پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسیی یەکێتی بەبۆنەی سەری ساڵی ئێزدییەوە

08:10 - 2024-04-16
کوردستان
59 جار خوێندراوەتەوە

بەبۆنەی سەری ساڵی ئێزدییەوە پیرۆزبایی گەرم لە خوشك و برا ئێزدییەكان لە كوردستان و عیراق و جیهان دەكەین و هیوادارین جەژنەکەیان بە شادی و ئارامی ببەنەسەر.

ئێزدییەكان پێكهاتەیەكی رەسەنی كوردستانن و لە کاروانی بزووتنەوەی كوردایەتی و بەتایبەتی لە شۆڕشی نوێدا چەندین سەركردە و فەرماندەی لێهاتویان بەشداریی کارایان هەبووە و لە نێو خەباتی پێشمەرگایەتیدا گیانیان بەخشیوە، لە مێژووی دێرین و هاوچەرخیشدا چەندین جار لە لایەن دوژمنانەوە رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە، بەتایبەتی لە هێرش و پەلامارەکانی چەند ساڵی رابردووی تیرۆریستانی داعش، بەڵام ئێزدییەکان پێداگرییان لە مانەوەی شوناسی خۆیان کردووە.

 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئەرك و پابەندبوونی پتەوی خۆی دەزانێت وەک هەمیشە پارێزەری شوناسی تایبەتمەندییەکانی ئێزدییەكان بێت و داواش دەکات هەنگاوەكانی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكانیان بە هەماهەنگی زیاتری حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی  كاراتربکرێت لەپێناوی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و چەرمەسەرییەکانیان پەیوەست نەکرێن بەبابەتی  ترەوە.

لەپێناوی داهاتوویەکی گەشتر و پتەوکردنی گیانی پێکەوەژیان لە نێوان گشت پێکهاتەکانی کوردستان و عیراقدا، تەئکید لە دابینکردنی ژیانێکی شایستە و سەربەرزانە بۆ ئێزدییەکان و گشت پێکهاتەکانی تری کوردستان و عیراق دەکەینەوە.

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان