راگەیەندراوەکەی قەندیل و سێ ئەگەرەکەی داهاتوو

10:16 - 2025-05-11
جەمال ئارێز
150 خوێندراوەتەوە

نابێت ئەوە نادیدە بگرین کە  پەکەکە لە ئاستی هەموو دامەزراوەکانی تورکیا و تەنانەت هاوپەیمانەکانیشی لە ناتۆدا وەک حزبێکی تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵدا کراوە لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا، بۆیە بەبێ گۆڕینی ئەو یاسا و بڕیارانەی لەدژی دەرچوون، مەحاڵە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە بەس بێت  بۆ هاتنەدیی ئاشتی

ئەگەرچی راگەیەندراوەکەی رۆژی هەینیی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە لەماوەیەکی کەمدا زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی تەنییەوە، بەڵام بەگشتی بەهۆی رانەگەیاندنی دوا هەڵوێستی ئەو حزبە سەبارەت بە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە یان بژاردەی دیکەی بەردەستی حزبەکەوە، شرۆڤەکارانی سیاسیی لەسەر ئاستی باکووری کوردستان و کوردستانی گەورە و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی بەهەڵواسراوی هێشتووەتەوە.
هێشتا ئاشکرا نەکراوە
بۆیە دەشێت وەک شرۆڤەکاران بەگوێرەی پێدراوەکان و ئەگەرەکان قسە لەسەر ئەو بژاردانە بکەن، وەک ئەوەی ئەگەر بڕیارەکەیان (کە هێشتا ئاشکرایان نەکردووە) خۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان بێت، لەسەر ئاستی تورکیا و باکووری کوردستان چ دەرهاویشتەیەکی دەبێت؟ دەکرێت بپرسین ئاخۆ حکومەت و دەوڵەتی ئێستای تورکیا یان هاوپەیمانیی کۆمار (ئاک پارتی و مەهەپەی) دەسەڵاتدار، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لە وڵاتێکدا کە بە درێژایی مێژووی کۆمار (1923 - 2015) سوپا لەسەروو  هەموو دەسەڵاتەکانی (حکومەت، پەرلەمان، دادوەریی)ەوە بووە و قسەی کۆتایی لای عەسکەر بووە، بڕیار لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەدا بدات بەبێ دەستوەردانی سوپا و جەنەراڵەکان؟ و لەدەرەوەی ئەو دامەزراوەیە سیاسەت بە ئاراستەی ئاشتی بەڕێوەبەرێت؟ 
یاخود چ ئامادەکارییەک لەسەر ئاستی هەرچوار دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەریی و سوپا کراوە بۆ بەرەوپیروەچوونی ئەو هەنگاوە گریمانەیەی پەکەکە؟ 
گۆڕینی دەستوور و یاسا و بڕیارەکان
نابێت ئەوە نادیدە بگرین کە لە 1978 -ەوە پەکەکە وەک حزبێکی سیاسی قەدەغەکراو مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و لە 1984 -یشەوە وەک (گروپێکی تیرۆریستی) لەسەر ئاستی هەموو دامەزراوەکانی تورکیا و تەنانەت هاوپەیمانەکانیشی لە ناتۆدا مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، بۆیە بەبێ گۆڕینی ئەو یاسا و بڕیارانەی لە 47 ساڵی رابردوودا کە لەدژی ئەو حزبە و سەرکردەکانی دەرچوون لە تورکیا، مەحاڵە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەس بێت  بۆ هاتنەدیی ئاشتی، تەنانەت ئەگەر ئەو مشتومڕە سیاسییانەی لەپشت پەردە و راڕەوەکانی سیاسەتەوە کراون سەبارەت بە پێویستبوون بە دەنگی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی تورکیا بۆ گۆڕینی ئەو ماددە و بڕگانەی دەستووری ئەو وڵاتە تا رێگە لەبەردەم رەجەب تەیب ئەردۆغاندا خۆش بکات بۆ خۆ کاندیدکردنەوە بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی، کە دەڵیین بەس نییە، ئەگەر و گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەم چەند ساڵەی دوایی سەبارەت بە دەستوەردانی تورکیا لە بزاوتەکانی (بەهاری عەرەبی) و ئەو شکستانەی لەو وڵاتانە رووبەڕووی دەسەڵاتدارە دۆستەکانی ئەنقەرە بووەوە و ئەو زیانە ئابوورییانەی بەر تورکیا کەوتن لە ئەنجامی ئەو دەستواردانانە، لەلایەک ئۆپۆزسیۆنی تورکیای لە پەرلەمان و شارەوانییەکاندا بەهێزکردەوە و لەلایەکی دیکەشەوە چەند کارەکتەرێکی سیاسیی هاوخەبات و هاوسەنگەری ساڵانی رابردووی ناو ئاک پارتی و خودی ئەردۆغانی کردە ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی لە بابەتی (ئەحمەد داود ئۆغڵو و عەلی باباجان و تا ڕادەیەک عەبدوڵڵا گویل)یش، بۆیە رەنگە تەنها بەچەکدانانی هەپەگە و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ئاشتییەکی چاوەڕوانکراو لەو وڵاتە چێ نەبێت.
