ئەگەر کەسێک بە مەبەستی چارەسەریی نائارامی و هەرچەشنە بارودۆخێکی نالەباری دەروونی و تەنانەت جەستەیی، سەردانی یۆگییەکی راستەقینە بکات، بە بێ هیچ و شک و گومانێک ئەگەری هەیە ٪٩٠ لەو بارودۆخە نالەبارە دەروونی و جەستەییە رزگاری بکات، بەهەرحاڵ ئەم راستییە ئەزموونکراوە و رۆژانە لە ناوەندە رەسمییەکانی یۆگادا روودەدا، بەڵام چۆن؟ یۆگی، وەک دەڵێن: (شەڕ لەگەڵ تاریکی ناکات، بەڵکو چرایەک دادەگیرسێنێت). هەموومان دەزانین ئەو کەسەی شەڕ لەگەڵ تاریکی دەکات، لەتاریکیدا ون دەبێت و تاریکی لەناوی دەبات، بەڵام ئەو کەسەی بە بێ ئەوەی تەنانەت رقی لە تاریکی بێت، چرایەک دادەگیرسێنێت، بە ئاسانی تاریکی لەناو دەبات. یۆگی و یۆگا شەڕی کیمیایی و فیزیایی لەگەڵ حاڵەت و نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکان ناکات، بەڵکو لە بنەڕەتی کەسەکەوە ئاوڕشێنی تۆوی ئارامی و لەشساغی کەسەکە دەکات، کە هەموو کەس ئەم تۆوەی بە سروشتی تێدایە.
شێوازی کارکردنی یۆگا لەسەر کێشە و گیروگرفتەکانی مرۆڤ، شێوازێکی زانستی ورد و فرەرەهەندە، هەموو رەهەندە جەستەیی و فکری و هەستەکییەکانی مرۆڤ لەبەرچاو دەگرێ، بە تایبەتی رەهەندی زەینی، چونکە زەین لەو پەیوەندییەدا ئەگەر بنەڕەت و سەرچاوەی حاڵەت و نەخۆشییەکانیش نەبێت، ئەوا دەورێکی سەرەکی دەگێڕێ هەم لە پەرەسەندن و هەم لە چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتانە. کەواتە چارەسەرکار سەرەتا لەسەربنەمای ناسینی زەین و کارکردی زەین هەوڵدەدات چارەسەرخواز چارەسەر بکات، یەکەم هەنگاو ئەوەیە دەزانێت ئەم حاڵەتە و ئەو نەخۆشییە ئەگەر لە زەینیشەوە سەرچاوەی نەگرتبێ، لەرێگەی زەینەوە خۆی بەهێز کردووە یان لە رێگەی زەینەوە بەهێز کراوە، بۆ نموونە کاتێک بە کەسێک دەڵێی تۆ فڵان نەخۆشیت هەیە، کەسەکە بۆی دەبێ بە فکر و پاشانیش ئەو فکر و خەیاڵە لە زەینی خۆیدا زۆر دێنێ و دەبات، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئیرادەی لاواز بێت و هێزی بەرگریی لەشی بڕووخێ و ناخۆشی و نەخۆشییەکە بەهێزتر بێت. لەبەرامبەردا ئەگەر کەسێک بە بیستنی هەواڵی نەخۆشییەکە تووشی شڵەژان نەبوو، باوەڕی بەوەبوو کە چاک دەبێتەوە، لەڕاستیدا لە رێگەی زەینییەوە ئیرادە و هێزی بەرگریی لەشی بەرزدەکاتەوە و خۆی چارەسەر دەکات. لەبەر ئەوە یۆگی کارێک دەکا هۆشی کەسەکە لەسەر حاڵەتە نەرێنییەکە نەهێڵێ و هۆشی بەرێتە سەر جەمسەری بەرامبەری حاڵەتەکە، واتە سەرەتا دەبێ ئەو حاڵەت و نەخۆشییانە لە زەیندا لاواز بکرێن، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لەڕووی دەروونییەوە نائارام بێ، یۆگا یارمەتی دەدا بەکردار بەر ئارامی بکەوێت و هۆشی بێتە سەر ئارامی، چونکە هۆشی ئێمە لەسەر هەر بابەتێک بێ، وزەی ئێمە بۆ ئەو بابەتە دەڕوا و ئەو بابەتە بەهێز دەکا. ئەگەر کەسێک لەڕووی دەروونییەوە نائارام بێ و بەردەوام خەیاڵی لەسەر ئەوە بێ کە نائارامە، ئینجا لە ئینتەرنێت و کتێبەکاندا بۆ نائارامی و هۆکارەکانی نائارامی و چارەسەری نائارامی بگەڕێت، ئەوە زیاتر نائارام دەبێت، لەبەرچی؟ لەبەر ئەوەی هەموو ئەو بابەتانەی دەیانبینێت و دەیانخوێنێتەوە بەس باسی نائارامی دەکەن و زەین و هۆشی ئەو زیاتر بە نائارامییەوە سەرقاڵ دەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی نائارامبوونەکەی قووڵتر بێت، راستە بە هۆی موتاڵا لەبارەی نائارامییەوە بە ئەندازەی پسپۆڕێکی دەروونی زانیاریی هەیە، بەڵام بە کردار ناتوانێ ئارام بێ.
یۆگی لەکاتی راهێنانەکاندا بە هیچ شێوەیەک ناوی حاڵەتە نەرێنییەکان ناهێنێت، تەنانەت پسپۆڕەکانی بوارەکانی دیکەش دەبێ ئەو کارە بکەن، چونکە بە ناوهێنانی ئەو حاڵەت و نەخۆشییانە، کەسەکە ئەو حاڵەت و نەخۆشییانە دەکات بە بابەتێکی زەینی، بەردەوام بیریان لێدەکاتەوە و هۆشی لەسەریان دەبێ و وزەیان پێدەدات و لە خۆی گەورەتریان دەکاتەوە، بەمشێوەیە چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتانە قورس دەبێ، کەواتە یەکەم مەرجی چارەسەرکردنی هەموو حاڵەت و نەخۆشییەکی دەروونی و جەستەیی ئەوەیە چارەسەرکارەکە زەین و کارکردی زەین بناسێت و ئەوەی بۆ دەرکەوتبێ کە چارەسەر لە زەینەوە دەست پێدەکات و لە جەستەدا کۆتایی پێدێت.