرەکانەوە و لە پاداشتی کارەکانیاندا بڕی 15 بۆ 20 هەزار دینار وەردەگرن، ماندوون، بەڵام بە دڵێکی ئاسوودەوە ده‌گه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌وه بۆ پشوودان و خۆئاماده‌كردن بۆ رۆژی دواتر، به‌و بڕه پاره‌یه بەشێک لە پێداویستی رۆژانەی خۆیان و خێزانەکانیان دابین دەکەن و لەم رۆژگاری هات و نەهاتی مووچەیەدا داهاتێکی
خراپ نییە.
ژنان و كچان زۆرینه‌ن
رێژه‌یه‌كی زۆری کرێکاران له ره‌گه‌زی مێینه‌ن، به‌و پێیه‌ی به‌شێكی زۆر له كچان دوای ته‌واوكردنی زانكۆ یان په‌یمانگا بێكار بوون و به‌هۆی چه‌ندین هۆكاره‌وه بازاڕی كاری ناوچه‌كه توانای وه‌ڵامدانه‌وه و ره‌خساندنی هه‌لی كاریان نەبووە، ناچار له پێناو ژیان و گوزه‌راندا شان ده‌خه‌نه ژێر سه‌تڵ و تووره‌كه‌ی پڕ له په‌تاته‌وه و لێهاتووانە کار دەکەن بێئەوەی بیر لەوە بکەنەوە ئەم کارە لەگەڵ بواری خوێندنی خۆیاندا ناگونجێت.
هه‌ستی به‌رپرسیارانه و نه‌بوونی مووچه و كار و پیشه، كۆمه‌ڵیك هۆكارن بۆ كاركردنی كچان و ژنانی ناوچه‌كه، كاركردنێكی تاڕاده‌یه‌ك قورس و گران، كه به‌دڵنیاییه‌وه خراپیی بژێوی هۆكاری سه‌ره‌كییه، هه‌روه‌ها هه‌ندێک له كچان و ژنان به مه‌به‌ستی هاوكاری و پاڵپشتیی خێزان و هاوسه‌ره‌كانیان ئه‌م كاره ده‌كه‌ن، دیمه‌نی كاركردنی کچان و کوڕان کە شانبەشانی یەک کار دەکەن، نیشانەی زیندووێتی خەڵکی ناوچەکە و پەرۆشییانە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی سەربەرزانە و باشتر.
ده‌رفه‌تێكی ناوازه‌یه
قه‌یرانی دارایی و نه‌بوونی مووچه و نه‌بوونی ده‌رفه‌تی كار و قورسیی پەیداکردنی بژێویی، ئه‌گه‌ر بقۆزرێته‌وه ده‌رفه‌تێكی ناوازه‌یه بۆ پشتبەخۆبەستن، چونکە له‌مه‌وه ده‌توانرێت پلان هه‌بێت بۆ بوژانه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵیی له ناوچه‌كه‌دا، به مه‌رجێك پاڵپشتیی حكومی هه‌بێت و پلانی ستراتیژیی بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌م كه‌رته گرنگه ئاماده‌بكرێت، به‌تایبه‌تی له بابه‌تی ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كاندا. گرنگه له ماوه‌ی پێگەیشتن و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆدا، به‌رهه‌می هاورده به بڕیار و رێنمایی سنووردار بكرێت، بۆئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت جووتیاران و خاوه‌ن به‌رهه‌مه‌كان بتوانن تێچوونی به‌رهه‌مهێنان دەربهێننەوە و رێژه‌یه‌كیش قازانج بكه‌ن، تا وه‌رزێكی تر و ساڵێكی تر، به په‌رۆشییەکی زیاترەوه به‌رهه‌مه‌كانیان دابچێنن و بێخەم بن لە ساغکردنەوەی.