پۆلیسی سلێمانی چوار تۆمەتباری بەتۆمەتی دزیکردن دەستگیر کردووە، کە عەرەبن و وەکو گەشتیار هاتوونەتە سلێمانی.
لە راگەیاندراوێکی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، چەند دوکاندارێکی زەڕەنگەر لە نووسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سکاڵایان تۆمارکرد کە دزیان لێکراوە، بەبڕیاری دادوەر پۆلیس لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد، توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی پۆلیس تۆمەتباران بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، ئەو چوار کەسە وەک گەشتیار هاتوونەتە سەیرانگای دوکان و رۆژانە هاتوچۆی سلێمانیان کردووە و لەناو بازاڕدا بەبیانوی کڕینی ئاڵتون چونەتە چەند دوکانێکی زەڕەنگەریی و ئاڵتونیان دزیوە.
راشیگەیاندووە، ئێستا تۆمەتبارەکان بەبڕیاری دادوەر لەژێر لێکۆڵینەوەدان و بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون.