كەشتییەكەی سیسیوس گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

دێریدا و بوون و شتی تر

10:43 - 2025-05-29
ئەدەب و هونەر
1115 جار خوێندراوەتەوە


ئاوات ئەحمەد سوڵتان

(24)



شیلان کچێکی هەولێرییە، رۆژێکیان لە کتێبخانەیەکی کۆندا جاک دێریدا دەبینێت و پرسیاری لێدەکات:
شیلان: ببوورە، من ژمارەیەک پرسیار لە مێشکمدا دەخولێنەوە، زۆری نەماوە سەرم لێ بشێوێت، ئەمە دەرفەتێکی باشە کە تۆم بینی؛ من زۆر ئالوودەی خوێندنەوەی کتێبەکانی تۆم، دەتوانیت چەند خولەکێک قسەم لەگەڵ بکەیت؟
دێریدا: باشە، بەس خۆ قاوەخانەکە لەم نزیکانەیە، ئەگەر دە خولەکم بدەیتێ، خۆم دێمە لات بۆ ئەوێ.
شیلان: پرسیارەکانم زۆرن، بەڵام دەمێکە پرسیاری (بوون) مێشکمی داگیرکردووە!
بوون چیە؟ ئەم پرسیارە دەمباتە لای ئەوەی بپرسم خوا چیە؟ مرۆڤ چیە و لەم نێوەندەدا چۆن پێناسە دەکرێت؟
دێریدا: بەڵام هەست ناکەیت تۆ لە کۆتاییەوە دەست پێ دەکەیت!
شیلان: چۆن؟
دێریدا: کاتێک پرسیار لە بوون دەکەیت، ئەوە یەکسەر پێشگریمانەیەک دەخەیتەڕوو! واتە پێشوەخت گریمانە دەکەیت بوون شتێکە و دەتوانین پێناسەی بکەین!
شیلان: جا وا نییە؟
دێریدا: پەلە مەکە. چونکە کە گریمانەت کرد (بوون) شتێکە، یەکسەر دەبێت بیر لەوە بکەیتەوە ئامادەیی هەیە، قابیلی ئەوەیە درکی پێ بکەین.
شیلان: باشە!
دێریدا: بەڵام هایدگەر پێمان دەڵێت: «بوون شتێکە لەبیری دەکەین، بیرمان دەچێتەوە، فەرامۆشی دەکەین.»
شیلان: بۆچی؟
دێریدا: چونکە بەدوای پرسیارەکەدا رۆیشتن، وامان لێدەکات بیر لە هەبووەکان بکەینەوە.
شیلان: دەی باشە، لە کۆی هەبووەکانەوە دەگەینە ئەوەی بزانین بوون چیە!
دێریدا: نا... پڕۆژەکە خۆی رەخنەگرتنە لەمجۆرە بیرکردنەوەیە، بوون ئامادەیی (راستەوخۆ)ی بێ نێوەند و وەک هەقیقەتێک لەبەردەمماندا، بۆ فەراهەم نەبووە.
شیلان: ئەی ناشێت بڵییت بوون باس ناکرێت، ناوترێت، بەڵکو بزر دەبێت، لە دەست دەچێت؟
دێریدا: نا! بەڵکو دوا دەخرێت. رێک وەک مانا یان هەقیقەت وایە. ئێمە ناتوانین درک بە بوون بکەین وەک جەوهەرێکی پەتی، ناتوانین بگەینە ئەوێ. بوون هەمیشە لە پرۆسێسی دواخستندایە.
شیلان: باش تێناگەم.
دێریدا: واتا ئەم پرسیارە یەکێکە لە پرسیارە گەردوونییەکان و هەمیشە و جار لەدوای جار دەگەینە ئەو جێگایەی بۆمان دەردەکەوێت کە نەگەیشتووینەتە جێ.
شیلان: واتە لە جێگایەکدا بۆ بوون دەگەڕێین کە ئەوێ نییە. ئەمە ئەگەر وا دابنێم  تۆ مەبەستت لەوە نییە کە ئامادەیی بە هیچ شیوەیەک لەگۆڕێ نییە.

جاک دێردا

 

دێریدا: نا... ئەسڵەن هەر خۆی جێگە، یان شوێن جۆرێکە لە لەبیربردنەوەی بوون، بوونیش تێکەڵی بزریی بووە. ئێمە لەناو شوێنەوارەکان، کاریگەرییەکانی زماندا بۆ بوون دەگەڕێین، لە جیاوازییەکاندا شوێنی دەکەوین، چونکە چاری ترمان نییە. شوێنەوار سێ خاسییەتی هەیە:
 أ. هەرگیز وەک شتێک لێرە ئامادە نابێت، بەڵکو لە بزریی و جیاوازییەوە، هەڵدەهێنجرێت.
 ب. پێوەستە بە دواخستنەوە؛ ئاماژە دەکات بۆ ئەوەی مانا لە پرۆسەیەکی بەردەوامی دواخستندایە، قابیلی ئەوە نییە لە کۆتاییدا سەقامگیربێت.
 ج. سەر بە زمانە؛ زمانیش ئاماژەکردن بۆ مانا کۆتاییەکان لەخۆ ناگرێت، هەمیشە رادەستی مانای دیکەمان دەکات؛ واتە چەمکەکان وشەگەلێک نین لە بەرامبەری ماناکاندا، بەڵکو مانان لەبەرامبەر گروپ و خێزانەکانی دیکەی مانادا و ئەوانیش لەبەردەم ماناکانی تردان، ئەمە پرۆسەیەکی بێ کۆتایی رادەستکردنە.
شیلان(هەروا بە حەپەساوی سەیری دەکات)
دێریدا: با بە نموونەیەک بۆت روون بکەمەوە، کە دەڵێیت ‹بەرد› چی تێدەگەین؟ وەڵام مەدەرەوە، خۆم باسی دەکەم. واتە بۆ نموونە ئێمە باسی درەخت ناکەین، یان مەبەستمان لە ئاو نییە. ئەمانەش کۆمەڵێک شوێنەواری بزرن کە وشەکان بۆمان جێدەهێڵن. دەی ئەگەر وشەکە لەناو دەقێکدا ببینین؛ ئەوە بێ شوێنەواری وشەکانی دیکە، بە خۆیان و زەمینە و پێشینە و رەوت و بەستێنە مێژوویی و کەلتورییەکانەوە؛ قابیلی تێگەیشتن یان لێکدانەوە نییە. تۆ بڕوانە ئەم رستەیە: «دڵی بەردە!»
شیلان: خەریکە روون دەبێتەوە، واتا: لەناو گوتاردا چنگەکڕێ بۆ چەمکی بوون دەکەین.
دێریدا: یانی! رەنگە وابێت؛ بەڵام زۆریش دڵنیا مەبە. هەرچۆنێک بێت من ئەمەم ناوناوە ‹جیاوازی›؛ جیاوازی و دواخستنیش پێکەوە، بە مانای جیاوازی ‹شت› نییە، بەڵکو جووڵەیە، جووڵەی جیاوازبوون و دواخستنە، وێرانکردنی بیرۆکەی ئامادەیی مێتافیزیکییە.
شیلان: بەڵام، خۆ ئەمە نەک هەر کارەکە ئاسان ناکات، بەڵکو وادەکات پرسیارکردن دەربارەی بوون، یان دەربارەی خوا زۆر لەوە ئاڵۆزتر بێت کە من بیرم لێدەکردەوە، لەکاتێکدا کۆکین لەسەر ئەوەی «خوا بوونی رەهایە»، هەبووی راستەقینەیە، ئامادەییەکە کە گۆڕانی بەسەردا نایەت. ناشێت بڵێیت، تەنانەت ئەمیش هەر لە چوارچێوەی میتۆدی (هەڵوەشاندنەوە)دا کاری لەسەر دەکرێت.
دێریدا: ئافەرین! وادیارە ئاگاداری شێوازی کارکردنی منیت. هەرچۆنێک بێت؛ هەمیشە پێداگریی دەکەم لەوەی خوا لە (هەڵوەشاندنەوە) دەرباز نابێت.
شیلان: بۆچی؟ یان راستتر، چۆن؟
دێریدا: چونکە خوا، بەوجۆرەی دەتوانین مامەڵەی لەگەڵ بکەین لەناو گوتاردایە؛ ئێمە خوامان وەک دەق پێدەگات، لە توێی دەقەوە پەیوەندیی لەگەڵ دەگرین.
شیلان: واتە خوا گوتارە، بونیادێکی زمانییە، تەواوی گرفت و ناکۆکییەکانی بیرکردنەوەمانی لەخۆیدا هەڵگرتووە.
دێریدا: هەر بۆیەشە، ناوەکەی (خوایان هەرکامێک لەناوەکانی تری بگرین، هیچ نییە جگە لە شوێنەوار، شوێنەوارێک کە لەناو خۆیدا مێژوویەکی دوور و درێژی لە لێکدانەوە و کێشمەکێش و ململانێکان، کۆکردۆتەوە.
شیلان: یانی! ئەوەندەی من ئاگاداربم هەندێک جیاوازی لەنێوان خوا و ناوەکانیدا ناکەن. ئایا تۆ نکۆڵی لە بوونی خوا دەکەیت؟
دێریدا: نا... ئەمە پەیوەندیی بە شێوازی بیرکردنەوەی ئێوەی خۆرهەڵاتییەوە هەیە؛ ئێوە دنیایەک جەنگتان لە لەسەر ‹ناوەکان›ی خوا هەڵگیرساندووە.
شیلان: ئەمە راستە، هەندێک جیاوازی ناکەن لەنێوان ‹ناو›ی خوا و ‹بوون›ی خوادا.
دێریدا: لە میتۆدی هەڵوەشاندنەوەدا بوونی خوا ناسەلمێندرێت و رەتیش ناکرێتەوە. کاری هەڵوەشاندنەوە لەقکردنی دڵنیاییەکانتە، گومان خستنە بەر یەقینی تۆیە و لەناکاو هەمان پرسیارت لەبەردەمدا قوت دەکاتەوە: تۆ کە دەپرسیت: ئایا خوا هەیە؟ گریمانە دەکەیت مانایەکی جێگیر و نەگۆڕ و وەرنەچەرخاو بۆ ئەو ‹بوون› ە هەیە؛ قابیلی درکپێکردنیشە. بەڵام ئەمانە خێزانێکن لە چەمکەکان کە پێدراوەکانیان بەردەوام لە گۆڕاندایە، بەوەش دەرەنجامی سازکردنی ئەرگومێنت لە رێگایانەوە، ئەویش هەر دەگۆڕێت.
شیلان: بۆچی تۆ منت شڵەژاند؟ دەتەوێت بڵێیت ‹چەمک›ی خوا بونیادێکە؛ هەمیشە لە گۆڕاندایە. بەڵام ئێمە خۆمان لەوێوە پێناسە دەکەین، بەوەش تەنانەت تێگەیشتن لە خودی خۆمان زۆر سەخت دەبێت.
دێریدا: ئاگادار بە! ئەرگومێنتەکەی تۆ ‹خوا› دەکات بە چەق؛ واتە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ناو بیرکردنەوەی کلاسیک، بەڵام لە هزری خۆرئاواییدا، دوای کودێتاکەی (نیتچە)و ژمارەیەک فەیلەسوفی دیکە، جێگای خۆی چۆڵ کردووە بۆ ئەوەی ‹مرۆڤ› ببێت بە چەقی بیرکردنەوەمان.
شیلان: ئایا مەبەستت راگەیاندنە مەترسیدارەکەی نیتچەیە: «خوا مرد»؟
دێریدا: بەڵێ، بەڵام لەگەڵ وریایی لە بەکارهێنانیدا، بە تایبەتی لەگەڵ رووداو، یان کردەی (مردن)دا. چونکە هەر بەوەی سەنتەرەکەی چۆڵکردووە، مانای ئەوە نییە کە مردووە. دیارە تۆ لەوە تێدەگەیت کە من پێداگریی لەسەر ئەمە ناکەم.
شیلان: باش تێناگەم.
دێریدا: لە ئێستادا مرۆڤ چەقە، بەڵام هەر ئەوەندەی چەقەکەت دەستنیشان کرد، ئیتر مەترسی لەدەستدانی، رەوینەوەی، رەتکردنەوەی دەست پێ دەکات. هەر خۆی سروشتی چەقەکان ئاواهییە.
شیلان: همم! لێرەو لەوێ گوێمان لە بانگەشەی «مەرگی مرۆڤ»یش دەبێت؛ بەڵام ئەگەر بوون هەمووی هەڵوەشایەوە، خوا بزر بوو، مرۆڤ رەوییەوە ... ئاخر مەرگی خوا دەبێتە کۆتایی مێتافیزیکی ئامادەیی، ئیتر چی دەمێنێتەوە؟
دێریدا: ئەوەی دەمێنێتەوە شوێنەوارە!
شیلان: دوو جار ئەم وشەیەت بەکارهێنا؛ هەست دەکەم باش لێی تێناگەم.
دێریدا: کتێبی (نووسین و جیاوازی)یت خوێندۆتەوە؟
شیلان: بەڵێ.

بوون وەک شوێنەوار

دێریدا: دەی لەوێدا بە وردی باسم کردووە، شوێنەوار (trace) شتێکی ماتریاڵیی نییە، بەڵکو بونیادێکە لە پەیوەندیدا بە بزرەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چیتر لەوێ نییە، هەروەها بۆ ئەوەش کە هێشتا نەهاتووە. نە دەتوانین بە تەواوەتی ئامادەی بکەین و نە بیسڕینەوە. شوێنەوار ئامادەییەکی مەرجدارە بە بزریی، هەر ئەمەشە وادەکات (بوون) بەردەوام کراوە بێت بۆ لێکدانەوە (هێرمۆنیتیک)، چونکە ناتوانین وەک جەوهەرێکی جێگیر درکی پێ بکەین!
شیلان: واتە شوێنەوار (لە پێناسەکەی تۆدا)، پەیوەندیی بە فەزا (شوێن) و کاتەوە ناگرێت؛ بەڵکو بەردەوام ئاڕاستەمان دەکات بۆ ئەوەی کە ناتوانین لە ئامادەیی یان بزریی دڵنیا ببین!
دێریدا: چاکە، لە دوای (نیتچە)وە، ئەوەی هەمانە؛ شوێنەوارە، دەقە، بگرە دەتوانم بڵێم گەمەیە.
شیلان: جا ئەمە هەر خۆی ئەو نایاڵیزمە(پووچگەرایی)ە یە کە (نیتچە) خۆی رایگەیاندووە و داوامان لێدەکات چاوەڕێی هاتنی مرۆڤی باڵا بین.
دێریدا: نا... من دەڵێم گەمەیە، مەبەستم لەمە نییە؛ بەڵکو مەبەستم لە گەمەکردنە بە مانا لە فەزایەکدا کە چەقی نییە؛ نە خوا و نە مرۆڤ و نە هیچی دیکە. مەرگی خودا کۆتایی دەهێنێت بە مێتافیزیکی ئامادەیی، هاوکات سەرەتای گەمەی لێکدانەوەکانیشە و خوا دەبێت بە بەشێک لە دەق، بەشێک لە گوتار.
شیلان: چۆن؟
دێریدا: چونکە هەموو هەوڵێک بۆ گەیشتن بە هەقیقەت، کردەیەکە لە کردەکانی (لێکدانەوە)، هەموو لێکدانەوەیەکیش قابیلی (هەڵوەشاندنەوە)یە. خواش لە هزری ئێمەی خۆرئاواییدا مەزنترین شوێنەوارە و بەردەوام لە حاڵەتی (ئامادەبوون/ بزریی) دایە؛ لەناو دەقەکانەوە ورشە دەدات، بەڵام هەرگیز ناتوانین لە چوارچێوەی لێکدانەوەیەکدا، دەستی بەسەردا بگرین.
شیلان: ئەی مرۆڤ؟
دێریدا: مرۆڤیش دیسان جەوهەرێک نییە کە ئامادەیی هەبێت! بەڵکو پێکهاتووە لە کۆمەڵێک شوێنەواری کەلتوریی، مێژوویی، زمانیی و شتی دیکەش. مرۆڤ خودێکی پەتی نییە، بەڵکو خودێکە مەرجدارە بە شوێنەوار.
شیلان: یانی تۆ لەناو ئەو مێتافیزیکەدا کارناکەیت کە سەدەهایەکە لەگەڕدایە؟
دیریدا: نا، لای من (بوون)، چەمکێکی هەڵوەشاو لەقە. بیرت نەچێت من لە سەرجەمی کارەکانمدا تیۆرێکم بۆ(بوون) نەخستۆتە روو،  ئەوەیان (هەر بۆ نموونە) هایدگەر کردوویەتی، کاری من هەڵوەشاندنەوەی گریمانە مێتافیزیکییەکانە، ئەوانەی دەوری ئایدیای (بوون)یان داوە.
شیلان: واو!
دێریدا: لە ئەفلاتونەوە تا (هۆسرێل) فەلسەفە لەژێر هەژموونی مێتافیزیکی ئامادەییدا بوو، پێی وابوو دەتوانین وەک ئامادەییەکی راستەوخۆی روون پەی بە مانا، خود، بوون، ببەین و دەتوانین بیکەین بە خاڵی دەسپێکردن و لەوێوە گەشتی گەیشتن بە هەقیقەت دەست پێ بکەین.
شیلان: ................
دێریدا: من وەها سەیری بوون ناکەم کە خۆبەخۆ هەبێت لەناو زماندا، لە گوتاردا بۆی دەگەڕێم و دەیخەمە ناو پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە. لەوێدا بۆ مانایەک دەگەڕێم  هەرگیز بە یەکجار دەست ناکەوێت، بەڵکو بەردەوام دوادەخرێت.
شیلان: یانی ئامادەییەکی مەرجدار بە بزریی (وەک خۆت دەڵێیت).
دێریدا: رێک وایە، زنجیرەیەکە لە نیشانە دەقییەکان کە ئەسڵیکی کۆتاییان نییە.
دێریدا: هەموو هەوڵێک بۆ سەلماندنی بوون، لە رەتکردنەوەی شتێکی دیکەوە دەستپێدەکات، هەرگیز ناتوانین بێ (بزریی) لە چەمکی (بوون) وردببینەوە. بوون هەمیشە ئەوەیە کە (وا نییە) وەک ئەوەی لای ئێوە لە پێناسەی خوادا دەوترێت: «هیچ وەک ئەو نیە»، بوون لە توێی بزرییەوە دەردەکەوێت، واتە بوون ئامادەییەکی تەواوەتی نییە، بەڵکو بە بەردەوامی شوێنەوارێکە، نیشانەیەکە، جیاوازییەکە.
شیلان: تۆزقاڵێک ئومێدم هەبوو، ئەویش رەوییەوە؛ تۆ جێگایەکت نەهێشتەوە پێی لەسەر دابنێین.
دێریدا: واتا، بۆچی ئاواهی سەیری ناکەیت: ئەمە ئازادیت پێ دەبەخشێت. چونکە کردەی (هەڵوەشاندنەوە) لە پێناوی رووخاندن و لەناوبردندا نییە؛ بەڵکو دەرگا لەسەر ئەگەرەکانی دیکەی تێگەیشتن لەبەردەمماندا ئاوەڵا دەکات. لەوێوە دەتوانین تێبگەین، هەبین، ژیان بکەین (بژین). خۆت لە سەرەتاوە پرسیاری ئەمانەت نەکرد؟ دەی کە بتەکان رووخان، دەتوانیت گوێ رابدێریت بۆ ئەوەی هێشتا نەوتراوە.
شیلان: زۆر باسی جیاوازیی دەکەیت، من دەزانم ماناکەی زۆر تەکنیکی و تایبەتە، برێک لەمبارەیەوە قسەم بۆ بکە. دەزانم ئەم وشەیە داهێنراوی خۆتە، پێشتر وەها سەیر نەکراوە.
دێریدا: لای من جیاوازیی ئەوەیە کە مانا هەرگیز وەک خودی خۆی نایەت، بەڵکو هەمیشە ئەوەیە لە غەیری خۆی جیای دەکەینەوە. لەپاڵ جیاوازییدا، هەمیشە وشەی (دواخستن) دێت، کە واتای ئەوە دەگەیەنێت مانا هەرگیز بە یەک جار و بە یەک تەوژم ناگاتە لامان، بەڵکو بەردەوام لە وشەیەکەوە بۆ یەکێکی تر، لە بەستێنێکەوە بۆ بەستێنێکی دیکە دوای دەخەین و لە هەمووشیاندا جیاوازیی دووبارە دەبێتەوە.
شیلان: واتە دەتەوێت بڵێیت بوون هەرگیز راستەوخۆ یان ئامادە نییە، بەڵکو بە بەردەوامی لەتوێی شوێنەوارێکی دەقییەوە درکی پێ دەکەین، کە دوای (بوون) خۆی هاتووە و ‹جیاواز›یشە لێی!
دێریدا: رێک وایە، (بوون) جەوهەر یان ئامادەیی نییە، بەڵکو بەرهەمی پرۆسەیەکی هاتنەبوونی درێژە، ئەویش لەناو زمانەوە درک بە شوێنەوارەکانی دەکرێت.
شیلان: سوپاس بۆ تۆ؛ ئەوەندەی تر گومانەکانی منت قووڵ کردەوە.
دێریدا: ....
شیلان: بەڵام لە هەمان کاتیشدا فێری ئەوە بووم لێیان نەترسم و لە ئامێزی خۆمیان بگرم.
دێریدا: هەرگیز ئەوە لەبیرنەکەیت کە لەدەرەوەی دەق هیچ شتێک نیە؛ بەڵام دەق بەهیچ جۆرێک زیندانیی نییە؛ بەڵکو ئەگەرە.

چاپی یەکەمی نووسین و جیاوازی 1967

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان