سەرۆک بافڵ و باڵیۆزی ئیتاڵیا هاوڕابوون هەڵبژاردنێكی بێگەرد و سەردەمیانە وێنایەكی گەشتری كوردستان نیشاندەدات

07:54 - 2024-04-16
کوردستان
52 جار خوێندراوەتەوە


بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عیراق و وەفدێکی یاوەری.

لە دیدارەكەدا كە میكێلی كامێرۆتا، كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەبوو، جەخت لە گەشەپێدان و فراوانتركردنی هاریكارییەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاوازەكان كرایەوە بەشێوەیەك لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان و بەها نیشتمانییەكان بێت.

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیدارەكەدا ستایشی رۆڵی راوێژكارانی سەربازیی ئیتاڵیای لە هەرێمی كوردستان و عیراق كرد لە چوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە بەشدارییەكی كارایان هەبووە لە هاوكاریكردن و رێكخستنەوەی هێزە چەكدارەكان. وتیشی، بەردەوامیی هاریكارییەكانیان فاكتەرێكی بەهێزە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە.

گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی وڵات و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەوەرێكیتری دیدارەكە بوون و هەردوولا هاوڕابوون، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و سەردەمییانە كە ببێتە مایەی بەرەوپێشچوونی رەوتی دیموكراسی، پێویستییەكی گرنگە و وێنایەكی گەشتری هەرێمی كوردستان نیشاندەدات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان