یەکێتیی لە رێگەی دیدارەوە، تەنها وێنەی داهاتووی خۆی داناڕێژێتەوە، بەڵکو نموونەیەکی نوێ بۆ مومارەسەکردنی سیاسەت بە شێوەیەکی دیموکراسیتر و هاوچەرختر نیشان دەدات
لە نێو بارودۆخێکی ناوخۆیی و هەرێمی ئاڵۆز و هەستیاردا، دیداری دووەمی یەکێتی وەک هەنگاوێکی بوێرانە بەڕێوەچوو، ئەم کارەش تەنها یەکێتییە دەتوانێت بیکات، کە متمانەی بە بنەماکانی خۆی هەیە و کاریش بۆ پەرەپێدانی خۆی دەکات بەپێی پێداویستییەکانی سەردەم. لە ژینگەیەکی سیاسییدا کە هێشتا بەندە بە بڕیارە تاکە کەسییەکان، یەکێتی لە دیدار سەلماندی کە حزبێکە خاوەنی بوێرییە و پێداچوونەوە بە خۆیدا دەکات و باوەڕی بە کاری دەستەجەمعی هەیە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ بەردەوامی و نوێبوونەوە.
نەریتێکی حزبی چەسپاو
ئەم دیدارە بووەتە نەریتێکی حزبی چەسپاو لای یەکێتی و بەپێی رێنمایی و فەرمانەکانی سەرەوە، بەشداری بە هەموو ئەندام و کادیران و لایەنگران دەکات، لە ئاستی رێکخراوەیی و پیشەیی، لە دیاریکردنی سیاسەتی داهاتووی حزب.
تایبەتمەندیی ئەم دەستپێشخەرییە لەوەدایە، شێوازی نەریتی حزبە کلاسیکییەکانی تێپەڕاندووە، کە خۆیان لە رەخنەی ناوخۆیی یان لێپرسینەوەی گشتی دەپارێزن، یەکێتی بەم هەنگاوەی، پەیامێکی روونی ناردوە، کە ئەویش ئەوەیە حزب بە چەقبوون بەهێز و پتەو نابێت، بەڵکو دەبێت نوێبوونەوە و دووبارە بنیاتنانەوە لە خۆیدا بکات.
هەمووان بەشدار دەبن لە بڕیاردا
لەم چوارچێوەیەدا، بڕیاری حزبی چیتر تەنها لای بەربژێر یان بازنەیەکی بەرتەسکی سنوورداردا نابێت، بەڵکو لە رێی گفتوگۆی فراوانەوە دەبێت، کە هەمووان لە سەرکردایەتی باڵاوە بۆ بنکە چالاکەکانی خوارەوەی حزب لە شار و شارۆچکەکان و گوندەکان بەشدار دەبن تێیدا، بەمجۆرەش، داڕشتنەوەی پێکهاتەی رێکخراوەیی و دیاریکردنەوەی ئامانجەکان و پەرەپێدان بە سیاسەتەکانی حزب، بەپێی گۆڕانکارییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان گۆڕانی بەسەردا دێت.
نموونەیەکی نوێ
دیارە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە رێگەی ئەم دیدارەوە، تەنها وێنەی داهاتووی خۆی وەک حزبێک داناڕێژێتەوە، بەڵکو نموونەیەکی نوێ بۆ چۆنیەتی مومارەسەکردنی سیاسەت، بە شێوەیەکی دیموکراسیتر و هاوچەرختر لە کوردستان و عیراق نیشان دەدات.