شێخ جەعفەر بۆ هێزەکانی کۆماندۆ: هەرچی لەتواناتاندایە بۆ خزمەتکردنی خەڵک، بیکەن

12:00 - 2025-08-01
کوردستان
84 جار خوێندراوەتەوە

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بە هێزەکانی کۆماندۆی راگەیاند؛ هەرچی لەتواناتاندایە بۆ خزمەتکردنی خەڵک بیکەن.
ئەو وتەیەی لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەمیانەی سەردانێکیدا هات بۆ فەوجی چواری هێزەکانی کۆماندۆ لە سنووری گەرمیان کە بەهاوڕێیەتی لیوا روکن عومەر ساڵح، فەرماندەی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و موقەدەم دیار عومەر، فەرماندی هێزەکانی کۆماندۆ ئەنجامیدا و لەلایەن فەرماندە و ئەفەسەران و بەشێک لە پێشمەرگەکانی فەوجەوە بە گەرمیی پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکدا، باس لە بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە و شێوازی پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزەکانی کۆماندۆ کرا و لەو بارەیەوە لێپرسراوی ئەنجومەن خۆشحاڵی دەربڕی بەو پێشکەوتنە بەرچاوەی هێزەکانی کۆماندا لەڕووی مەشق و راهێنان و چەکسازی و دیسپلینی سەربازییەوە بەخۆیانەوە بینیوویانە، هاوکات جەختیکردەوە کە پێویستە ئەو هێزە نیشتمانییە، وەک هەمیشە، جگە لە جێبەجێکردنی ئەرکە سەربازی و ئەمنییەکانی خۆی، بەردەوام بێت لە هەماهەنگیی لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەت و دانیشتوانی ناوچەکە و هەرچی لەتوانایاندا بۆ خزمەتکردنی خەڵک بیکات.

لە بەرانبەردا فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ، سوپاسی هەڤاڵ شێخ جەعفەری کرد کە هەمیشە پشتیوانی هێزەکانی کۆماندۆ بووەو بەگرنگی و بایەخەوە لە ئەرک و پێداویستییەکانیان دەکۆڵێتەوە. پاشان تیشکی خستەسەر، مەشق و راهێنانە بەردەوامەکانی هێزەکانی کۆماندۆ و شێوازی پێشخستنی توانا سەربازییەکانیان و کەڵک وەرگرتن لە پێشکەوتنە خێراکانی تەکنۆلۆژیا لەو بوارەدا.
دواتر فەرماندەی فەوج، کورتەیەکی لە کارو چالاکییەکانی فەوجەکەی پێشکەشکردو باسی لە هاوکاریی و هەماهەنگی پتەوی نێوان هێزەکانیان و خەڵکی ناوچەکە کرد کە سەرەنجام خزمەتێکی باش بە فەراهەمکردنی سەقامگیریی و ئارامیی ناوچەکە دەکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان