بۆ دەبێ کتێب بۆ منداڵەکانمان بخوێنینەوە؟

10:19 - 2024-04-14
کەلتور
763 جار خوێندراوەتەوە

هەڤاڵ رەوف یەحیا

کتێب وەک خۆراک
دایکانی ئەلمانی هەر لە منداڵییەوە کتێب بۆ منداڵەکانیان دەخوێننەوە،  کتێب وەک خۆراک سەیر دەکەن.  لە ئەڵمانیا کتێبی منداڵان لەهەموو باخچەکانی ساوایان، قوتابخانەکان، نۆرینگەی پزیشکان، نەخۆشخانەکان، فەرمانگەکان و...هتد دانراون. وەزارەتی پەروەردەی ئەڵمانیا گرنگی زۆر بە کتێبی منداڵان دەدات، کتێبی منداڵان پێش بڵاوبوونەوەی لە لایەن دەیان لیژنەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت، دەیانەوێت کارەکتەری منداڵەکانیان لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێزگرتن لە سروشت و مرۆڤ بە هەموو جیاوازییەکانی وەک رەنگ و زمان و کەلتورەوە دروست بکەن. راستە ئەڵمانییەکان وەک رەگەزپەرست سەیر دەکرێن، بەڵام هیچ وڵاتێکی جیهان بە ئەندازەی هاووڵاتی ئەڵمانی و دەوڵەتی ئەڵمانیا یارمەتی بێگانەو وڵاتانی هەژاری جیهان نادات، بە تایبەت لە کاتی کارەساتی سروشتیدا.

شەماڵ نەوڕۆڵی

 

زۆرێک لە نووسەرانی ئێمە چیتر ناتوانن کتێب بنووسن، چونکە خوێنەری کتێب کەمبۆتەوە، کتێب جگە لە ماندوێتی و بردنی کاتی نووسەرەکەی، پارەی تێدەچێت

بۆ ناتوانن کتێب بنووسن؟
بە داخەوە زۆرێک لە نووسەرانی ئێمە چیتر ناتوانن کتێب بنووسن، چونکە خوێنەری کتێب کەمبۆتەوە، کتێب جگە لە ماندوێتی و بردنی کاتی نووسەرەکەی، پارەی تێدەچێت.
مامۆستا شەماڵ نەوڕۆڵی نۆ کتێبی بۆ منداڵی سەروو هەشت ساڵ نووسیوە، کە بریتین لە شیعر و کورتە چێرۆک، کتێبەکانی هەر منداڵی کورد فێری زمانی دایک ناکات، بەڵکو فێری خۆشەویستی و رێزگرتنیان دەکات، رێزگرتن لە مرۆڤ و ئاژەڵ کە لە دایک و باوک و نەنک و پاپیرەوە دەستپێدەکات. هەروەها منداڵان بەرامبەر بە مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگەوە فێری خۆشەویستی دەکات. کتێبەکان نۆ دانەن، هەندێکیان لە نووسین و ئامادەکردنی نووسەر خۆیەتی و هەندێکیشیان لە زمانی ئەڵمانییەوە کردوویەتی بە کوردی و پێشکەشی هەموو منداڵانی کوردستان و تاراوگەی کردووە، هەروها پێشکەشی ئەو دایک و باوکانەی کردووە کە چیرۆک بۆ منداڵەکانیان دەخوێننەوە.

ناونیشان و ناوەڕۆکی  کتێبەکانی نووسەر
یەکەم: کتێبی (گەڕان بە دوای نهێنیدا) ساڵی (2013) چاپ کراوە و نرخەکەی بە 2000 دینارە.
ئەم کتێبە کۆمەڵە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە، هەر یەکێکیان بە نهێنییەک دەست پێ دەکات، بەڵام ئاشکراکردنی ئەو نهێنییانە بەهۆی زرنگی و هاوکاری چەند منداڵێکەوە دەبێت، چیرۆکەکان بۆ منداڵی تەمەن هەشت ساڵ و بەرەو ژوورتر نووسراون؛ ئەو منداڵانەی زۆر لەم جۆرە چیرۆکانە دەخوێننەوە، ئاسۆی بیرکردنەوەیان فراوانتر دەبێت.

