گرفت و رێگەچارە

كچەكەمیان لێ داگیر كردووم

10:21 - 2025-04-07
پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
91 خوێندراوەتەوە

کاک دكتۆر گیان ئەم کاتەت باش، من كچێكم هەیە تەمەنی 5 ساڵە و لە تەمەنی یەك ساڵییەوە زۆربەی كات لە ماڵی خەسوومە و ئەوان گرنگی زۆری پێدەدەن و هیچ بە گوێی من ناكات، زۆربەی شەوەكانیش نایەتەوە، زۆریش هەوڵدەدەم لە خۆمی نزیك بكەمەوە، بەڵام ئەگەر شتێكی بە دڵ نەبێت، ئەوا دەچێتەوە بۆلای ئەوان، كوڕێكیشم هەیە  سێ‌ ساڵە و ئەویش داوا دەكات بچێت لەگەڵ ئەوان بژی و هاوسەرەكەشم پێی خۆشە و دەڵێت با لە دەنگە دەنگی ئەویش رزگارمان بێت، بەڵام من ناڕازیم و بە هیچ شێوەیەك رازی نابم، چونكە ئەگەر ئەو كوڕەشم بچێت ئەی من رۆڵم چییە؟ بەداخەوە هاوسەرەكەم زۆر كەمتەرخەمە و لە بەیانییەوە دەڕوات نیوەی شەو دێتەوە، بەردەوام لەسەر ئەوە شەڕمانە و منداڵەكانیش هیچ باوكیان خۆش ناوێت و زۆرجاریش لە منیش و ئەوان دەدات، ئیتر نازانم چی بكەم بۆ ئەوەی لەلایەك  كچەكەم منی خۆش بوێت و هۆگری خۆم ببێت، لەلایەكی تریشەوە كوڕەكەشم بەدەردی كچەكەم نەچێت، چونكە من دەستم لەباوكیان شتووە؟ هەندێكجاریش لە ماڵە خەزوورانم بە خراپ باسی من دەكەن و دەڵێن ئەگەر دایك بوایە منداڵەكانی بە باشی بەخێو دەكرد و نەیدەهێشت پیاوەكەی هەتا (12)ی شەو لە دەرەوە بێت، لەكاتێكدا ئەوان بە زۆر منداڵەكەیان بردووە و بەخێوی دەكەن و بە هاوسەرەكەمیان وتووە ئێمە بە بێ‌ ئەو ناژین، دەبێت هەر لەلای ئێمە بێت. 

ئەوەی دەبێت بیزانیت
خوشكی بەڕێز، هەندێك شت هەیە پێویستە بیزانیت، منداڵ هۆگری ئەو كەسە دەبێت و بە دڵسۆزی خۆی دەزانێت كە گرنگی پێدەدات و پێداویستییەكانی بۆ دابین دەكات، راستە تۆ دایكی ئەویت، بەڵام ئێستا بوویت بە دایكێكی بایۆلۆجی، واتە نۆ مانگ لە منداڵداندا بە خێوت كردووە و لەدایك بووە و بە بچوووكی شیرت داوەتێ،‌ بەڵام منداڵی تەمەن یەك ساڵ زۆر بچووكە، ئێستا گەورەیە و تەمەنی پێنج ساڵە، واتە چوار ساڵە لە ماڵی خەزوورتە و وەك خۆشت دەڵێیت هەموو شتێكی بۆ دابین دەكەن و داوای چی بكات بۆی دەكڕن، كەواتە وەك بەرتیل بەردەوام دەمی چەور دەكەن بۆیە هۆگریان بووە، چونكە منداڵ كێ‌ حەز و ئارەزووەكانی بۆ تێر بكات ئەوی دەوێت، بەڵام تەنها یەك ساڵ لەلای تۆ بوووە، بۆیە هۆگرت نابێت، سەرەڕای ئەوەش خێزانەكەتان پڕە لە كێشە و هاوسەرەكەت لە تۆ و منداڵەكانیش دەدات، ئیتر چۆن هۆگرتان دەبێت؟! بە پێچەوانەشەوە لە ماڵی خەزوورانت بەردەوام بە قوربان و بەساقەی دەبن و هەموو شتێكی بۆ دابین دەكەن و وەك پاشا دەژی، نەك ئەو هەركەسێكی تریش بێت بێگومان هەر ماڵی نەنك و باپیری هەڵدەبژێرێت، چونكە پڕە لە ئاسایش و دڵنیایی و خۆشەویستی و تێركردنی حەزوو ئارەزووەكانی منداڵ.

 

منداڵ هۆگری ئەو كەسە دەبێت و بە دڵسۆزی خۆی دەزانێت كە گرنگی پێدەدات و پێداویستییەكانی بۆ دابین دەكات

 

هەڵەتان کردووە
ئێوە وەك دایك و باوک گەورەترین هەڵەتان كردووە كە رازی بوون ئەو كچەتان زۆربەی شەوەكان لە ماڵی نەنك و باپیری بمێنێتەوە و ئەو بۆشایی و ئاژاوەی ناو خێزانی ئێوەیان قۆستۆتەوە و منداڵەكەیان لە خشتە بردووە، خوشكی بەڕێز چۆن دەبێت دایك و باوك رازی بن منداڵیان لەلای خۆیان نەبێت و بدرێتە كەسانی تر بەخێوی بكەن، راستە ئەوان نەنك و باپیرن، بەڵام ئەوان تەمەنیان گەورەیە و شێوازی پەروەردەكردنیان لە ئێوە جیاوازە، واتە ئێستا منداڵەكەتان بە دوو جۆری جیاواز مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، كە ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەری هەبووە و لە داهاتووش خراپتر دەبێت، لەلایەكی تریشەوە وەك خۆت ئاماژەت بۆ كردووە بە خراپ باسی تۆ دەكەن، منداڵ لە ئەو تەمەنە بچووكە زوو بڕوا دەكات و لەوانەشە یەكێك لە هۆكارەكان لەپاڵ شەڕ و ئاژاوەی ناو خێزانەكەتان ئەوە بێت كە بە خراپ باسی تۆ دەكەن و منداڵەكەشت بچووكە و بڕوای كردوووە، لەبەرئەوە هۆگرت نابێت.

ئەم شەش خاڵە جێبەجێ بکە
یەکەم: نابێت بە هیچ شێوەیەك رازی بیت منداڵی دووهەمیشت، واتە كوڕەكەشت ببەن، چونكە دوای ماوەیەك كوڕەكەشت وەك كچەكەتی لێ دێت.
دووەم: ئینجا بۆ ئەوەی كوڕەكەشت نەبەن، دەبێت هەنگاوی یەكەم ناو ماڵی خۆتان رێكبخەنەوە، واتە دەبێت لەگەڵ هاوسەرەكەت دابنیشی و هەوڵبدەن كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان خۆتان چارەسەر بكەن، بەڵام دوور لە چاوی منداڵەكانتان، چونكە كاتێك كێشەی خێزانی دەبێت، واتە ئاسایش و خۆشەویستی لەو جۆرە ماڵانە بار دەكەن، لەكاتێكدا ئاسایش و دڵنیایی و خۆشەویستی دوو پێداویستی دەرووونی سەرەكین و منداڵ وەك شیر و ئاو و نان پێویستی پێیانە، ئینجا ئەگەر كێشەكانی خۆتان چارەسەر نەكەن دڵنیابە منداڵەكانتان لە قۆناغی هەرزەكاری لێتان یاخی دەبن، هەمووشمان دەزانین و بەردەوام دەبینین و دەبیستین كە فڵان كەس دایك یان باوك یان خوشك و برای خۆی كوشت، بۆ زانیاریتان هەموو ئەو بكوژانە لە ژینگەی خێزانی پڕ لە كێشە و ئاژاوەدا گەورە بوون، كەواتە ئەركی یەكەمی ئێوە ئەوەیە كە ئاشتی و دڵنەوایی بۆ ناو خێزانەكەتان بگەڕێننەوە چونكە تا ژینگەی خێزانیتان پڕ لە كێشە و شەڕ و ئاژاوە بێت ئەوا نەك كچەكەت ناگەڕێتەوە ئەوا ئەگەری زۆر هەیە كوڕەكەشت بڕوات.
سێیەم: بۆ ئەو مەبەستە بە ئامادەبوونی دایك و باوكت و كەس و كاری هاوسەرەكەت دەبێت دابنیشن و بە هێمنانە باسی كێشەكانی خۆتان بكەن و رێگاچارەی گونجاویان بۆ بدۆزنەوە، چونكە ئەگەر هاوسەرەكەت واز لەو تووندوتیژییەی نەهێنێت و وەك هاوسەر و هاوژین مامەڵەت لەگەڵ نەكات و مافی منداڵەكان دابین نەكات، بە دڵنیاییەوە چارەنووسی خێزانەكەتان لە مەترسیدایە، ئەگەر پیاوەكەت گۆڕانكاریی لە ژیانی خۆیدا نەكات و لەكاتی خۆیدا بۆ ماڵ نەگەڕێتەوە و كات بۆ تۆ و منداڵەكانی تەرخان نەكات، دەبێت ئەو كات لەگەڵ دایك و باوك و كەس و كارت بڕیاری دروست بدەن، نابێت ژینگەی خێزانیتان بەو شێوە بەردەوام بێت.
چوارەم: هەوڵبدە كەس و كاری هاوسەرەكەت رازی بكە كە دەبێت كچەكەتان بێتەوە بۆ ماڵی خۆتان، هەنگاوی یەكەم با شەو و رۆژێك لە ماڵی خۆتان بێت و دوو شەو و رۆژ لە ماڵی نەنكی بێت، دوای  ماوەیەك با دوو شەو و رۆژ لە ماڵی خۆتان بێت و سێ‌ شەو و رۆژ لە ماڵی نەك و باپیری بێت، دواتر با دوو شەو و رۆژ لە ماڵی خۆتان بێت و دوو شەو و رۆژیش لە ماڵی نەنكی بێت، دواتر سێ‌ شەو و سێ‌ رۆژ لە ماڵی خۆتان بێت و دوو شەو و رۆژ لە ماڵی نەنكی بێت، واتە بە پێی خشتە و پلانێك هەوڵبدە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر لە ماڵی خۆتان بمێنێتەوە و كەمتر لە ماڵی نەنكی بمێنێتەوە تا دەگاتە ئەو كاتەی هەفتەی شەوێك یان دووهەفتە شەوێك لە ماڵی نەنكی بمێنێتەوە، واتە دەبێت پلە بە پلە و لەسەرخۆ بێت، چونكە زۆری لێبكەن و بەیەكجار بیهێننەوە ئەوە لێتان یاخی دەبێت.
پێنجەم: بەڵام دەبێت هەموو ئەو كاتانەی كە دێتەوە بۆ ماڵی خۆتان خۆشتان بوێت و باوكی لە باوەشی بكات و ئەوشتانەی كە پێویستن و حەزی لێدەكات وەك ماڵی نەنك و باپیری لە ماڵەوە بۆی دابین بكەن، لەهەمان كاتیشدا دەبێت لەگەڵ ماڵی نەنكی رێك بكەون كە وردە وردە ئەو هەموو شتەی كە لە ماڵی خۆیان بۆیان دابین كردووە كەمی بكەنەوە، بۆ ئەوەی لەبەر حەز و ئارەزووەكانی هەر لە ماڵی نەنكی نەمێنێتەوە، پێویستە تۆش زیاترخۆتی لێ‌ نزیك بكەیتەوە.
شەشەم: دەبێت بیر لەوە بكەنەوە كە بچێتە باخچەی منداڵان بۆ ئەوەی لەلایەك لە ماڵە خەزوورانت دووری بخەیتەوە و لەلایەكی تریشەوە بۆ پۆلی یەكی بنەڕەتی ئامادەی بكەن، هەوڵیش بدە قسە لەگەڵ دادە و مامۆستاكانی لە باخچە بكە كە باسی گرنگی خێزان و خۆشەویستی دایك و باوكی بۆ بكەن و لەسەر مانەوە لە ماڵی خۆتان هانی بدەن، چونكە باخچە و دادە و مامۆستاكان كاریگەریی زۆریان لەسەر منداڵ هەیە.

گرنگی بە منداڵەکانتان بدەن با لێتان دوورنەکەونەوە

وتارەکانی نوسەر