تۆ رەشت لێ دێت

10:37 - 2025-05-04
دیمەن عەبدوڵڵا
106 خوێندراوەتەوە

رۆمانی (تۆ رەشت لێ دێت) ئەحلام موستەغانمى نووسیوێتی و موكەرەم رەشيد تاڵەبانی کردوویەتی بە کوردی. رۆمانەکە، لەو رۆمانانەیە کە نموونەی لەناو گەلانی دیکەشدا زۆرە، چونکە باسی خۆشەویستیی نێوان دوو رەگەزی (نێر و مێ) دەکات، ئەوەش لە هەموو کۆمەڵگایەک و سەردەمێکدا هەیە. رۆمانی (تۆ رەشت لێ دێت)، فێرمان دەکات چۆن بتوانین لە ژیاندا بمێنینەوە بە بێ بوونی ئەوانی دیکە، بەتایبەت بە بێ ئازیزانمان چۆن لە رەوتی ژیاندا بەردەوام بین؟ جیا لەوەش رۆمانەکە هێز و توانایی و کاریگەریی و خۆڕاگریی ژن بەرامبەر بە خۆشەویستی دەردەخات و ژان و ژیان بە یەکەوە کۆدەکاتەوە. هەموومان دەزانین ژیان بە بێ ئازار نابێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە بزانین چۆن ئەو ئازار و برینانە ساڕێژ دەکەین و دەیگۆڕین بۆ سەرکەوتن و ئەزموون. بزانین چۆن برینەکان بچووک بکەینەوە و گەورەتریان نەکەین؟ واتا چۆن ژان بکەین بە ژیان. رۆمانەکە وەڵامی هەموو ئەمانە دەداتەوە.
هەبوونی پارە و ماڵی دونیا و کۆشک و تەلار بابەتێکی تری رۆمانەکەیە، کە دەبینین سەروەت و سامان خۆشبەختی بۆ مرۆڤ ناهێنی، چونکە مرۆڤ کە گەیشتە ئەوەی هەموو شتێکی هەیە، هیچ شتێک نییە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی بدات، ئیتر دەگاتە ئەو قۆناغەی هیچ شتێک لەلای واتای نامێنێت، وەک مرۆڤێکی دیکە، تامەزرۆ و چاوەڕوانی هیچ شتێک نییە، تێدەگات ئەمانە مرۆڤ رزگار ناکەن بەرامبەر بە هێزێک کە مردن و خۆشەویستییە. 
ئایا مرۆڤ دوای دابڕان لە خۆشەویستەکەی دەتوانێت تا کۆتایی ژیانی بە ئازارەوە بژی و ئازارەکانی بشارێتەوە؟ هەروەک چۆن فرانسیسکۆ دۆڵتۆ دەڵێت:(ئەو شتەی لە نەوەی یەکەمدا بێدەنگە، لە جەستەی نەوەی دووەمدا دەردەکەوێت). بۆیە کاتێک مرۆڤ لە پەیوەندییەک شکست دەهێنێت بە واتای کۆتایی ژیان نایەت، بەڵکو کەسێکی لەدەستداوە و لە بەرامبەردا کەسێکی تری بەدەستهێناوە و ژیان دەکات، بەڵام دەبێت لەوەش تێبگەین مانای کۆتاییهاتن بە ناخۆشییەکان نییە، چونکە دوای مردن خەمەکان هەر دەژین.
رۆمانەکە بەرەو خەیاڵێکمان دەبات، کە بیر بکەینەوە، کە هەموو شتێک رەش و سپی و تاریکی و رووناکی نییە. ئەمانەش لە پێناو گەیشتن بە ئارامی و مرۆڤدۆستی و بەرگەگرتنە بەرامبەر بە سەختییەکان، راستە خۆشەویستی ژیان جوانتر دەکات. مرۆڤ بە بێ خۆشەویستی سڕ و خاڵییە لە هەست و سۆز و چێژی ژیان، بەڵام لە خۆشەویستی جوانتر بەرگەگرتن و دەستپێکردنەوە و نوێبوونەوەیە، کە هەر یەکێکمان پێویستمان بەو گۆڕانکاریانەی ژیان هەیە، ئەگەر نا ژیان دوو جەمسەر وەردەگرێت، ئەویش رەش و سپییە، لەکاتێکدا چەندین رەنگی تر هەیە. لە نێوان ئەم دوو رەنگەدا دەبێت خۆمان بە ئاڵا و واڵای ژیان جوانتر بکەین، بۆیە پێویستە رێگە بەخۆمان بدەین خۆمان دروستکەری خۆمان بین.
(وێ) کارەکتەری سەرەکی رۆمانەکە کاتێک دەکەوێتە خۆشەویستی لەگەڵ بازرگانێکی ناودار، ژیان لای ئەو چێژێکی زۆری هەیە، بەڵام لەگەڵ جیابوونەوەشدا بەرگەی هەموو سەختییەکان دەگرێت. وەک نموونەی ژنێکی بەهێز و خۆڕاگر دەست دەکاتەوە بە ژیان. 
مرۆڤ هەمیشە لە یاری مارۆسۆندایە لەگەڵ خۆشەویستیدا، یان دەیباتەوە یان دەدۆرێت، بەڵام هەر دۆڕانێک لەم جۆرە پەیوەندییەدا سەرکەوتنە، چونکە مرۆڤ ئەزموون دەکات. لەگەڵ تاکەکان بۆ داهاتوو باشتر خۆی ئامادە دەکات، کە چۆن جارێکی تر کەسێکی تر دەخاتەوە ژیانی.

وتارەکانی نوسەر