گرنگیی دیداری یەکێتی و رێکارەکانی گۆڕانکاری و رێکخستنەوەی ئۆرگانەکان

09:55 - 2025-04-27
جەمال ئەکبەر کاکەیی
99 خوێندراوەتەوە

دیارە لەبەر رۆشنایی دیداری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێکخستنەوەی پەیکەر و ئۆرگانەکانی حزب لەم قۆناغەدا، هەنگاوێکی گرنگ و پڕ بایەخە بۆ باشترکردنی ئەدای کاروباری رێکخراوەیی و رێکخستن، مەبەست لەم ئەرکەش رێکخستنەوەی هەمەچەشنەی رێکخراوەییە لە تەواوی ئۆرگانەکان و دەستنیشانکردنی بەرنامە و دیدگا و شێوازی نوێی هەنگاوەکانە، بۆ گەشەکردن و بەدیهێنانی ئامانجی رێکخراوەییە بۆ ئایندە، ئەم هەوڵەش هەر ئەوە نییە کە تەنها گۆڕانکاری بێت لە دەم و چاوی بەرپرسی ئۆرگانەکان، بەڵکو رێکخستنەوە و گۆڕانکاری بنەڕەتییە لە کاروباری بەڕێوەبردن و چۆنێتی کارکردن و راپەڕاندنی ئەرکەکان، بۆ نوێبونەوە و گەشەکردن و هەڵسانەوە و گەیشتن بەو ئامانجانەی کە لە ئایندەدا بەدی بهێنرێن و بنەما و خەسڵەت و شێوازی پێکهاتەی رێکخراوەیی تیادا جێبەجێ بکرێت. 

رێکخستنەوەی پەیکەربەندی ئۆرگانەکانی حزب
ئەمەش لە سۆنگەی بڕیار و راسپاردەکانی دیدارەوە دەکەوێتە بواری جێبەجیێکردنەوە، کە دەبێتە مایەی سەرکەوتنی گەورە لە رێکخستنەوەی پەیکەربەندی ئۆرگانەکانی حزب، کە هەر وەک دەبینرێت، کە گۆڕانکارییە خێراکان لە جیهان و ناوچەکە بەڕێوەیە، بۆیە دەبێت بە وردی دیراسەی هەموو ئەگەرەکان بکرێت و ئەرکی حزب و ئۆرگانەکان لەم قۆناغەدا لەگەڵ واقیعی کۆمەڵگا و گۆڕانکارییەکاندا هاو ئاڕاستە بێت و بگونجێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان.
مەبەستی سەرەکی لە پرۆسەی گۆڕانکاری ریشەیی لە پێکهاتەی رێکخراوەیی لە بوارە جیاجیاکان، زیاتر بۆ نوێبونەوە و رێکخستنەوەی ئەرکەکان دەبێت، بۆ زیاتر تۆکمەو بەهێزکردنی ریزەکانی حزب، چونکە پرۆسەی رێکخستنەوە و گۆڕانکاری لە بەرپرسی ئۆرگانەکان، زیاتر بووژاندنەوە لە نێو ئۆرگانەکان و گیانی تەبایی و پێکەوە کارکردن لە نێو هەڤاڵان فراوانتر بەرجەستە دەکات.

جیاواز لە حزبەکانی تر بیر دەکاتەوە
هەروەکو ئاشکرایە یەکێتی، جیاواز لە حزبەکانی دیکەی سەر گۆڕەپانی سیاسی عیراق و کوردستان بیر دەکاتەوە، حزبێکی جەماوەرییە و لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا هەڵقوڵاوە، بۆیە بەستنی دیداری گشتی خۆی لە خۆیدا رەخساندنی دەرفەتێکی فراوانە بۆ بەشداریکردنی جەماوەرەکەی بۆ بەردەوامبوون و گەشەکردنی یەکێتییە لە شانۆی سیاسییدا، هەڵبەت بە بەشداریکردنی ئەو خەڵکانەی خاوەن پێشینەی نێو رێکخستن و ئۆرگانەکانی یەکێتیدا تا هەنوکەش لەو مەیدانەدا رۆڵیان هەیە، بۆیە پێویستە حزب ویست و خەون و داواکاری جەماوەرەکەی بهێنێتە دی، گومان لەوەدا نییە کە هەر کاتێک بە پێچەوانەی ئەو ئاڕاستەیە کار بکات لە هەردوو ناوەندی جوگرافیای سیاسی و جەماوەریدا پاشەکشە دەکات و پەیکەری رێکخراوەیشی دەکەوێتە بەردەم نیگەرانی و دوورکەوتنەوەی لایەنگران و جەماوەرەکەی.

