یەکێتی لە قۆناغی بووژانەوەدا

09:56 - 2025-04-30
ئەرسەلان مەحمود
33 خوێندراوەتەوە

ئەرسەلان مەحمود

ئەو ساتەوەختانەی کە حزب و رێکخراوە سیاسییەکان دەکەونە قۆناغی پێداچوونەوە، دەرفەتی نوێبوونەوە و رێکخستنەوەی پێوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان رەخساوتر دەکەن. ئەوەی ئەمڕۆ لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەیبینین، بەشێکە لەو پرۆسە مێژووییەی بەهێزکردنی بنەماکانی کارایی رێکخراوەیی بۆ بەرەوپێشبردنی ستراتیژی کار لە ئاستی جەماوەری و سیاسیی و بوارە جیاجیاکانی تردا.

دیالەکتیکی پێکهاتە و ناوەڕۆک
بووژانەوەی رێکخراوەیی، پێداگری لەسەر تێگەیشتنی قووڵی دیالەکتیکی پەیوەندیی نێوان پێکهاتە و ناوەڕۆک دەکات. پێکهاتەی رێکخراوەیی جەستەیەکە و پێویستی بە نوێبوونەوەی خانەکانی هەیە، بۆ ئەوەی بەردەوام بتوانێت خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بگونجێنێت. نوێگەری لە یەکێتییدا تەنها مەسەلەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو پێویستییەکی بایۆلۆژی و زیندووی ژیانی رێکخراوەییشە.

لە فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخدا
لە فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخدا، پەیوەندی نێوان پێکهاتە و ناوەڕۆک دەبێت بە شێوەیەک بێت کە یەکتری تەواو بکەن. پێکهاتەی رێکخراوەیی رەگەزێکی گرنگە کە تێیدا ناوەڕۆکی فکری و سیاسی دەتوانێت گەشە بکات و بەرهەمی باشتر بدات، هاوکات رەنگدانەوەیەکی راستەوخۆی ئەو بەها سیاسی و ئایدیۆلۆژیانەیە کە خودی رێکخراوەکە بانگەشەی بۆ دەکات.

یەکێتی، بە هەنگاونان بەرەو «قۆناغی بووژانەوە»، پەیامێکی روون دەنێرێت کە خاوەنی توانایەکی گەورەیە بۆ خۆگونجاندن و نوێبوونەوە و بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵی کاریگەر لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا

هەنگاوە نوێیەکانی یەکێتی
هەنگاوەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تێگەیشتنێکی قووڵەوە، بۆ پێویستی مۆدێرنیزەکردنی پێکهاتەی رێکخراوەیی و دەستەبەرکردنی کارایی زیاتر و بەهێزترکردنی تواناکانەوە دێن، کە خۆیان لەمانەدا دەبیننەوە: کەمکردنەوەی ئاستە بیرۆکراتییەکان. خێراکردنی پرۆسەی بڕیاردان. دروستکردنی سیستەمێکی پەیوەندی کاریگەرتر لە نێوان ئاستە جیاوازەکاندا. نزیکترکردنەوەی پێکهاتەی رێکخراوەیی لە خەڵک و کۆمەڵگە. دانانی میکانیزمی باشتر بۆ چاودێریکردنی کارایی و جێبەجێکردنی بڕیارەکان.

هاوسەنگی نێوان مەرکەز و لامەرکەزیەت
یەکێک لە نهێنییەکانی بە زیندوێتی مانەوەی هەر رێکخراوێکی سیاسی، دۆزینەوەی هاوسەنگی دروستە لە نێوان مەرکەز و لامەرکەزیەتی کاردا. پێداچوونەوەی ستراتیژی بە پێکهاتەی رێکخراوەیی لە یەکێتیدا، بۆ دروستکردنی ئەم هاوسەنگییەیە، بە جۆرێک کە هەماهەنگی و یەکگرتوویی ستراتیژی باشتر و بەهێزتر بکات، هاوکات مەودای پێویست بۆ خۆگونجاندنی ئۆرگانەکان بە پێی تایبەتمەندێتییەکانی کار و چالاکی بڕەخسێنێت.
لە تیۆری رێکخراوەییدا، ناوەندێتی زۆر دەبێتە هۆی دروستبوونی سیستەمێکی بیرۆکراتی قورس، لە کاتێکدا لامەرکەزیەتی زۆر دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازبوونی یەکگرتوویی ستراتیژی، یەکێتی لەم گۆڕانکارییە ستراتیژییەدا، هەوڵی دۆزینەوەی هاوسەنگییەکە دەدات کە ناوەندێتی بڕیاری ستراتیژی و لامەرکەزیەتی جێبەجێکردن، کارایی رێکخراوەیی بەرز بکاتەوە و توانای وەڵامدانەوەی کاریگەر بۆ پێداویستییەکانی ناوچە جیاوازەکان دابین بکات.

