لە دیدی مرۆڤدۆستییەوە بڕوانینە مرۆڤەكان لە غەززە

09:39 - 2025-05-22
هیوا محەمەد
194 خوێندراوەتەوە

منداڵ نازانێت شەڕخواز و شەڕنەویست كێیە، ژنانی ماڵەوە نازانن كێ ئاگری شەڕ تاودەدات، بەڵام كە شەڕ دەبێتە جەنگی كاولكاریی، هێندەی چەكبەدەستەكان تیادەچن، هێندەش زیاتر خەڵكی جەنگ نەویست.
ناچینە سەر دیوە سیاسییەكەی چۆنێتی هەڵگیرسانی جەنگ بۆ سەر غەززە و كێ هەقی پێیە و كێ تاوانبارە، یان كێ دەستپێشخەرییەكی نادروستی كرد و كێش هەرچی مرۆڤەكانی غەززەیە بە یەك چاو دەبینێت و لە یەك تای تەرازوودا دایاندەنێت.
تەنها لەو روانگەیەوە، كە ئێمە خۆمان مرۆڤین و بەپێی تەمەن و هەڵكەوتەی خێزانیشمان دەزانین دەردەكانی مرۆڤ و هەستەكانی و كێشەكانی چین؟، دەزانین مرۆڤ كاتێك خۆی ماندوودەكات، چەندە دڵی بە ژیان خۆشە و چەندە هیوای هەڵچنیوە لەسەر بەرنامەكانی ژیانی.
مرۆڤێك، كە دەكوژرێت، رەنگە سەدان هیوای لە هزری خۆیدا هەبووبێت و دەیان بەرنامەی دانابێت بۆ داهاتووی خۆی، ئەو مرۆڤانەی دەكوژرێن، تێیاندایە ئەگەر بمانایە رەنگە هەمیشە دژی جەنگ بوەستنایەتەوە و ببوونایەتە باشترین زانا و دانای سەردەمی خۆیان و هەنگاوی وایان بنایە هەموو مرۆڤایەتی سوودی لێببینایە.
مرۆڤ گرنگە و باشترین سەرمایەی كۆمەڵگەیە، هەر ئەو دەتوانێت رەوڕەوەی ژیان بەڕێوەبەرێت.
ماوەی 30 مانگ دەبێت لە کەرتی غەززە جەنگێك بەرپابووە و خەڵكەكەی رووبەڕووی گەورەترین كارەساتی مان و نەمان دەبنەوە، دەیان هەزار كەس بوونەتە قوربانی و سەدانیش پەككەوتە و بریندار، زۆربەی شارەكە وێران كراوە، بۆرییەكانی ئاو و زێراب لەگەڵ خوێن و پارچەی لەشی كوژراوەكان تێكەڵ بەیەك بوون، ژێر خانووە رووخاوەكان هەزاران لاشەی مردووی تێدا بەجێماوە، شارەكە بۆنی لاشەی مردووی لێدێت، ئێستاش زیاتر لە یەك ملیۆنی تێدا دەژی، سەرەڕای هەموو ئەوەش، برسێتی رووبەڕوویان دەبێتەوە و پێیانوایە نانێك هەموو ئەوە دەهێنێت كە پێی دەڵێن نیشتمان یان خاكی غەززە. 
ئەوەی لەو شارە دەگوزەرێت وەك ئایین، لە نێوان موسڵمان و جولەكەدایە، كەچی یەك وڵاتی عەرەبی، بە دراوسێ و نزیك و دوورەوە لەسەر خەڵكی ئەم شارە وەک پێویست لەڕووی مرۆییەوە نەهاتنە دەنگ، بەمەرجێك هەمووشیان زۆرینەی زۆری خەڵكەكەیان موسڵمانن، دەشزانن كە موسڵمان برای موسڵمانە و هەڵگری ئەو بیرەوباوەڕە ئاینییەشن.
ئێستا نامانەوێت لەڕووی سیاسییەوە پشتگیریی خەڵكی غەززە بكەین، بەڵام دەبوو هەر لە سەرەتاوە نەهێڵن ئابڵووقەی خواردن و دەرمان و ئاو بخرێتەسەر خەڵكەكەی، تا ئەم ساتەوەختە كە لەسەر نانێك شەڕ دەكەن و باری تەندروستییان خراپە و ژینگەی شارەكەش پیس بووە و شەقام و كۆڵان هەمووی دار و بەردی رووخاوە. لە كوێن ئەوانەی سێ رۆژ بەر لە ئێستا لە لووتكەی عەرەبیدا بەشدارییان كرد و باسی یەكخستنی هەڵوێستی عەرەبییانەیان دەكرد و چەپڵەیان بۆ یەك دەكوتا؟ ئەی ئەوانەی غەززە مرۆڤ نین كە دەكوژرێن و ئێستاش برسی دەكرێن؟ ئەی هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ناتوانن ئیسرائیل ناچاربكەن رێگەبدات ئەو سەدان هەزار بارهەڵگرەی خواردن بچێتە ناو غەززەوە؟ تا ئەو خەڵكە لەبرسا نەمرن و كارەساتێكی مرۆیی گەورەی لێبكەوێتەوە؟.

وتارەکانی نوسەر