مرۆڤ وەک خۆی

دەروونشیکاری لە فرۆیدەوە تا ئەمڕۆ

10:04 - 2025-07-31
د. هەژار عوسمان مەعروف
72 خوێندراوەتەوە

(1-3)
هستیریا، نەخۆشییەکی دەروونییە، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکیی، بە نیشانەکانی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار خۆی دەردەبڕێت، بێ بوونی گۆڕان و شێوان و تێکچوونی پێکهاتەی جەستەیی لە خودی مێشك و دەمارەکاندا. کەواتە ئیشكردن و وەزیفەی مێشک و دەمار بە شێوەیەکی کاتی تێکدەچێت، بەڵام  پێکهاتەکەیان ساغە و تێکنەچووە، وەک ئەوەی بۆ نموونە: مێشک هەوی کردبێ، یان کیسێک، یان زیادەگۆشتێکی شێرپەنجەیی تێدابێت، یان لوولەخوێنەکانی داخرابێت یان ئاوسابێت. 
نیشانەکانی هستیریا
نیشانە و نارەحەتییەکانی هستیریا ئەمانە و زۆری تریشن : گەشکە و بوورانەوە و بێهۆشبوون یان هۆش تێکچوون، سڕبوون و مێروولەکردنی پێست، هێز تێدا نەمان و لاوازی، گرژبوونی زۆر توند و گەرمی ماسولکەکان، لەرزینی دەست و پێ، یان هەموو جەستە، تێکچوونی زمانگۆکردن و شێوانی دەنگ و قسەکردن، یان کپ و بێدەنگبوونی تەواو و نەتوانینی قسەکردن، یان کێشە لە جوین و قوتدانی خۆراکدا، یان کۆکەی وشک بێ بوونی نەخۆشیی کۆئەندامی هەناسەدان، یان نائاسایی بوونی شێوەی وەستان و دانیشتن و رۆیشتن و جمووجۆڵی ئاسایی رۆژانە، شێوانی کاتی بینین وەک بەرچاوڕەشبوون یان تەنانەت نابینایی کاتی و زۆر شتی تر. 
لە پشتی ئەم نیشانانەوە، هۆ و کێشەی دەروونی و برینداربوونی دەروونی و ئازاردانی جەستەیی و چەوساندنەوە و دەستدرێژیی جۆراوجۆر بە هی سێکسیشەوە، لە منداڵی و هەرزەکاریی، یان لە تەمەنی گەورەیی لە ئێستادا. هەروەها کێشەی کۆمەڵایەتیی قورس هەن، کە کەسەکە لەبەر شەرم و عەیبە و ترس لە سزا و ئابڕوچوون و دابڕان لە دەوروبەری خێزان و کۆمەڵ، ناتوانێ بە دڵی خۆی و لە کانگای دڵیەوە، بە هەست و سۆزی راستەقینەوە، دەریانبڕێ و چارەسەری بنەڕەتیان بۆ بکات، بۆیە بێ ویست و حەز و بێ ئەوەی خۆی بیەوێ و بزانێ یەکێک، یان چەند دانەیە لە نیشانە جەستەییەکانی سەر بە کۆئەندامی مێشک و دەمارەکانی تێدا دەرکەوێت.  
نموونەیەک 
 ژنێکی مێرد دار لە پڕ توانای بینینی نەما، دکتۆری چاو دوای تێڕوانینی ورد پێیوت: چاوت هیچی نییە، دوای چەند هەفتەیەک بزربوو و لە شارێکی دوورەوە لەگەڵ ئەو پیاوەی شەیدای یەکتر بووبوون، دەرکەوتەوە و ئیتر بێ چارەسەری پزیشکی کێشەی بینینەکەشی نەما!  
ئەم نەخۆشانە بە هۆی بوورانەوە و گەشکەی دەروونییەوە چەندینجار بە پەلە و شڵەژانی خزم و کەسەوە، بە ئەمبولانسی فریاکەوتن یان ئۆتۆمبیلی ئاسایی دەبرێن بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان و چەندین تێڕوانینی تاقیگەیی خوێن و سۆنەر و وێنەی تیشکی و سکانی مێشک و ئەندامەکانی تری جەستەییان بۆ دەکرێت، لە کۆتایی هەموویاندا پزیشکەکە دەڵێت: وەڵا هیچی نییە. هەندێک دکتۆر پێی دەڵێن: هستیریا، یان Hysی هەیە!!  ئەمڕۆ وشەی هستیریا لە دنیادا بەسەرچووە و بەکارهێنانی زۆر کەم بووە، بەتایبەتی پزیشکی هەموو پسپۆڕییەکان، نابێت بەکاریبێنن بۆ نەخۆشەکانیان، چونکە وشەیەکی نازانستی و هەڵەیە. 
Hysteria  وشەیەکی یۆنانیی کۆنە بە واتای (نەخۆشییەکی پەیوەنددار بە منداڵدانەوە) دێت، پزیشكی ناوداری یۆنانی کۆن (هیپۆقرات) وایدەزانی، ئەو نەخۆشانەی هستیریایان هەیە، منداڵدانیان تەواو نییە یان ترازاوە و بە جەستەی نەخۆشەکەدا دەجووڵێ و دەگەڕێ. لە مێژە دەرکەوتووە کە نەخۆشییەکە، هیچ پەیوەندیەکی بە منداڵدانەوە نییە، بەڵام لە کچ و ژنی گەنجدا زۆرترە هەتا لە پیاواندا، رەنگە هەرئەمەش بێت کە ناونراوە هستیریا، کە لە وشەی یۆنانیی (Hyster)وە هاتووە و بە واتای منداڵدان دێت. ئێستا لە هەموو دنیای پێشکەوتوودا لە بری هستیریا، وشەی (conversion) کۆنڤێرژن بەکاردێت. 
سەبارەت بەوەی کێ هستیریای هەیە و کێ نیەتی، تەنیا پزیشک، بەتایبەتی پزیشکی مێشك و دەمار و پزیشکی دەروونی بڕیار دەدا نەک هیچ کەسێکی تر، دەنا هەڵە و ناحەقی و سووکایەتی پێکردن و تۆمەتی ناڕەوا بەرامبەر نەخۆشەکە دەکرێت، لە جیاتی تێگەیشتن لێی و هاوسۆزی و چارەسەرکردنی پسپۆڕیانە کە چارەسەری دەروونییە لای پزیشکی دەروونی و دەروونناسی پزیشكیی خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بانتر. بینیومە و بیستومە، خزم و کەس و هاوڕێ و تەنانەت یاریدەدەری پزیشك و هەندێ پزیشکیش، چی بەم نەخۆشانە دەڵێن: وەک( درۆ دەکات، نەخۆش نییە، خۆی وا لە خۆی دەکات، ...).
فرۆید 
 دکتۆر جۆزێف برۆیەر و  فرۆید (1856 - 1939) کە چوو بوو لە شاری ڤییەننا بۆ یەکەمجار لە ساڵەکانی 1880دا، ئەم نیشانە جەستەییانەیان وەک دەربڕ و زمانحاڵی کێشە و بریندارییە دەروونی و کۆمەڵایەتییە قورس و چارەسەرنەکراوەکان ناساند. پێشتر د.برۆیەر بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک (1880-1882) خەریکی چارەسەرکردنی کچێکی 21 ساڵی نەخۆش بوو بە ناوی خوازراوی 
Anna O ، بە شێوازی قسە لەگەڵکردن و خەواندنی دەستکرد (Hypnosis)، کچەکە نیشانەکانی هستیریای تێدابوو و لە رووی جەستەیی، مێشک و دەمارەوە هیچی نەبوو، ئەو بەو چارەسەرە و بێ دەرمان باشتر دەبۆوە.  
د.جۆزێف دەربارەی رەوتی نەخۆشی و چارەسەری Anna O زانیاری و ئەزموونی چارەسەرکردنی سەرکەوتووانەی بە تەنیا بە دواندن، بەڵام بێ دەرمان، بۆ فرۆید باسدەکرد و لە گەڵیدا ئاڵوگۆڕی بیروڕای دەکرد دەربارە بابەتەکە، فرۆید خۆیشی وەک دکتۆرێکی پسپۆڕی مێشک و دەمار زۆرجار گیریخواردبوو بە دەست هەندێک لە نەخۆشەکانییەوە، کە دەرمان چاکی نەدەکردنەوە و نیشانە و ناڕەحەتیەکانیان، کە هی هستیریاکەیان بوو بەردەوام دەبوو.فرۆید پێشتر یەک ساڵ دوای وەرگرتنی پسپۆڕی لە مێشک و دەمار لە ڤییەننا، بۆ ساڵێک لە پاریس لە ژێر سەرپەرشتیی دکتۆر Charcot و دوو دکتۆری تردا،  یەک ساڵ راهێنان و فێربوون و چارەسەرکردنی دەروونیی نەخۆشانی هستیریای کرد و گەڕایەوە بۆ ڤیەنا، ئیتر وردە وردە کەوتە چارەسەرکردنی نەخۆشانی هستیریا و بوو بە ئەو بوارەی، کە سەرکەوتوانە ئەسپی خۆی تێدا تاودا و ناوبانگی تێدا دەرکرد. 
فرۆید ئەم ئەزموونانەی خۆی لە گەڵ نەخۆشانی هستیریا و ئەوانەی د.جۆزێف لەگەڵ Anna  O  سەرنجی راکێشا و کەوتە بیرکردنەوەی قوڵ و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی پراکتیکی و تیۆریی چڕوپڕ، ئەنجامی ئەم کارەی نووسین و بڵاوکردنەوەی کتێبی(لێکۆڵینەوەکان دەربارەی هستیریا) لە ڤیەنا لە ساڵی 1895 بوو، دواتر لە ساڵی 1900 کتێبی (راڤەکردنی خەونەکان) ی نووسی و بڵاویکردەوە.
 دەتوانین بڵێین ئەم دوو کتێبە، کە دەنگدانەوەیەکی گەورەیان هەبوو نەک هەر لە ناوەندە پزیشکییەکان، بەڵکو لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر و کۆمەڵناسی و مێژووشدا، زەنگلێدانی سەرەتای لەدایکبوونی (دەروونشیکاری Psychoanalysis) بوو کە فرۆید، بە دۆزەرەوەکەی دادەنرێت. 

وتارەکانی نوسەر