بڕیاردان لەسەر بنەمای زانست و داتا
لە جیهانی سیاسی ئەمڕۆدا، بڕیاردان لەسەر بنەمای زانست و داتا جێگەی بڕیاردانی رۆتینییان گرتووەتەوە، خواستی بەهێزکردنی سیستەمی چاودێری و بەدواداچوونی زانستی، هەنگاوێکی گەورەیە لە ئاراستەی نوێکردنەوەی کاری سیاسی و مۆدێرنیزەکردنی بنەماکانی بڕیاردان، پەرەپێدانی ئەم لایەنە لە یەکێتیدا، بەرەو بەکارهێنانی میتۆدی زانستی لە پرۆسەی بڕیاردان دەبات، بەتایبەت بۆ دۆزە هەستیارەکانی وەک هەڵبژاردن، حوکمڕانی و وەڵامدانەوەی خەڵک و قۆناغەکە، لە چەند ساڵی رابردوودا، زۆربەی پارتە سیاسییە سەرکەوتووەکانی جیهان بەرەو بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا و داتای زانستی چوون، یەکێتی لە رێگەی پەرەپێدانی سیستەمی داتا و زانستی خۆیەوە، دەتوانێت لە پێشەنگی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکەدا بمێنێتەوە.

گرنگیدان بە گەنجان و ژنان
هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی کە بیەوێت لە پرۆسەی مێژوویی دانەبڕێت، پێویستە گرنگییەکی تایبەت بە پرسی گەنجان و ژنان بدات، چونکە ئەمان بەردی بناغەی بەها و پێوەرەکانی داهاتوون، لە چاکسازییە رێکخراوەییەکانی یەکێتیدا، ئەولەویەتی تایبەت بە گەنجان و ژنان دراوە، لە رێگەی: دانانی سیستەمێک کە تێیدا گەنجان دەرفەتی بەشداربوونی کاریگەرتریان هەبێت لە پرۆسەی بڕیارداندا. دانانی بەرنامەی تایبەت بۆ پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی ناو یەکێتی و ئامادەکردنیان بۆ رۆڵی رێبەری. گونجاندنی گوتاری سیاسی لەگەڵ خواست و پێداویستییەکانی گەنجاندا، دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ زیادکردنی بەشداری ژنان لە هەموو ئاستەکانی کاری رێکخراوەییدا.

کورت و پوخت
بووژانەوەی رێکخراوەیی پرۆسەیەکی بەردەوام و قووڵە، یەکێتی وەک رێکخراوێکی سیاسی سەرمەشق، جەخت لەسەر پێویستی بەردەوامی ئەم پرۆسەیە دەکاتەوە. ئەمە تەنها مەسەلەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی راستەوخۆی هەیە لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و توانای کاریگەری یەکێتی لەسەر ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، یەکێتی، بە هەنگاونان بەرەو «قۆناغی بووژانەوە»، پەیامێکی روون دەنێرێت کە خاوەنی توانایەکی گەورەیە بۆ خۆگونجاندن و نوێبوونەوە و بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵی کاریگەر لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، ئەم توانایە، کە لە مێژووی خەباتی یەکێتیدا بە روونی بەرچاو دەکەوێت، گرەنتی بەردەوامی و سەرکەوتنی گەورە دەبێت لە داهاتووی نزیک و دووردا.

 

وتارەکانی نوسەر