لەژێر هەورەوە تا زەوی
دووەم: کتێبی (لەژێر هەورەوە تا زەوی) ساڵی (2021) چاپ کراوە و نرخەکەی بە 2000 دینارە.
ئەم کتێبە کۆمەڵێک بەسەرهاتە بە شیوازی هۆنراوە لە نێوان ساڵی 2003 تا 2014 دا نووسراون و لە ئەدەبی ئەڵمانییەوە وەرگێڕاون و لەسەر زمانی گیانداران نووسراون. وێنەکانی ئەم کتێبە بە دەست و پەنجەی هونەرمەند «حەمیدی عەلیزادە» نەخشێنراون، کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، وێنەی بەرگەکەشی لە لایەن «راهادیان لوبیس» ەوە نەخشێنراوە کە خەڵکی ئەندەنووسیایە.

کوکوختییەک گێڕایەوە
سێیەم:  کتێبی (کوکوختییەک گێڕایەوە) ساڵی 2021 چاپ کراوە و نرخەکەی بە 2000 دینارە.
ئەم کتێبە هەژدە چیرۆکن لە زمانی ئەڵمانییەوە کراون بە کوردی، جگە لە بەسەرهات و رووداوە  سەرنجڕاکێشەکان، بە کۆمەڵێک وێنەی رەنگاوڕەنگیش رازێنراونەتەوە، بە دڵنیاییەوە زۆربەی چیرۆکەکان ئەوانەن کە منداڵان حەز بە خوێندنەوەی دەکەن.

نەنکم ناوی منی لە بیر چۆتەوە
چوارەم: کتێبی (نەنکم ناوی منی لە بیر چۆتەوە) ساڵی 2022 چاپ کراوە و نرخەکەی بە 2000 دینارە.
ئەم چیرۆکە لە زمانی ئەڵمانییەوە وەرگێڕاوە و بە زمانێکی سادە و ساکار بۆ منداڵان نووسراوە. کاتێک داپیرە یان باپیرە تووشی نەخۆشییەکی دەروونی دەبێت، زوربەی دایکان و باوکان دەستەوەستان دەبن و نازانن چۆن وەڵامی پرسیاری منداڵەکانیان بدەنەوە یان چۆن بەرەنگاری ئەو رەوشە نوێیە بن، کە لە خێزانەکەیاندا ڕوو دەدات. بەسەرهاتی ئەم چیرۆکە، ئەگەری ئەوەی هەیە لە گەلێک خێزانی تریشدا روو بدات. لاپەڕەکانی ئەم چیرۆکە، گەلێک روونکردنەوە و زانیاری بەسوودی لە خۆ گرتووە، وێنەی بەرگ و لاپەرەکانی ناوەوەی پەرتووکەکە بۆ وەرگێڕانە کوردییەکە، لەلایەن نیگارکێشی هیندی (رایتا بکاشەر)ەوە نەخشێنراون.
سەمای سمۆران
پێنجەم: کتێبی (سەمای سمۆران) ساڵی  2022 چاپ کراوە و نرخەکەی بە 3000 دینارە.
کۆمەڵێک بەسەرهات و مەتەڵ و هۆنراوەی جۆراوجۆرە، کە نووسەر لە نێوان ساڵانی 2003 تا 2015 نووسیوێتی. باس لە بەسەرهاتی گیاندارانی ناو دارستان دەکات، چیرۆکی باڵندەکان و دارکونکەرە و سمۆرە و قاز و قوڵنگ و کەڵەشێرێکی سەرەڕۆ و...هتدە. کتێبەکە بە کۆمەڵێک وێنەی رەنگاوڕەنگ رازێنراوەتەوە، کە بەدەست و پەنجەی هونەرمەند (حەمیدی عەلیزادە) نەخشێنراون، وێنەی بەرگی کتێبەکەش لەلایان نووسەر و وێنەکێشی ئەندەنووسی (راهادیان لوبیس)ەوە نەخشێنراوە.

