بەیان ئیبراهیم
ئەی فریشتەی سروشت
وەرە و دواساتەکانی مردنی شیعر ببینە
چۆن لەژێر چەتری گوناهەکاندا لە گیانەڵا دایە.
ئەی فریادڕەسی ون
وەرە و پێستی ئەم گورگانە داماڵە
فڕێماندەرەوە ناو سروشت،
ئەی فریشتەی سەرشانی راست
وەرە و نوێژی لورە لەژێر کەڵبەکانمانا دەربهێنە
چیتر با رەشەبا شیعرەکانم لێنەدزێ.
ئێ من بڵێم چی؟!
کە باوکم ریشی دەشۆردت
گشت کارێزەکان دەتەقین،
کە دایکم نوێژی دەکرد
گشت فریشەکان سەرپۆشی سپیان دەبەست،
کە من هاتم
ژیانیان لەناو دووتۆێی نانێکی گەرما دامێ.
کوا خوێن و جەنگم دەناسی؟!
کە هاتم
نەمدەزانی رەشەبا چ رەنگێکی هەیە.
نەمدەزانی شۆڕەبی
بۆ ملکەچ دەکات بۆ رووبار.
دەمویست کە سەیری ئاسمان بکەم
فڕین ببێتە ناونیشانی شیعر،
کەی ئاشنابووم بەم گورگانە؟!
کەی دەمزانی تەفسیری رەشەبا بکەم؟!
ویستم لەگەڵ رووبار
شیعری ئاویی بنوسین.
ویستم لەگەڵ گوڵ،
رۆمانی بەهار بخوێنینەوە.
بەم چاویلکانەوە چۆن بتوانم
وشە ببەمە بەردەم پەرستگاکانی شیعر؟!
چۆن ئاشنابم بە چۆڕاوگەی جوانی
لە دامێنی قەسیدەیەکەوە؟!
ناو سروشت پڕ بووە لە لورەی گورگ و
بۆنی خوێنی رژاو،
پڕبوە لە رەنگی ڕەشەبا و
هاژەی زریان و
شکاندنەوەی درەختی شیعر.
ئاخر من بەس بۆنی سنەوبەرم بەس بوو
چیم دابوو لە نوێژی کەڵبەی گورگەکان؟!
چیم دابوو لە ترسی ئەسپەکان؟!
من لە قوڵایی شیعردا
ئاشنابووم بەکانی خەیاڵ،
لە دەشتاییەکانی قەسیدەیەکدا
گۆرانی گوڵە گەنمم بۆ برسییەکان دەوت.
لە بری مارشی جەنگ
گوێم لە گمەی کۆتر و
قاسپەی کەوەکان دەگرت.
دەتۆش دووربە لێم
ئێستا پێستی گورگیان کردۆتە بەرم.
خوێنخۆرێکم، باوکیشم لێم دەترسێ.
دایکم دەیوت:
ئەم کچەی من،
بۆ هەڵوەرینی گەڵای گوڵێک دەگریا
دایم بۆنی رێحانەی لێدەهات،
ئەهریمەن هات و لەگەڵ
رەشەبایەکی نەگریسدا بردی
کە هاتەوە نیوەی لە گورگ و
نیوەکەی تری لە خۆی.
دایکم دەیوت:
خودایە شکورم بە بەشت
چی لە بۆنی ئەم گورگە بکەم؟!
چۆن لە رەنگی رەشەبا تێبگەم؟!
کە هاتم ویستم بینایم
لە بۆتەی گریانا دەربهێنم،
باڵ ببخشمە شیعرە بێ باڵەکان،
خشە لە مار بسەنمەوە و
ماڵئاوایی لە بۆنی گورگ بکەم،
رەنگی رەشەبا بگۆڕم و
نەفخی سوور هەڵدەمە ناو قوڵایی دەریاکان،
سوار بۆراقی شیعر ببم و
کۆچ بکەم بەرەو بیابانەکان.
لێرەش دوعای نیشتمان بە کێلی
قەبرەکەی باوکما هەڵواسم،
گۆڕی شەهیدەکان ببەخشمە بە هەشت،
سەرپۆشەکەی دایکم
بکەم بەبەیداخی تەکیەی ئەم دڵەم،
چیتر نە بۆنی گورگ بکەم و
نە رەنگی رەشەبا ببینم .