گرفت و رێگەچارە

گەورەترین هەڵەت ئەوە بووە وازت لە خوێندن هێناوە

10:42 - 2025-04-28
پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
36 خوێندراوەتەوە

25

سڵاو کاک دکتۆر گیان! من كچێكی تەمەن (18) ساڵم، زۆر ئارەزووی خوێندنم هەبوو، تا قۆناغی ناوەندیم بڕی، بەڵام ماڵەوەمان نەیانهێشت لەوە زیاتر بخوێنم، لە قوتابخانە دەریانكردم. ئەمە گووشارێكی زۆری بۆ هەست و دەروونم خوڵقاند و تووشی بێزاری و دوورە پەرێزی كردووم. لەو ماوەیەدا لاوێك هاتە خوازبێنیم كە یەكترمان نەدەناسی، هەرچەند کە كوڕەكەم بینی خۆشم ویست، بەڵام ماڵەوەمان رازی بوون بێ ئەوەی ڕای من وەربگرن. منیش بە هیچ شێوەیەك دەنگم نەكردووە. چونكە دەمەوێت هەرچی زووە لەم ماڵە بچمە دەرەوە و لەو وەزعە قوتار بم، خۆم زۆر بە بێ شانس دەزانم و نازانم بۆچی ماڵەوەمان هەردەم توندن بەرامبەرم.
ئێستا مارە كراوم، بەڵام تووشی گرفتێكی تر هاتووم، ناتوانم بە ئازادی لەگەڵ دەزگیرانەكەم دابنیشم و گفتوگۆ بكەین، ماڵەوەمان رێم پێنادەن نە قسەی لەگەڵ بكەم، یان لەگەڵی بچمە دەرەوە. من دەمەوێ قسە لەگەڵ دەزگیرانەكەم بكەم تا بتوانم باشتر هاوسەری خۆم بناسم، هەروەها دەمەوێ پێشنیاری ئەوەی بدەمێ كە رۆژێك زووتر بمگوازێتەوە، كەچی بەداخەوە ناتوانم ئەمانە جێ بەجێ بكەم. تكایە رێنمایتان بۆ من چییە تا بتوانم هەرچی زووە لەم بارودۆخە رزگارم بێت.

خوشكی بەڕێزم، ئەو گرفتەی بەڕێزتان باسی دەكەن گرفتێكی زۆر گەورە نییە و من دڵنیام كە تۆ بەسەریدا زاڵ دەبیت، بەڵام دەبێت ئارام و خۆڕاگر بیت و لە بڕیارداندا پەلە نەكەیت. خوشكی نازدارم، من دەزانم تۆ لەبارێكی دەروونی ئاڵۆزدا دەژی، لەبەرئەوەی پەیوەندیی نێوان تۆ و ماڵەوەتان باش نییە و وەك خۆت لەنامەكەتدا ئاماژەت بۆ كردووە، گوایە ئەوان (توندوتیژن بەرامبەرت) سەرەڕای ئەوەش لە قوتابخانە دەریان هێناوی و نەیانهێشتووە خوێندنت تەواو بكەیت.
بەبڕوای من ماڵەوەتان هەڵەیەكی گەورەیان كردووە نەیانهێشتووە خوێندن تەواو بكەیت، كە بەداخەوە تاوەكو ئێستاش زۆر خێزان هەن بەچاوی نزم سەیری خوێندن دەكەن و مامەڵەی خراپ لەگەڵ كچەكانیان دەكەن، خێزانەكەی ئێوە یەكێكە لەو خێزانانە و لەم وڵاتەی ئێمەدا هەزارەها خێزانی لەو جۆرەمان هەیە و بەدەستی خۆیان گرفت و كێشە بۆ منداڵەكانیان دروست دەكەن. هەروەها هەڵەیەكی تری ماڵەوەتان ئەوەیە كە لەكاتی خوازبێنی و مارەكردنەكەدا ڕای تۆیان وەرنەگرتووە، چونكە را وەرگرتنی كچ و كوڕ و رازی بوونیان مەرجی یەكەمی سەركەوتنی ژیانی خێزانییە، بەڵام لە خۆشبەختی خۆت كوڕەكەت بە دڵ بووە كە ئەمەش تا رادەیەك ئازارەكانی تۆی كەمتر كردۆتەوە.
خوشكی بەڕێزم، راستە خێزانەكەت زۆریان لێكردویت و فشاریان خستۆتە سەرت و ناچاریان كردوویت واز لە خوێندن بێنیت، بەڵام نەدەبوایە تۆ رازی بیت واز لە خوێندن بێنیت، ئەگەر كەمێك پێداگریت بكردایە ئەوان نەیاندەتوانی بە زۆر لە قوتابخانە دەرت بێنن، بەڵام بە داخەوە تۆ رۆڵت نەرێنی بووە، هەر لە یەكەم هەنگاو چۆكت داداوە و تەسلیم بوویت، لەكاتێكدا دەبێت مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە لەسەر وتنی (نا) رابهێندرێت بۆ ئەوەی نەبێت بە پاشكۆی كەسانی تر و كەسێتی تایبەت بە خۆی هەبێت، بەڵام تۆ لەو جۆرە نەبوویت و بە كەمترین فشار هەرەست هێناوە كە نەدەبوایە وابیت.

ئەم چەند خاڵە لەبەرچاو بگرە
خوشكی بەڕێز، من ئەم خاڵانەی خوارەوە بە ڕێگا چارەی گونجاو دەزانم بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەت و هیواداریشم سەركەوتوو بیت:
یەکەم: نابێت بە هیچ شێوەیەك پەلە بكەیت و بڕیاری خێرا بدەیت، بەتایبەتیش لە كاتی گواستنەوەدا، چونكە پەلەكردن و بڕیاری خێرا ئاكامی باشی نابێت، بەڵكو پێویستە ماوەیەك بەسەر مارەكردنەكەتدا بڕوات بۆ ئەوەی هەردووكتان بە تەواوی شارەزای یەكتر ببن و خاڵە بەهێز و لاوازەكانی یەكتری بزانن و دوای ئەوە بڕیاریش بدرێ زیانی نییە. چونكە لەوانەیە لەسەر زۆر شت رێك نەكەون و زۆر شتی یەكتریتان بەدڵ نەبێت، كەواتە دەتوانرێت ئێستا چارەسەری ئەو كێشانە بكرێ تەنانەت ئەگەر بەهەڵوەشانەوەی رێككەوتن و مارەییەكە بێت و زیانەكانی كەمتر دەبێت، بەڵام دوای گواستنەوە و بوونی منداڵ كارەكە زەحمەتتر دەبێت و قوڕەكە خەستتر دەبێتەوە و كێشەكان زیاتر دەبن. راستە ئێستا تۆ بێزاری و لەبارێكی دەروونی ئاڵۆزدا دەژی وەك خۆت دەڵێیت: (دەمەوێت هەر زوو لەم بارودۆخەی ئێستام رزگارم بێت)، بەڵام نابێت ئەوە وات لێبكات بڕیاری بەپەلە بدەی لەكاتێكدا لەكاتی مارەكردندا رای تۆیان وەرنەگرتووە و تۆش كوڕەكە بە باشی ناناسی.
دووەم: هەوڵ بدە قسە لەگەڵ دایك و باوك و خوشك و براكانت بكە و بزانە لەبەرچی رازی نابن تۆ لەگەڵ دەزگیرانەكەت قسە بكەیت، ئەوەشیان تێبگەیەنە لەكاتی مارەكردن رای تۆیان وەرنەگرتووە. ئەی چۆن دەبێت ئێستاش قسەی لەگەڵ نەكەیت! پێیان بڵێ كە شووكردن پەیوەستە بە چارەنووسەوە و بەو شێوەیە نابێت کە ئەوان دەیانەوێت، پێیان بڵێ لەوانەیە بەمشێوەیە چارەنووسم بە ئاڕاستەیەکی خراپدا بڕوات. 
سێیەم: بزانە كام لە ئەندامانی خێزانەكەت ناڕازییە و هەوڵبدە بۆ خۆت قسەی لەگەڵ بكەیت و رازی بكەیت.
چوارەم: ئەگەر لەو هەوڵانەی سەرەوە سەرنەكەوتی، هەوڵبدە پەیوەندیی بە كەسێكی دڵسۆز یان خزمێكتانەوە بكە و كێشەكەتی تێبگەیەنە، بەڵكو لە رێگەی ئەوەوە كەس و كارت رازی بكەیت.
پێنجەم: ئەگەر ئەو هەوڵەشت سەری نەگرت، ئەوا دەتوانیت لەگەڵ یەكێك لە ئەندامەكانی خێزانەكەت لەوانەی كە پەیوەندیت لەگەڵی خۆشە و هاوبیری تۆیە، یان لەگەڵ یەكێك لە خزمەكانت سەردانی ماڵی كوڕەكە بكەن و لەماڵی خۆیان باسی چارەنووس و پاشەڕۆژی خۆتان بكەن.
شەشەم: هەروەها دەشتوانیت جار جارێك لە ماڵی خزمەكانتان یەكتری ببینن و لەسەر پێداویستییەكانی گواستنەوە و پێكەوەنانی خێزان گفتوگۆ بكەن.
حەوتەم: لەلایەكی تریشەوە دەتوانیت لە رێگەی نامەوە پەیوەندیی بە دەزگیرانەكەتەوە بكەیت و داواكارییەكانی خۆتی پێ رابگەیەنیت.
هەشتەم: هەوڵبدە قسە لەگەڵ دەزگیرانەكەت بكەیت و لەسەر ئەوە رێك بكەون كە دوای گواستنەوەت دووبارە بچیتەوە بۆ قوتابخانە و خوێندنەكەت تەواو بكەیت، تۆ دەتوانیت بەشداریی تاقیكردنەوەی دەرەكی بكەیت، تەنها ناوی خۆت تۆمار دەكەیت و تاقیكردنەوەیەكت دەكەن بۆ ئەوەی بەشداریی تاقیكردنەوەكانی پۆلی دوانزدە بكەیت، دوای ئەوە دەتوانیت هەر لە ماڵەوە كۆشش بكەیت و سەعی بكەیت و خۆت بۆ تاقیكردنەوەی بەكالۆریای پۆلی دوانزدە ئامادە بكەیت و دەزگیرانەكەشت با هاوكاریت بكات و پۆلی دوانزدە تەواو بكەیت و بچیتە زانكۆ، ئەگەرنەتتوانی بەیانیان بخوێنیت، ئەو كات دەتوانیت خوێندنی ئێواران بخوێنیت، نابێت بەهیچ شێوەیەك لەو مافەی خوێندنت واز بێنیت، چونكە رۆژانە ئێمە رووبەڕووی ئەم كێشەیە دەبینەوە، واتە ئافرەت هەیە مێردەكەی خراپە و ژیانی كردووە بە دۆزەخ، بەڵام ناتوانێت بە هیچ شێوەیەك واز لە هاوسەرەكەی بهێنێت لەبەرئەوەی هیچ داهاتێكی نییە و بە ناچاری قبوڵی ئەو هەموو سووكایەتییەی مێرد و خەسوو و خەزووری دەكات، بەڵام ئەگەر داهات و پیشەیەكی هەبوایە ئەو كات بێمنەت دەبێت و پشت بە مووچە و داهاتی خۆی دەبەستێت، لەبەرئەوە داواكارم هەوڵبدە خوێندنەكەت تەواو بكەیت و تەمەنەكەشت بچووكە و زۆر گونجاوە، واتە ئەمە بكە بە مەرجێك و هەوڵبدە قسە لەگەڵ دەزگیرانەكەت بكەیت و خوێندنەكەت تەواو بكەیت، ئەگەر ئەوە نەكەیت لە داهاتوودا زۆر پەشیمان دەبیتەوە.
ئەوەی ماوە بیڵێم ئەوەیە نابێت پەلە بكەیت، چونكە تۆ تەمەنت (18) ساڵە و هێشتا لەسەرەتای ژیاندایت و شارەزایی و ئەزموونت زۆر نییە و دوور نییە بڕیاری خێرا گرفتت بۆ دروست بكات، لەبەرئەوە ئارامی و خۆڕاگری و رۆیشتنی كات دەرمانی دەردی ئەو گرفتەن. پشتیوان بەخودا سەركەوتوو دەبیت و دڵی دایك و باوك و كەس و كاریشت نەرم دەبێت.

پێویستە کوڕان و کچان بە وریاییەوە بچنە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە

وتارەکانی نوسەر