سۆنیا و سێ براکەی
شەشەم: کتێبی (سۆنیا و سێ براکەی) ساڵی 2023  چاپ کراوە و نرخەکەی بە 2000 دینارە.
ئەم کتێبە چوار چیرۆکی بە چێژی لە خۆ گرتووە، کە لە نووسین و ئامادەکردنی نووسەر خۆیەتی. بەسەرهاتەکانی پڕن لە دیمەنی سەیر و سەرنجڕاکێش. لەپاڵ چیرۆکەکانیشدا کۆمەڵێک وێنەی رەنگاوڕەنگ لاپەڕەکانیان رازاندۆتەوە. چیرۆکەکان بۆ منداڵی هەشت ساڵ و گەورەتر نووسراون، بە دڵنیاییەوە منداڵ زۆر چێژی لێ وەردەگرێت. وێنەکان لە لایەن نیگارکێشی بەتوانا (راهادیان لوبیس)ەوە نەخشێنراون. 

لە ئاهەنگی شازادەیەکدا
حەوتەم: کتێبی (لە ئاهەنگی شازادەیەکدا) ساڵی 2023  چاپ کراوە و نرخەکەی بە 2000 دینارە.
ئەم کتێبە چوار چیرۆکی لە خۆ گرتووە، کە لە نووسین و ئامادەکردنی نووسەر خۆیەتی. لە کۆتایی کتێبەکەشدا نووسەر کۆمەڵێک پرسیار دەورووژێنیت، بۆ ئەوەی ئاسۆی بیرکردنەوەی خوێنەری بابەتەکە فراوانتر بێت، پرسیارەکانیش پەیوەستن بە چیرۆکەکانەوە. وێنەی بەرگ و چیرۆکەکانی کتێبەکە لە لایەن نیگارکێش (راهادیان لوبیس)ەوە نەخشێنراون.

ماڵی ماری و میرۆ
هەشتەم: کتێبی (ماڵی ماری و میرۆ) ساڵی  2023  چاپ کراوە و نرخەکەی بە 2000 دینارە.
ئەم کتێبە چوار چیرۆکی لە خۆ گرتووە، لە نووسین و ئامادەکردنی نووسەر خۆیەتی. ماری و مێرۆ خوشک و بران، مێرۆ دوو ساڵ لە ماری بچووکترە. کتێبەکە باس لە بەسەرهات و رووداوەکانی ژیانی رۆژانەیان دەکات، پڕە لە خۆشی و پێکەنین و بەزم و رەزمی سەرنجڕاکێش. وێنەی بەرگ و چیرۆکەکانی پەرتووکەکە لە لایەن نیگارکێش (راهادیان لوبیس)ەوە نەخشێنراون.

‌هێلانوور و هاوڕێکانی
نۆیەم: کتێبی (‌هێلانوور و هاوڕێکانی) ساڵی  2023  چاپ کراوە و نرخەکەی بە 2000 دینارە.
ئەم کتێبە چوار چیرۆکی لە خۆ گرتووە، لە نووسین و ئامادەکردنی نووسەر خۆیەتی. باس لە زیرەکی و بەتوانایی کۆمەڵێک منداڵی هەشت ساڵ یان گەورەتر دەکات. بەسەرهاتەکان بە زمانێکی سادە و ساکار و رەوان نووسراونەتەوە؛ هەرکەسێکیش بیان خوێنێتەوە بەدڵنیاییەوە زۆر چێژیان لێ وەردەگرێت. نووسەر لە کۆتایی کتێبەکەدا کۆمەڵێک پرسیار لە خوێنەری چیرۆکەکان دەکات، بۆ ئەوەی ئاسۆی بیرکردنەوەیان فراوانتر بێت. وێنەی بەرگ و چیرۆکەکانی پەرتووکەکە لە لایەن نیگارکێش (راهادیان لوبیس)ەوە نەخشێنراون.
خوێندنەوەی کتێب بۆ منداڵ تاڕادەیەکی زۆر دەبێتە هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنی راست و دروست لە بوارەکانی ژیانیاندا هەروەها ئاسۆی بیرکردنەوەیان فراوانتر دەکات. لە ئەڵمانیا کەس دەریای زانست نیە (بحر العلوم) بەڵکو هەموو کەسێک لە ئەلمانیا شارەزایی تەواوی تەنها لە یەک بواردا هەیە هاوشێوەی پزیشک، ئەم خواستەش لە پۆلی سێ و چواری سەرەتاییەوە تیایاندا دروست دەبیت و دەردەکەوێت، هۆکارەکەشی بەپیی توێژینەوەکان کتێب خوێندنەوەیە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان