سەرۆک بافڵ لە ئەمریکا: هەڵبژاردنێكی بێگەرد كە ببێتە مایەی سەقامگیری و گەشەكردنی دیموكراسی

08:07 - 2024-05-07
کوردستان
122 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن لەگەڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەکەدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانکارییە  سیاسییەکانی هەرێمی كوردستان، عیراق و ناوچەكە گفتوگۆیان لەبارەوەكرا.

پرسی هەڵبژاردن، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆی وردیان لەبارەوەكرا و جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد كرایەوە بەشێوەیەك كە ببێتە مایەی سەقامگیری و گەشەكردنی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان و لەوبارەیەوە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت و وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵك بێت، دیموكراسی بباتە ئاستێكی باڵاتر و گۆڕانكاری لە پڕۆسەی حوکمڕانیدا بهێنێتە ئاراوە.

لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەردوولا هاوڕابوون كۆتایی بە ناكۆكییەكان بهێنرێت، كێشەكان لەسەر  بنەمای دەستوور چارەسەربكرێن و هاوبەشیی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا پەیڕەو بكرێت.

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سیاسەت و ستراتیجی یەكێتیی لەبارەی كۆی هاوكێشەكان روونكردەوە و رایگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پابەند بە سیاسەتی نیشتمانیی خۆی، درێژە بە هەوڵەكانی دەدات بۆ خزمەتكردنی خەڵك و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا. بۆ ئەمەش جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانە و هەنگاونان بەرەو هەرێمێكی ئاوەدانتر و دیموكراسیتر دەكەینەوە.

پتەوكردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا تەوەرێكیتری دیدارەكە بوو و فراوانكردنی هاریكاری و هەماهەنگییەكان دووپاتكرایەوە.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان