هۆشیاریی هاتوچۆ، ئاگاداربوونی زەینی و هەستەكی و ئاشنابوونی فراوانە بە هەموو ئەو شتانەی پەیوەندییان بە ئۆتۆمبێل، رێگەوبان، یاسا و رێساكان و گشت ئەو بابەتانەوە هەیە، كە كاریگەریی ئەرێنیان لەسەر هاووڵاتیان هەیە- شۆفێر و سوارڕەو و پیادە- بە شێوازێك كە هاتوچۆ بە باشی بەڕێوەبچێت و سەلامەتیی هاتوچۆ دەستەبەربێت و رووداوەكانی هاتوچۆ و قوربانییەكانی كەم ببنەوە.
ئاماری رووداوەكانی هاتوچۆ و سەرەنجامە كارەساتبارەكانیان بەڵگەیەكی روونە بۆ پێویستیی زۆر و هەنووكەیی بەو هۆشیارییە، بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە كەوتنە مەترسی و رووداوەوە و بەدوورگرتنی سوارڕەوەكان لە زیانپێكەوتن و كەرەستەكانی سەر رێگەوبانەكان.
ئامانجەكانی هۆشیاریی هاتوچۆ زۆر و هەمەڕەنگن، دەكرێت هێما بۆ هەندێكیان بكەین:
1. ئاشناكردنی هاووڵاتیان بە یاسا و رێساكانی هاتوچۆ.
2. چاككردنی هەڵسوكەوتی بەكارهێنەرانی هاتوچۆ بە جۆرێك كە سەلامەتیی هاتوچۆ پارێزراوبێت.
3. بەشداریپێكردنی گشت كۆمەڵگە لە چەسپاندنی یاسا و رێساكانی هاتوچۆ و كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆدا.
4. كەمكردنەوەی كەلێنی نێوان كارمەندانی هاتوچۆ و هاووڵاتیاندا و هێنانەدیی لێكتێگەیشتن و رێزلێكگرتن لەنێوانیاندا، لەپێناو چەسپاندنی بەرپرسیارێتی هاوبەش بەرامبەر بە سەلامەتیی هاتوچۆ.
هۆشیاری هاتوچۆ چەند پێداویستییەكی هەیە، كە دەبێت بایەخیان پێ بدرێت، وەك:
1. ئاشنابوون بە رادەی شارەزابوونمان لە ئۆتۆمبێل لێخوڕینی یاسایی و سەلامەتخوازانەدا.
2. ئاشنابوون بە باری ئەو سوارڕەوەی بەكاردەهێنرێت و چاودێریكردنی مەرجەكانی توندوتۆڵی.
3. ئاشنابوون بەو ڕێگەیەی بەكاردەهێنرێت بۆ بەدووربوون لە قەرەباڵغی و پارە بەفیڕۆنەدان.
4. ئاشنابوون بە یاسا و رێساكانی هاتوچۆ و سەرپێچی نەكردنیان لە هیچ بارودۆخێكدا.
پێكهاتەكانی پڕۆسەی هۆشیاركردنەوەی هاتوچۆ بریتین لەو دامودەزگا و لایەن و كەسانەی هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەكە جێبەجێدەكەن. لێرەدا ئەوانە بەهەڵەدادەچن كە پێیانوایە كارەكە تەنیا ئەركی سەرشانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆیە، راستە ئەركی سەرەكی كارەكە دەكەوێتە سەر ئەوان، بەڵام بەرپرسیارێتیەكە هاوبەشە و ئەمانە دەگرێتەوە:
1. هاووڵاتیان بە گشت توێژ و چینەكانەوە.
2. خێزانەكان بە گشت تاكەكانەوە (شۆفێر و سەرنشین و پیادە).
3. دامودەزگاكانی پەروەردە و خوێندن و خوێندنی باڵا.
4. فەرمانگە حكومییەكان.
5. دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت.
6. كۆمەڵگەی مەدەنی و رێكخراوە ناحكومییەكان.
7. دەزگاكانی راگەیاندن بە هەموو جۆرەكانییەوە.
8. دامەزراوە ئایینیەكان.