بافڵ جەلال تاڵەبانی جەخت لە گرنگیی گفتوگۆکان دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە

05:56 - 2025-07-31
کوردستان
70 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە د. محەمەد حەسان، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق کرد.

لە دیدارێکدا کە د. جوان ئیحسان و رزگار حاجی حەمە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە تاوتوێکران.

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە گرنگیی گفتوگۆ کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، هاوکات پابەندبوون بە رێکەوتنەکانی بە پێویست زانی.

هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، هەردوولا جەختیان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بۆ وەستاندنی هێرشەکان کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق خرایە بەر باس و بافڵ جەلال تاڵەبانی و د. محەمەد حەسان جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان