دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە كۆتایی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، لەكاتی ئێستا هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم نزیكبووەتەوە و گفتوگۆكانی هەردوولایەنی سەرەكی (ی.ن.ك و پ.د.ك) بەرەو پێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە، ئەمەش جێگەی ئومێدی خەڵكی كوردستانە، بۆ ئەوەی كابینەی داهاتوو بتوانێت كەموكوڕییەكانی حوكمڕانی چارەسەر بكات و حكومەتێك بێتەكایەوە، لە بەرژەوەندی خەڵكدا بێت، كە ئەمەش لە بنەڕەتدا ئامانجی هەموو حكومەتێكە، كە لەناخی خەڵكەوە هەڵقوڵابێت.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە زیاتر ئاماژەی پێبكەم، بەشداری راستەقینەی ژنانە لە كابینەی دەیەم، هەرچەندە لەرابردوو ژنان بەشدارییان كردووە و پێگەی گرنگیان هەبووە، بەڵام لە ناوەندی بڕیاردان بەشدارنەبوونە و لەهیچ كام لە پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و جێگرەكانیان ژنان نەبیندراون.
بەشدار نەبوونی ژنان لە ناوەندەكانی بڕیار لە هەرێمی كوردستان، رێگە لە گەیاندنی دەنگی ژنان و دەستەبەركردنی یەكسانی جێندەری دەگرێت، بەو پێیەی ژنان نیوەی كۆمەڵگەن و كاریگەری تەواویان بەسەر پرسە جیاوازەكانی ژیان هەیە، بۆیە زیادبوونی رۆڵی ئەو رەگەزە، پێگەی حوكمڕانی و ئاشتی كۆمەڵایەتی بەهێز دەكات، لە دەرەوەش ناو و ناوبانگی ئەزمونەكانمان بەهێزتر دەبێت.
شاردنەوەی زانیاری لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنكاران لەلایەن هەر بەرپرسێكی ئەو هەرێمە لەهەر بوارێكدا بێت، سەلمێنەری بوونی گەندەڵی و كەموكوڕییە لەو شوێنە! هەروەها نایانەوێت سەرووی خۆیان لێی ئاگادار بن
زۆر لەو وڵاتانەی جیهانی سێیەم، ئەوانەی بەتەواوەتی رۆڵی ژنانیان لە پڕۆسەی سیاسی بێبەش كردووە، ئاستی نێودەوڵەتی پەراوێز خراون، باشترین نموونەش وڵاتی ئەفغانستانی تاڵیبان و وڵاتی یەمەنە.
بۆ ئەوەی ئەو ئاواتەمان لە هەرێمی كوردستان بێتەدی و ژنان رۆڵی خۆیان بگێرن، پێویستە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی فشارەكان چڕ بكەنەوە و بڕیار بە دەستانی ئەم هەرێمە ناچار بكەن، رۆڵی گرنگی ژنان لەبەرچاو بگرن، ئەویش بەشداری بوونیانە لەسەرۆكایەتییەكان و لیژنەكانی نووسینەوەی دەستوور لە داهاتوو و گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا و هەموو ئەو بابەت و دۆسیانەی پەیوەندی بە چارەنووس و ئایندەی ئەم هەرێمەوە هەیە.
لەسەر حزب و لایەنە سیاسییەكی پێكهێنەری حكومەتیش پێویستە، پەیڕەو و پڕۆگرامی خۆیان لەبارەی رۆڵی ژنان لە بەڕێوەبردنی وڵات جێبەجێ بكەن و بەكردەوە بیسەلمێنن، ژنان رۆڵیان لە بڕیارە چارەنوسسازەكان هەیە، كە بێگومان ئەو هەنگاوانە یەكدەگرنەوە لەگەڵ چەمكی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و كۆمەڵگەی مەدەنی.