دروستبوونی یەکێتی لە -1-6-1975 وەرچەرخانێک بوو لە کاری حزبی و رێکخراوەیی، حزبێک جیاواز لە هەیکەل و روئیا و سیاسەت لە حزبەکانی دیکەش نەچوو (ئەمە مێژوویەکی دوور و درێژە و هەموان دەتوانین و دەزانین، خاڵ بەخاڵ و تەوەر بە تەوەر بینیومانە و خوێندومانەتەوە).
لەدوای ڕاپەڕینی 1991 کاری حزبی لەڕووی هەیکەل و سیاسەتەوە جۆرێک چەقی بەستبوو، نەک بۆ ناوخۆی حزبێک، بگرە تەواوی حزبەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەش لە زۆرترین حاڵەتدا دەچوونەوە سەر یەکتر و نزیک لە هاوشێوەبوون، ئەمەش وایکردبوو زۆرجار بە رەنگ لەیەکتر جیادەکرانەوە.
ئەم رێڕەوی حزبایەتییە، وەها پەنگی خواردبووەوە، زاتی دەویست حزبێک پێچەوانەی ئەو رێڕەوە رێ بکات و هەوڵی گۆڕین لە ستایڵ و هەیکەل و ناوەڕۆکی خۆی بدات.
هەموو حزبەکان چاویان تەنها لەسەر کۆنگرەی حزبە، کە ئەمەش رێکارێکی کاری رێکخراوەییە و تا ئەمڕۆ کۆنگرەکان نەیانتوانیوە حزب بگۆڕن هتد.
یەکێتی بە حوکمی ئەوەی حزبێکی رچەشکێن و بوێر و چاو نەترسە، بەردەوام شتە نوێ و نوێگەرییەکان ئەو پێشەنگی بووە، هەربۆیە دوای نزیکەی نیو سەدە لەکاری حزبایەتی، چەمکێکی دیکەی هێنایە ناو کاری حزبی و دەرگایەکی دیکە و مۆدێلێکی دیکەی خستە سەر سیاسەت و رێگایەکی نوێی داهێنا ئەویش (دیداری یەکێتی)یە.
جیهان لە گۆڕاندایە، رووداوەکان خێران، حزبەکانیش لە چوارچێوەیەکدا دەقیان گرتووە، یەکێتی دەیەوێت جیاواز رێ بکات.
چۆن؟ دیدار هەنگاوێکی جەوهەریی سەکۆی دیدە جیاوازەکانە ( لەنێوان ئەزموونی دوێنێ و وزە و توانا و عەقڵی ئەمڕۆ) دیدار هەنگاوێکی پۆست مۆدێرنەیە، کرانەوەی حزبە لەبەردەم رووداو و پێشهاتەکان، خۆسازدانە، بۆ جیهانی نوێ و کرانەوەیە بەڕووی پێشکەوتن و بە زانستیکردنی سیاسەت، کە ئێستا حزبە گەورە دیارەکانی جیهان لەناو ئەم جۆرە گۆڕانکارییەدان.
دیدار هەنگاو و رێگاو دەرچەیەکی نوێی مۆدێرن بوو بۆ کاری حربی، کەواتە لەمەودوا، دیدار یەکێتی بەرەو کرانەوە دەبات، مۆدێلێکی نوێی کاری حزبی دەخاتە ناو کارنامە و سیاسەتی یەکێتییەوە.
دیدار توانی بەسەر ترس و ئاڵنگارییەکاندا سەرکەوێت، بەجۆرێک یەکێتییەکان ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە، بۆخۆی ئومێد نیشانەی باشی و سەرکەوتنی دیدارە.
مۆدێلێکی نوێ لە سیاسەت و دنیابینیی یەکێتی، رێچکەی گرتووە و وردە وردە یەکێتی بەرە و حزبی پۆست مۆدێرنە دەبات، لە فۆڕم و ناوەڕۆکدا، یەکێتی بەم دیدارانەی کە ئەنجامیان دەدات کە دوو دیداری ئەنجامداوە، لەبازنەی حزبی چەقبەستوو چووەتە دەرەوە و حزبێکی کراوەیە، بۆیە پێموایە دیدار یەکێتی هێندە نزیک دەکاتەوە لە خەڵک و شەقام، بە دەگمەن جیایان دەکەیتەوە، ئەمەش پێمان دەڵێت یەکێتی بەرەو حزبی رێکخراوەیی تەواو جەماوەری دەچێت، ئایدیۆلۆژیای سیاسەتی یەکێتی دەبێتە ئایدیۆلۆژیای خەڵک و خواست و داواکاری.
ئەمەش پێی دەوترێت بنیاتنانی خواستی خەڵک لە چوارچێوەی ئەرک و ماف بۆ سکێچی کاری حزبی و سیاسی، بۆ؟ چونکە دیدار یەکێتی بەرە و حزبی پڕۆژە و ستراتیژ و پێشنیازی واقعی دەبات، خۆبینینەوەی کادر و خەڵک لەناو کارنامە و سیاسەتی یەکێتیدا کە دەکرێت لە ئایندەدا، یەکێتی دیدار بکاتە سەنتەرێکی گەورە بۆ سیاسەت و ستراتیژی خۆی و مایکی ئازادی رادەربڕینی کادر و هاووڵاتیان تا لەوێوە دەنگی یەکێتی و دەنگی هاووڵاتیش پێکەوە بگات. ئەمەش پێمان دەڵێت دیدار عاقیبەتی یەکێتی باش دەکات.