بەرزبوونەوەی نرخی كەرەستەكانی بیناسازی لە کەرکوک هاووڵاتییانی نیگەران کردووە

09:45 - 2025-07-21
ڕاپۆرت
48 جار خوێندراوەتەوە
هەر رێگری و بڕیارێکی نوێ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ و کەمبوونەوەی کەرەستەکانی بیناسازی

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

 بیناسازی بریتییە لە دیزاینكردن و دانانی نه‌خشه‌ی پرۆژەکان، تەلارساز تایبەتمەندی وەردەگرێت لە ئەندازیاری بیناسازیی و دیزاین و دروستکردن، کە پەیوەندی بە بنیاتنانی شار و پلاندانانی شارستانییەوە هەیە.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، پێدانی پێشینەی خانووبەرە بە بڕی 35 تا 50 ملیۆن دینار بە هاووڵاتییان، بووەتە هۆی دروستبوونی جموجۆڵێكی تەلارسازی فراوان لە شاری کەرکوکدا.

هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی كەرەستەی بیناسازیی نەبوونی رێگەوبانی پێویست و بازگەی گومرگیی شیاوە، لەبەرئەوەی لە بازگەكاندا گێچەڵ بە بازرگانان و خاوەن كۆمپانیاكان دەکرێت و بەرتیلیان لێ وەردەگیرێت

مەرجی نوێی بەغدا بە دروستکردنی پێناسی گومرگی هاوبەش لەنێوان هەرێم و ناوەند، ئاستەنگیی گەورەی بۆ خاوەن كۆمپانیاكانی کەرەستەی بیناسازیی دروستكردووە

بە زەحمەت دەستکەوتنی کەرەستەکانی بیناسازی
محەمەد خورشید نیشتەجێی گەڕەكی زێوێ-یە لە كەركوك، بۆ كوردستانی نوێ وتی: پێدانی پێشینەی خانووبەرە لەگەڵ ئەوەی كارئاسانی لە دروستكردنی خانوو و تەلارسازیدا كردووە و هەنگاوەکانی دروستکردنی خێراتر کردووە لە شارەکەدا، لەلایەکی دیکەوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە و زەوی نیشتەجێبوون بە شێوەیەكی بەرچاو.
ماوەی چەند مانگێكە لە كەركوك نرخی كەرەستەكانی بیناسازی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوونەتەوە و بەشێكی زۆری كۆگاكان خەریكە كەرەستەیان تێدا نامێنێت، لەبەرئەوە هاووڵاتییان بۆ كڕینی كەرەستەی بیناسازیی پەنا دەبەنە بەر شارەكانی دیکەی هەرێمی كوردستان، ئەوەش بارگرانیی لەسەر هاووڵاتییان دروستکردووە.
محەمەد خورشید دەڵێت: بە زەحمەت دەستکەوتنی کەرەستەکانی بیناسازی لە کەرکوک و بەرزبوونەوەی نرخ كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بنیادنانی تەلارسازیی دەبێت، ئەمەش لەگەڵ خواست و ئاسوودەیی هاووڵاتییاندا ناگونجێت.
مەرجی نوێی بەغدا
مەرجی نوێی بەغدا بە دروستکردنی پێناسی گومرگی هاوبەش لەنێوان هەرێم و ناوەند و خۆ تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی هەرێم لە بەغدا ئاستەنگی گەورەی بۆ خاوەن كۆمپانیاكانی کەرەستەی بیناسازی دروستكردووە و ناتوانن بە ئاسانی کەرەستەکانیان بگوازنەوە کەرکوک و شارەکانی دیکەی عیراق ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی کەلوپەلی بیناسازیی لە کەرکوک.
كاوە محەمەد دوكانی فرۆشتنی كەرەستەی بیناسازی لە ناوچەی پیشەسازی كەركوك هەیە و بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە رابردوودا هاتوچۆیەكی بازرگانی بەهێز لە نێوان هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی عیراقدا هەبوو، بەڵام لەمساڵدا حكومەتی عیراق پاڵەپەستۆیەكی گەورەی خستووەتە سەر كۆمپانیاكانی هێنانی كەرەستەكانی بیناسازیی و هەر رۆژەی بیانوویەك بە خاوەن كۆمپانیاكان دەگرێت، لەوانە دروستکردنی پێناسی گومرگی هاوبەش و خۆ تۆمارکردن لە بەغدا.
وتیشی: هەرچەندە بەشێك لە كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان خۆیان لە بەغدا تۆمار كردووە، بەڵام هەر رۆژەی سیاسەتێكی نوێ پەیڕەو دەكەن، ئەمەش نیگەرانیی كۆمپانیاكانی لێكەوتووەتەوە و كاریگەرییەكانی لەناو كۆگاكانی كەرەستەكانی بیناسازیدا رەنگیداوەتەوە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کەرەستەکان، لە هەندێك كۆگادا بەشێك لە كەرەستەكان بەردەست نین و نرخیشیان زۆر بەرزبووەتەوە، ئەمەش ئەرك و بارگرانییەكی گەورە لەسەر هاووڵاتی دروست دەكات.
دروستکردنی ئاستەنگی بۆ  کۆمپانیا و بازرگانان
پێناسی گومرگی، ئەو باجەیە کە هەر کۆمپانیایەک کاڵا بهێنێتە هەرێم یاخود عیراق پێویستە بیداتە حکومەت، بەپێی ئەو بڕ و جۆرەی بە یاسا دیاریکراوە.
لەبەرئەوەی کەرکوک زیاتر پەیوەستە بە هەرێمی کوردستانەوە و کەلوپەلی بیناسازیی زیاتر لە هەرێمەوە بۆ دەچێت، دروستکردنی هەر ئاستەنگی و بارگرانییەک بۆ کۆمپانیا و بازرگانان کاریگەریی نەرێنی راستەوخۆی لەسەر ئەو شارە دەبێت.
نەوزارد ئەنوەر لێپرسراوی لقی كەركوكی یەكێتی بەڵێندەرانی عیراق بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پارێزگاری پێشووی كەركوك بە بڕیارێكی شۆڤێنییانە کە لە بەغداوە بەرجەستەی كردبوو بە روون و ئاشكرا دژایەتی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستانی دەكرد و تائێستا نەتوانراوە وەك پێویست بڕیارە نەرێنییەکانی هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەمەش ئاستەنگیی بۆ پارێزگاری ئێستا دروستكردووە، لەبەرئەوە رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك لە هەوڵی ئەوەدایە لەگەڵ وەزیری داد ئەو بڕیارە گومرگییانە هەڵبوەشێنێتەوە کە ئاستەنگیی بۆ کۆمپانیاکان و بازرگانان دروست دەکات.
وتیشی: یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی كەرەستەی بیناسازی نەبوونی رێگەوبانی پێویست و بازگەی گومرگیی شیاوە، لە بازگەكانی كەركوك ـ هەولێر و كەركوك ـ سلێمانی گێچەڵ بە كۆمپانیاكان دەكەن ئەمەش وا دەكات كە نرخی كەرەستەكانی بیناسازی بەرزبێتەوە، لەبەرئەوەی لەو بازگانەدا بەرتیل و پارەیەكی زۆر لە خاوەن كۆمپانیاكان وەردەگرن كە ئەمەش لە چوارچێوەی یاسای گومرگیدا نییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان