فەوزیە سوڵتانبەیگی- بۆکان
یاریی بە خۆم دەکەم
پیتە رووخاوەکانم
لە سەریەک هەڵدەچنم
بە دوای یەکدا ریزیان دەکەم،
پێچەوانە دەیان خوێنمەوە
پێچەوانە دەیان نووسم،
بە هەموو بارێکدا
شەقامێک تێمدا دەژێ
لە درێژەی ئەو کچانەدا
کە بانگیان کردم
«شۆڕش»
کراسەکەم ئاوەژوو لەبەردەکەم
کەوشەکانم لینگاولینگ،
کۆڵانێک دەدەمە دوای خۆم
تاریک . . .
دەست لە شێتەکانی دەوەشێنێ
بەرد لە سەرخۆشەکانی دەگرێت.
لە سەر هەموو چوارڕێکان
بمنووسن «فەتانە»،
با دەنگ بداتەوە ئەوینم
لە کتێبەکانی هاتوچۆدا و
چرای سوور مۆدی نەمێنێ!
دەخوازم نەخشەیەکی نوێ بخوڵقێنم
سمت و مەمکەکانم بڕازێنمەوە
بە سلیکۆن،
لێوەکانم بە پرۆتێز،
پرچەکانم شەرابیی بکەم.
با دەنگبداتەوە
لە پەرستگەکاندا سەرخۆشیم
سەرخۆش بە کۆڵانەکانی-با-دا
لادەدەم لە رەچەڵەکی خۆم،
ئیمان دەهێنم بە گوڵێکی وەحشی،
سەر بخاتە سەر سینگم و
جیهان خەو بیباتەوە.
یاریی بە شەو دەکەم،
چی ئەستێرەیەتی دەیدرووم.
لە جوگرفیای کراسەکەت
با دەنگبداتەوە
لە رەوەزەکاندا رووناکییت،
ئەو دەمەی بریسکەیەک
خۆ لە شانی خەیاڵم دەسوێ و
باڵندەکان بانگت دەکەن
«شەقام»!!