دیراسەی واقیعەکە
بۆ ئەوەی یەکێتیی بە وردی دیراسەی واقیعەکە بکات و زیاتر بە ئەرکەکانیدا بچێتەوە، پێویستە لە روانگەی جەماوەر و خەڵکەکەیەوە سەیری رابردووی پڕ قوربانی و هەڵسەنگاندنی واقیعی ئێستا و بەرەو ئایندەیەکی گەش بڕوانێت و پەنجە لەسەر کۆی کێشەو گرفت و برینەکان دابنێت و هەتوانیان بکات، بەڵام هێشتا یەکێتیی گەلێک دەوڵەمەندە و خاوەنی کەرەستە و پێداویستی و سەرچاوەی مرۆیی خۆڕێکخستنەوە و هەستانەوەیە، هێشتا ئەم حزبە خەڵکی بە ئەمەک و خاوەن پێشینەی پرشنگداری لایەو رۆڵی لە حکومڕانیدا هەیە و دەتوانێت لەسەر پاشخانە مێژووییە پڕ خەبات و قوربانییەکەی بژێت و بەرەو پێشەوە بچێت. 
کەواتە پێویستە یەکێتیی تەرازووی هاوکێشەکە لە نێوان جەماوەر و هەڤاڵانی خۆی یەک بخات لە پێناوی گەیشتن بە مەهامە بنەڕەتییەکەی، گومانی تێدا نییە کە دووەمین دیداری گشتی یەکێتیی گرنگ و پڕبایەخ بوو لە پێناوی جۆشدانەوە و هەڵسانەوەی کاری رێکخستن و رێکخراوەیی لە ریزەکانی یەکێتیی.
هەروەک سەرۆک بافڵ لە دیدارەکەدا ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی تێکۆشەر و خاوەن ئەزموونەکان کرد، کە پێویستن بۆ گەشەکردن و نوێبوونەوەی یەکێتیی و لەگەڵ هێنانە پێشەوەی گەنجانی شارەزا و لێهاتوو، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەوەی هەڵاوسانی ناتەندروست لە نێو ئۆرگانەکان دروست نەبێت، پێویستە خوێندنەوەیەکی واقیعی بکرێت لەسەر رەوشەکە، چونکە ئەوکات نەک هەر برینەکان ساڕێژ نابن، بەڵکو نیگەرانییەکانیش زیاتر دەبن.

نەخشەیەکی روون
دیداری گشتی یەکێتیی، بریتییە لە نەخشەیەکی روون و دیاریکراوی ئامانج و رێکارەکان بۆ داهاتوو، کە گرنگییەکەی بۆ ئایندەی یەکێتیی لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە :
-1دیاریکردنی ئامانج و ئاراستە و ئاستەنگەکان و پلانی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.
-2یەکخستنی هەموو هەوڵ و تواناکان لە داهاتوودا.
-3پتەوکردنی پەیوەندی نێوان ئەندامان و زیاتر هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و بەهێزکردنی پەیوەندی و پێکەوەکارکردن.
-4بەرزکردنەوەی کاریگەری یەکێتیی لە نێو جەماوەر و کۆمەڵگادا بۆ زیاتر خزمەتکردن.
-5نەهێشتنی هەموو بەربەستەکان لە بەردەم ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکانی داهاتوو و دۆزینەوەی رێگا چارەی کێشەکان.
-6هاندانی پێشخستن و گەشەکردن، لە پێناوی یەکێتییەک کە خۆی لەگەڵ رەوشی نوێدا بگۆڕێت.
-7هاندانی ئەندامان و پێکهاتەکان، بۆ خەباتکردن بە گەیشتن بە ئامانجەکان، ئەمەش پەیوەندیی مەعنەوی و یەکگرتوویی لە ناو یەکێتیدا بەهێز دەکات.
-8جیاکردنەوەی یەکێتی لە رکابەرەکانی، ئەمەش دەبێتە هۆکاری سەرکەوتنی زیاتری یەکێتی لە بواری کارکردندا.
-9پەرەپێدان و گەشەکردن، ئامانجی دیداری گشتی پلانی ستراتیژی بۆ پەرەپێدانی یەکێتی دادەنێت.

سەرئەنجام
بە کورتی دیداری گشتی بناغە و رێنموویی یەکێتییەکە لە پێناو سەرکەوتن و کاریگەری بەهێز و دەیباتە ئاستێکی بەرزتر، وێستگەیەکی گرنگی گۆڕانکاری و چاکسازی و پێوەرێکە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆرگانەکان و دانانی پلانی گونجاو و یەکخستنی دیدگا و ئامانج و گوتار و خوێندنەوەی ورد لەسەر تەواوی ئەرکەکان و هێڵە گشتییەکان ئەنجام دەدات و دەستپێشخەری دەکات بۆ هاوپەیمانێتی لە هەڵبژاردنی ئایندەی عیراق، سیاسەتی روون و ئاشکراو ئامانجی رەوای هەیە لەهەموو سیاسەت و ستراتیژی کارکردن کە بەیەک لیست بەشداری بکرێت بۆ ئەوەی دەنگی کورد پەرتەوازە نەبێت، یەکێتی هەمیشە باوەڕی بە نوێبوونەوە و گەشەکردن هەیە، راگرتنی باڵانسیش یەکێکە لە بنەماکانی بەرنامەی یەکێتی بۆ ئایندەی گەلەکەمان، بۆ چاککردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی لە کوردستان لە پێناوی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکدا، پێشنیار و راسپاردەکانی دیداری گشتی یەکێتی وەک رێنوێنییەکە بۆ گەیشتن بەئامانجەکان و دروستکردنی داهاتوویەکی پتەو و بەهێز و کاریگەر کە ئەرک و بەرنامەکانی یەکێتیی رێک دەخات بۆ سەرکەوتنی بەردەوام.
دواجار کەمکردنەوەی ئۆرگانەکان لە هەندێک ناوچە و سنووردا، زیانی زۆرترە لە قازانج، چونکە کۆمەڵانی خەڵکی ئەو ناوچانە قوربانی زۆریان بۆ (ی.ن.ك) داوە، بۆیە لەوبارەیەوە نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن، کە لەگەڵ ئەوەشدا لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی زۆرمان لە دەست دەچێت. 

* جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 8ی خانەقی

دیداری یەکێتی دیداری رێکخستنەوەی ئۆرگانەکان و داڕشتنەوەی سیاسەتی حزب

وتارەکانی نوسەر