خانەنشینکردنی پێشمەرگەیەک کە ژیان و خوێندن و گەنجێتی و خێزانی خۆی بۆ میللەتێک داناوە، بەس نییە، یان وەرگرتنی پارچە زەوییەک، سلفەیەک، ئەمانە هیچیان قەرەبووی ئەو قوربانیدانەی ئەو ناکەنەوە
نکوڵیمان لەوە نییە هەرکەس رۆژێک پێشمەرگایەتی کردبێت، بە خواستی خۆی بووە و بیروباوەڕەکەی هانیداوە کە ئەو رۆژە سەختانە هەڵبژێرێت و ژیانی خۆی و خێزانی بخاتە ژێر مەترسیی بەعسییەکانەوە، بەڵام لەگەڵیشیدا لەچاو ژمارەی تاکەکانی نەتەوەکەمان، کەمبوون ئەو کەسانەی ئەو هەستە پیرۆزەیان لا دروستبووە و خۆیان فیداکردووە، لەبەر ئەوە دەبێت ئەو هەستە بەرز بنرخێندرێت.
وەک باوک و دایک لە منداڵەکانیان دادەبڕان
کێ هەیە لەو پێشمەرگانەی لە رۆژە هەرە سەختەکاندا، دەیان داستانی پڕ لە ئازاری تۆمار نەکردبێت؟ کەس هەیە هەست بەوە نەکات جیابوونەوەی باوکێک لە خێزانەکەی و جێهێشتنیان وەک نێچیرێک بۆ بەردەستی بەعسییەکان، کارێکی قورس بووە؟
سەدان پێشمەرگە، ژن و منداڵیان لە زیندانی بەعسییەکاندا ژیانیان بەسەر بردووە وەک بارمتە لەبەرامبەر ئەوەی کۆڵ بدات، هێشتا کۆڵیشی نەداوە.
تێگەیشتن لەو ئازارانەی پێشمەرگە دێرینەکان چەشتوویانە( بەتایبەتی ئەوانەی پێش راپەڕینی 1991 پێشمەرگایەتییان کردووە و سەرخەری راپەڕینەکەش بوون) دەمان گەیەنێتە ئەوەی بە ویژدانەوە لێیان بڕوانین و ئێستا و رابردوویان هەڵسەنگێنین و رێزیان بگرین.
دەستەواژەی پێشمەرگە دێرینەکان نامێنێت
پێشمەرگە دێرینەکان، دەستەواژەیەکی پیرۆزە و خەباتی رۆژە سەختەکانبمان بە بیر دێنێتەوە، لەوانەی ئێستا لە ژیاندان دەبێت تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاتر بێت، بەو پێیەش ئیتر وردە وردە تا 20 ساڵی تر کەسێک لەم کۆمەڵگەیەدا لە ژیاندا نامێنێت کە پێی بووترێت پێشمەرگەی دێرین، هەموویان کۆچ دەکەن، ئیتر ئەوەی دەیبیستین منداڵی پێشمەرگە دێرینەکانە، ئەوانەش کە ئێستا پێشمەرگەن، بۆ چەند ساڵی دیکەش ناتوانن هەڵگری ئەو نازناوە بن، چونکە ئەوە تەنها پڕاوپڕی باڵای ئەوانەیە کە لە خەباتی شاخدا قوربانییان داوە.
ئەگەر باوکێک یان دایکێک منداڵەکانی جێهێشتبێت و لەپێناوی ئامانجێکی پیرۆزدا رووی کردبێتە شاخ، هەرچەندە راست بێت و خەباتەکەی بەرز بنرخێدرێت، بەڵام لەبەرامبەر ژن و منداڵەکانی بۆ هەمیشە قەرزاریانە، چونکە بێبەشی کردوون لە هەست و سۆزی باوکایەتی و دایکایەتی، ئیتر دەبێت تا لە ژیاندا بێت قەرەبووی ئەوەیان بۆ بکاتەوە، ئەمەش بەخۆی ناکرێت، بەڵکو دەبێت ئەو حزبە بۆی بکات کە لەگەڵیدا خەباتی کردووە و ئێستا لە حکومڕانییدایە.
خانەنشینی بەسە وەک قەرەبووی خەبات؟
خانەنشینکردنی پێشمەرگەیەک کە ژیان و خوێندن و گەنجێتی و خێزانی خۆی بۆ میللەتێک داناوە، بەس نییە، یان وەرگرتنی پارچە زەوییەک، سلفەیەک، ئەمانە هیچیان قەرەبووی ئەو قوربانیدانەی ئەو ناکەنەوە، سەدان کەس هەن بەهۆی پێشمەرگایەتییەوە لەدوای تەمەنی 40 ساڵییەوە هاوسەرگیرییان کردووە، بێبەش بوون لە پێکهێنانی خێزان، نەیانتوانیوە وەک کەسانێکی تری ئاسایی خەریکی بنیاتنانی ماڵ و خانوو و پڕۆژە و پارە بن، ئەمانە دەبێت بە جیاوازیی لەگەڵ کەسانی تر ببیندرێن.
لە نواندنەکانی (کەشکۆڵ)دا لەسەروبەندی دوای راپەڕینی 1991، هەرزوو لە دیمەنێکدا پیشانیاندا کە پێشمەرگەیەک عەرەبانەیەکی پێیە و میوە دەفرۆشێت، چونکە شۆڕش سەرکەوتووە و ئیتر ئیشیان بەو نەماوە و ئەویش هاتۆتەوە خێزانەکەی بژێنێت و قەرەبوویان بکاتەوە.
شەهیدە زیندووەکان
پێشمەرگە دێرینەکان شەهیدی زیندوون، ناکرێت لە گرنگیی خەبات و خۆماندووکردن و قوربانیدانیان کەم بکرێتەوە، ئەوان فەردە ئافەرینەکان داڵدەیان نادات، بەڵکو دەبێت بە هەموو جۆرێک قورساییەکانی ژیانیان لەسەر کەم بکرێتەوە، منداڵەکانیان هاوکاری بکرێن لە خوێندن و دامەزراندن، پێداویستیی دەرمانی خۆی و خێزانی بگرێتەوە، چارەسەرییە پزیشکییەکان لەهەر کوێ بێت و چەندی تێبچێت بۆیان بکرێت.
پێویستە جیاوازیی نەکرێت لەنێوان ماندووبوونی پێشمەرگە دێرینەکان، چونکە زۆرێک ئەم پلە پیرۆزەیان بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە پۆستی باڵا و ئێستا دوور لە چاوی خەڵک و لە کۆشکە چواردەور تەندراوەکان بە پاسەوان دەژین و کاروانی ئۆتۆمبیلەکانیان لە کاروانی ئەو ریزە پێشمەرگەیە زیاترە کە دەچوونە سەر دوژمن و مۆڵگەیەکیان دەڕوخاند بەسەریاندا، لە بۆنەکانیشدا هەر بۆ وەبیرهێنانەوە دەڵێن: (ئێمە شانازی دەکەین پێمان بڵێن پێشمەرگە)!.