ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: لە كۆبوونەوەی نێوان لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی فیدراڵدا، تەئكید لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی هەناردەكردنی نەوت و ناردنی مووچەی فەرمانبەران، كرایەوە.
پ.د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوێنێ لە كۆبوونەوەی نێوان لیژنەی دارایی نوێنەران لەگەڵ وەزیری دارایی عیراقدا، گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێكی گرنگەوە كرا، وتیشی: ئەوەی پەیوەندیی بە رێككەوتنی ئەمدواییەی نێوان هەرێم و بەغداوە هەیە، لەبارەی چارەسەركردنی گرفتە داراییەكانی نێوانیان، بەتایبەتی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، وەزیری دارایی پێیڕاگەیاندین، وەك وەزارەتی دارایی پابەنددەبن بە رێككەوتنەكانەوە، بە مەرجێك هەرێمی كوردستان دەستبكات بەهەناردەكردنەوەی نەوت لە رێگەی سۆمۆوە، تەئكیدیشی لە پابەندبوونی هەرێم بە ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ گەنجینەی فیدراڵی، كردەوە.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا