جیاوازیكردن لە نێوان رۆژنامەنووسان لە پێدانی زانیاری

11:01 - 2025-04-30
تەها عەبدوڵڵا موشیر
32 خوێندراوەتەوە


یەكێك لەو گرفتانەی کە رۆژنامەنووسان لە سنووری پارێزگای هەولێر بەدەستیەوە دەناڵێنن و تاكو ئێستا چارەسەر نەكراوە، جیاوازیكردنە لە نێوان دەزگاكانی راگەیاندن، لە پێدانی زانیاری و بێبەش كردنیانە لە بەشێكی چالاكییەكانی حكومەت و بۆنە و گردبوونەوەكان، ئەمەش لە كاتێكدایە مافی بە دەستهێنانی زانیاری لە پەرلەمانی كوردستان بە یاسا رێكخراوە، كەچی ئەوەی دەبینرێت، كەناڵەكانی راگەیاندنی دەرەوەی حزبی دەسەڵات لە هەولێر، بە ئاسانی زانیارییەكانیان بەدەست ناگات، زۆرجار دەبینین لە بۆنەیەکی تایبەت جگە لە چەند کەناڵێکی دیاریکراو، هیج دەزگایەکی دیکەی راگەیاندن نابینرێت، بە هەمان شێوە کاتێک وەفدێکی رەسمی هەرێم سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن، بەهەمان شێوە ئەو کەناڵانە لەگەڵ وەفدەکەدا دەبینرێن کە مەبەستیانە، هاوکات بەشێک لە وتەبێژەکانی دەستە و وەزارەتەکان ئامادەنین وەڵامی ئەو رۆژنامەنووسانە بدەنەوە، کە لە حزبەکەی ئەو نین، هەندێکجار جگە لە کەناڵەکانی سەربە ئۆپۆزسیۆن، ئەو دەزگایانەش بئ بەش دەکرێن، کە بەشدارن لە حکومەت. ئەمەش لە کاتێکدا سەرجەم ئەو کەناڵ و دەزگایانە بەشێوەیەکی رەسمی تۆمارکراون و مافی روماڵکردن و بەشداریکردنیان لە بۆنەکان و پێدانی زانیاری هەیە، رێگریكردن لە پێدانی زانیاری بە رۆژنامەنووسان جگە لەوەی پێشێڵكردنی یاسایە، لەهەمان كاتدا كاریگەری خراپی لەسەر گەیاندنی زانیارییەكان دەبێت بە هاووڵاتیان، چونكە كاتێك رێگری لە رۆژنامەنووس یان كەناڵێكی راگەیاندن دەكرێت لە پێدانی زانیاری، ئەو ناچارە پەنا بۆ کەناڵی دیكەی زانیاری ببات، بەمەش رەنگە نەتوانێت ئەو پەیامە بگەیەنێت وەک لەسەرچاوەکە خۆی هەیە،  دەکرێت لەگەڵ کارابوونی پەرلەمان و دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی، ناڕەزایی رۆژنامەنووسان تاڕادەیەک کەمتر بێتەوە، بەو پێیەی پەرلەمان بەراورد بە دەسەڵاتەکانی دیکە و هەندێک وەزارەتی هەستیار، باشتر زانیاری بدات و دەرگای زیاتر کراوە بێت، بینیمان زۆربەی پەرلەمانتاران لە خولەکانی رابردوودا هاوکارێکی باشی رۆژنامەنووسان بوون لەپێدانی زانیاری بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم چارەسەر بکرێت و رۆژنامەنووسان لە دەسەڵاتی جێبەجێکاریش زانیاریان پێبدرێت، لەسەر وەزارەتی رۆشنبیری و فەرمانگەی میدیا و زانیاری پێویستە، پێداچوونەوە بە لیستی کەناڵەکان و مۆڵەتەکانیان بکات و سەر لەنوێ رێکیان بخاتەوە، ئەو کات مافی پێدانی زانیاری بەسەر هەموویان جێبەجێ بکرێت.

وتارەکانی نوسەر