ئەگەر و مەرجە رانەگەیەندراوەکانی پەکەکە
ئەگەری هەیە مەرجی یەکەمی پەکەکە لەو راگەیەندراوەدا کە بەنیازە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاشکرای بکات، هەنگاونانی دەوڵەت بێت بە ئاراستەی:
*هێنانە دەرەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالییەوە بۆ ماڵێکی ئاسایی و (ئیقامەی جەبری).
*هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا و بڕیارانەی بەرامبەر بە کادران و جەنگاوەرانی پەکەکە دەرچوون و دەرکردنی لێبوردنێکی سیاسی و قەزایی.
*هەڵوەشاندنەوەی یاسای باری نائاسایی لە ناوچەکانی باکووری کوردستان.
*ئازادکردنی سەرۆک شارەوانییە دوورخراوەکان لە زیندان و گێڕانەوەیان بۆ شوێنەکانیان.
ئەمە لە گریمانی ئەوەشدا کە ئەگەر ئاک پارتی و مەهەپە و سەرۆکەکانیان قبووڵی بکەن لەچوارچێوەی دانوستاندنەکانیاندا، ئاخۆ دەتوانن بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا تێیپەڕێنن؟
سیناریۆی دووەمی راگەیەندراوی رانەگەندراو!
لە سیناریۆی دووەمدا گریمان راگەیەندراوی داهاتووی پەکەکە رەتکردنەوەی خواستی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان دەبێت، ئایا دەوڵەتی تورکیا کاردانەوەی چی دەبێت؟ ئاخۆ ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە نایکەنە کەرەستەیەکی پڕوپاگەندە لە دژی هاوپەیمانیی کۆمار کە لەبەر لاوازیی دانوستان لەگەڵ (تیرۆریزم)دا دەکات بەتایبەتی (ئیی پارتی) کە گروپێکی جیابووەوەیە لە مەهەپە و لە مەسەلەی رەگەزپەرستیدا بە چەند شەقاوێک حزبەکەی دەوڵەت باخچەلی-ی تێپەڕاندووە؟ کە بەداخەوە سیستمی پەروەردەی ئەو وڵاتە لە 102 ساڵی رابردوودا بەو ئاراستەیە کاری لەسەر زهنی تاکی تورکیا بەگشتی و تورک نەژادەکان بەتایبەتی کردووە.
بەگوێرەی پێدراوەکانیش ئەگەر تورکیا وەک دەوڵەت و حزبی فەرمانڕەوا لەبەردەم رای گشتیی جیهاندا  تۆپەکەیان هاویشتبێتە گۆڕەپانی پەکەکەوە بۆئەوەی ئەگەر رازیی نەبوو گوایە (بەشەرعییەتەوە) دەستکراوەتربن لە لێدانی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە و هاوشێوەکانیان، ئەوا پەکەکەش بەم راگەیەندراوەیان تۆپەکەیان خستووەتەوە گۆڕەپانی دەوڵەتەوە بەتایبەتی لە ئەگەری یەکەمدا کە خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانە، ئەوکات لەبەردەم رای گشتیی ناوخۆی تورکیا و ناوچەکە و جیهانیشدا تووشی جۆرێک لە ملدان بە ئاشتیی دەکەن ئەگەر (کۆمار) بە جددی بیەوێت ئاشتی بکات، لەو دۆخەشدا ئەگەری ئەوە هەیە پرۆسەکە بکەوێتە بەردەم دوو ئەگەرەوە، یان ئەوەتا سوپا و جەنەراڵەکان یارییەکە قڵپدەکەنەوە و لە هەردوولای تێکدەدەن، یاخود هاوپەیمانیی کۆمار بە دنەدانی هەندێک هێزی ئۆپۆزسیۆن دەکەونە بەر تانە و تەشەری شەقامی نەتەوەپەرستی تورکەوە و لەناوخۆدا لاوازی دەکەن. 
هێشتا ئەگەری سێیەمیشیان لەپێشدایە
ئەگەری سێیەمیش ئەوەیە لایەنی کوردی هێندەی پێداگریی لەسەر دیموکراسیی تورکیا دەکات، هێندە قسەوباسی لەسەر ئیدارەی خۆسەر و مەسەلەی کورد نییە، بەوپێیەی زۆربەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش نەبوونی دیموکراسییان کردووەتە بەشێک لە دروشم و پەیامەکانیان بۆ دژایەتیی هاوپەیمانیی کۆمار و خودی ئەردۆغان، بۆیە ئەگەری هەیە پڕۆسەی چارەسەری بەشێوە گشتییەکەی لەلایەن هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیشەوە قبووڵکراوبێت، مەگەر لە دووڕیانی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی ئەردۆغاندا کێشەکان دووبارە سەرهەڵبدەنەوە. دیارە رێگای پڕۆسەی چارەسەرییش رێگایەکی گوڵڕێکراو نییە، بەڵکو تێپەڕینە بەسەر شوێنەواری نزیکەی نیوسەدە لە جەنگ و کوشتاردا.

وتارەکانی نوسەر