كاریگەرییەكانی زیرەکیی دەستكرد لەسەر کایەکانی ژیان و ئاسانکاریی بۆ مرۆڤ

10:51 - 2025-07-24
دیدار
173 جار خوێندراوەتەوە
#پ.د. نەهلە محەمەد

زیرەکیی دەستکرد لقێکی زانستی کۆمپیوتەرە ئامانجی سەرەکی بریتییە لە بەرهەمهێنانی ئامێری زیرەک کە توانای کردنی ئەو ئەرکانەیان هەبێت کە پێویستیی بە زیرەکیی مرۆڤە، زیرەکیی دەستکرد لە راستیدا جۆرێکە لە ھاوشێوەکردنی زیرەکیی مرۆڤ بۆ کۆمپیوتەر، ئامێرێکە کە بەرنامە بۆ داڕێژراوە بۆ ئەوەی وەک مرۆڤ بیربکاتەوە و توانای لاساییکردنەوەی ھەڵسوکەوتی مرۆڤی ھەیە.
پ.د.نەهلە محەمەد شارەزا لە بواری زیرەکیی دەستکرد، لە دیدارێكدا بۆ كوردستانی نوێ باس لە گرنگی، مەترسییەکان، سوود و زیانەکانی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد دەکات لە ژیانی رۆژانەماندا.

دیداری: محەمەد تۆفیق نەورۆڵی

* گرنگیی زیرەکیی دەستکرد لە چیدایە؟
‎-گرنگیی زیرەکیی دەستکرد لە باشکردنی کوالێتیی و خێرایی کارەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، دەتوانێت کارە دووبارە بووەوەکان بە شێوەیەکی وردتر و خێراتر بکات و لە بوارەكانی پزیشکی، گواستنەوە و کارگێڕیدا شۆڕشی گەورەی بەرپا کردووە، یارمەتی مرۆڤ دەدات لە وەرگرتنی بڕیاری باشتر و کەمکردنەوەی هەڵەدا، هەروەها دەتوانێت لەو کارانەدا بەشداریی بکات کە بۆ مرۆڤ زیانبەخش یان مەترسیدارن.
‎*مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکرد چین؟
‎-زیرەکیی دەستکرد چەندین مەترسیی هەیە، یەکێک لەوانە لە دەستدانی دەستی کاری مرۆڤە لە ئەنجامی ئۆتۆماتیککردنی کارەکاندا، هەروەها بەکارهێنانی نادروستی زانیاریی کەسی و پشتبەستنی زۆری مرۆڤ بە تەکنۆلۆژیا لە مەترسییەکانی دیکەن، هەروەها ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت دەتوانێت لە زۆر کاری دیکەی نادروستدا بەکاربهێنرێت.
*زیرەکیی دەستکرد لە کام بوارانەدا زۆرتر بەکاردەهێنرێت؟
-دەتوانین بڵێین ‎زیرەکیی دەستکرد لە زۆربەی بوارەکاندا بەکاردەهێنرێت، لە بواری پزیشکیدا بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی و پێشنیازی چارەسەر، لە گواستنەوەدا بۆ ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر و بەڕێوەبردنی هاتوچۆ، لە کارگێڕیی و ئابووریدا بۆ شیکاریی بازاڕ و بڕیاردانی وەبەرهێنان، لە پەروەردەدا بۆ فێرکردنی کەسایەتی و باشترکردنی میتۆدەکان، لە کشتوکاڵ، یاسایی، سەربازی و زۆر بواری دیکەشدا بەکاردەهێنرێت.
‎*بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە ئامادەکردنی توێژینەوە زانستییەکاندا تا چەندە دروستە؟
‎-زیرەکیی دەستکرد رۆڵی زۆری هەیە لە ئامادەکردنی توێژینەوەی زانستیدا و یارمەتی توێژەران دەدات لە دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان داتاکان و بەرهەمهێنانی ئەنجامی نوێدا، هەروەها شیکردنەوەی داتاکان و دەرخستنی ئەنجامەکان، بەڵام دەبێت کەسی توێژەر بە تەواویی پشتی پێ نەبەستێت و بە  وردی بیپشکنێت، لەبەرئەوەی ئەگەر هەیە هەڵە بکات یان زانیاریی هەڵە بخاتە ناو لێکۆڵینەوەکانەوە، لەبەرئەوە لە کۆتاییدا دەبێت یارمەتیدەربێت نەک جێگرەوەی مرۆڤ.

بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بە دیوە باشەکەیدا دەبێتە یارمەتیدەری مرۆڤ و دەکرێت کاری مەزنی پێ بکرێت، وەک چارەسەرکردنی کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، دەستنیشانکردنی نەخۆشی و چارەسەرکردنی هەژاریی

* زیرەکیی دەستکرد لایەنگریی دەکات؟
‎-زیرەکیی دەستکرد خۆی لایەنگریی ناکات، بەڵام دەتوانێت لایەنگریی تێیدا پەیداببێت، ئەوەش بەهۆی ئەو داتا و زانیارییانەی لێوەی فێربووە دروست دەبێت، ئەگەر ئەو داتایانەی پێشتر پێی دراوە لایەنگریی تێدا بووبێت سیستمەکەش لایەنگریی دەکات، بۆ نموونە ئەگەر سیستمێک لە داتای دیاریکراوی چینایەتی فێربووبێت، لەوانەیە لایەنگریی بکات، بۆیە پێویستە بە وردی چاودێریی بکرێت و کۆنترۆڵ بکرێت، بە شێوازێک داتاکان جیاوازیی و دادپەروەرییان تێدابێت.
‎* زیرەکیی دەستکرد چۆن دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی دەستی كاری مرۆڤ؟
‎-ئەمە نیگەرانییەكی رەوای مرۆڤە، لەبەرئەوەی زیرەکیی دەستکرد هەندێک پیشەی کۆن لەناو دەبات، بەڵام لە هەمانکاتدا پیشەی نوێش دروست دەکات، بۆیە گرنگە گەنجان خۆیان بۆ ئەو کارە نوێیانە ئامادە بکەن کە پێویستیان بە لێهاتوویی تەکنۆلۆژیایە، پیشەکان زیاتر بەرەو کارە داهێنەرانە و شیکارییەکان دەچن، لەبەرئەوە پێویستە مرۆڤ بەردەوام لە خۆنوێکردنەوەدا بێت بۆئەوەی دەرفەت نەڕەخسێنێت زیرەکیی دەستکرد جێی بگرێتەوە.
‎* چۆن مرۆڤ زیرەکیی دەستکرد لە سوودی خۆی بەکاربهێنێت؟
‎-بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بە دیوە باشەکەیدا دەبێتە یارمەتیدەری مرۆڤ، دەکرێت کاری مەزنی پێ بکرێت، وەک چارەسەرکردنی کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، دەستنیشانکردنی نەخۆشی و چارەسەرکردنی هەژاریی، گرنگە ئاسایشی داتاکان پارێزراوبێت و مافی تایبەتیی کەسەکان بپارێزرێت، هەروەها دەبێت چاودێریی بەردەوام هەبێت و پابەندی بەها ئەخلاقییەکان بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت شەفافیەت لە چۆنیەتی کارکردنیدا هەبێت.
‎* چۆن مرۆڤ خۆی بپارێزێت لە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بە دیوە خراپەکەیدا؟
‎*بۆ خۆپاراستن، نابێت تەواو پشتی پێ ببەستین و هەمیشە بیرکردنەوەی رەخنەیی بەکاربهێنین، دەبێت زانیارییە کەسییەکانمان بپارێزین و وردبین لە بەکارهێنانی ئاپەکاندا، فێربوونی بەردەوام لە تەکنەلۆژیا پێویستە و دەبێت بە زیرەکیی و وردی بەکاریبهێنین و هەمیشە سەرچاوەکان بپشکنین، هەروەها سنووردانان بۆ بەکارهێنانی و پاراستنی بەهاکانی مرۆیی گرنگە و دەبێت زانیاریی دروست لە هەڵە جیابکەینەوە.
داهاتووی زیرەکیی دەستکرد پڕە لە دەرفەت و ئاڵنگاری، پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا، سیستمەکانی زیرەکیی دەستکرد زیاتر پێشبکەون و توانای تێگەیشتن و بیرکردنەوەیان باشتر بێت، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریی گەورەیان لەسەر بازاڕی کار و پیشەکان هەبێت، سەرەڕای ئەمانە، هەندێک نیگەرانیی هەن سەبارەت بە سنوورەکانی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد کە پێویستە بە وردی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

داهاتووی ژیریی دەستکرد پڕە لە دەرفەت و ئاڵنگاری

بابەتە پەیوەندیدارەکان