شێخ جەعفەر سەردانی مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیانی کرد

08:38 - 2025-07-31
کوردستان
62 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک لە تێکۆشەران و ئەندامانی سەرکردایەتی، سەردانی مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیانی کرد لە شاری کەلار و لەلایەن هەڤاڵ سالار مەحمود لێپرسراوی مەڵبەند و کادرانی ئەنجومەنی مەڵبەندەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکەدا لێپرسراوی ئەنجومەن، ستایشی کار و خەباتی کادرو ئەندامانی سنووری مەڵبەندی گەرمیانی کرد و پێی راگەیاندن کە رێکخستنە تێکۆشەرەکانی گەرمیان هەر لە سەردەمی خەباتی دژ بە رژێمی بەعسەوە تا قۆناغی دوای راپەڕین و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ماندوونەناسانە ئەرکە رێکخراوەییەکانی خۆیان جێبەجێکردووە و نموونەی کەسانی دڵسۆز و ئازاو بەوەفا بوون و هەردەم داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافی رەوای میللەتەکەمان بوون.

پاشان، ئاماژەی بە قوربانیدانی بێ شوماری خەڵکی گەرمیان کرد کە هەمیشە لە ریزی پێشەوەی تێکۆشانی میللەتەکەمان بوون و لەپای ئەو هەڵوێستە جوامێرانەشیان، بەردەوام خۆیان و ناوچەکەیان رووبەڕووی زەبروزەنگی داگیرکەری بەعس و ئەنفال و راگواستن بوونەتەوەو نەهامەتی زۆریان چەشتووە، هەربۆیە شیاوی ئەوەن خزمەتی زیاتریان بکرێت. 

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا هەڤاڵ شێخ جەعفەر، جەختیکردەوە کە بەهێزبوونی یەکێتی واتای گەشانەوەو بەهێزبوونەوەی کوردایەتییە و سەرەنجام دەتوانین لەو رێگەیەوە باشتر داکۆکی لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان بکەین، بۆیە دەبێت لەو بارەیەوە کاری جددی و لێبڕوانە بکەین.  

دواتر، تیشکخرایەسەر کۆمەڵێک بابەتی رێکخراوەیی و لەو رووەوە لێپرسراوی مەڵبەند کورتەباسێکی سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی مەڵبەند و کادرەکانی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا پێشکەشکرد و لەو نێوەندەشدا چەندین پێشنیاز و تێڕوانینی بنیاتنەرانە خرانەڕوو، لەپێناوی زیاتر پەرەپێدانی ئەرک و کارە رێکخراوەییەکاندا.

#گەرمیان #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان